ئەمەریكا و كەنداو دەتوانن ناو ماڵی سوننە رێك بخەنەوە؟

:: PM:10:31:13/02/2018 ‌

لە 2003ەوە تا ئێستەیش ناو ماڵی سوونە راستەڕێ نەبووە و ئەوان لە سەرەتاوە هەڵوێستی جیاوازیان هەبوو لە نێوان بەرهەڵستی چەكداری هێزەكانی ئەمەریكا و حكوومەتی عێراق و چوونە ناو پرۆسەی سیاسی و بەشداریكردن لە حكوومەت و پەرلەمان كە لە یەكەمیان تووشی شكست و لە دووەمیشیان تووشی فەرامۆشی و پەرتەوازەیی هاتنەوە.

ئەمەریكا و چەند لایەنێكی كەنداو كار لەسەر رێكخستنەوەی ناو ماڵی سوونە و پێگەكانیان لە پێكهاتەی حكوومەتی داهاتووی عێراق دەكەن و ستراتیژیەتی نوێی ئەمەریكا-عەرەبیش لەسەر بنەمای كەمكردنەوەی دەسترۆیشتوویی و دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەكانی سوننە بنیات نراوە و مانای دەسەڵاتی ئێرانیش یەكەم پێوەندی و خۆبەستنەوەیە لە نێوان ئێران و هەندێك لە پارت و سەرانی سوننەی عێراق، ئەوەیش دوای ئەوەی تاران داواكاری لە كەسایەتی كاریگەری سوننە پێ گەیشت تەنانەت لە ناو هاوپەیمانی هێزە سوننەكان، دووەمیش سنوورداركردنی رۆڵی حەشدی شەعبی بە گشتی و حەشدی هۆزەكانی سوننە بەتایبەتی كە تاكە لایەنی چەكدارە لە ناوچەكانی رۆژئاوای عێراق، بەو پێیەی هەڵگری چەك خاوەن سندووقی دەنگدانە وەك ئەوەی سكاڵای كەسایەتییەكانی سوننە باسی لێوە دەكەن كە ترسیان لەوە هەیە كە چەكی حەشدی هۆزەكان كاریگەری بخەنە سەر پرۆسەی دەنگدان بۆ بەرژەوەندی كەسانی نزیك لە خۆیان.

لەسەر ئەو بنەمایەشەوە پڕۆژەكان بەو ئاراستەن بۆ سنوورداركردنی دەسەڵاتی سیاسییانەی ئێران لەگەڵ پارت و كەسایەتییەكانی سوننە، هەروەها دۆزینەوەی دەرچەی یاسایی بۆ كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی حەشدی شەعبی یان حەشدی هۆزەكان یان دوورخستنەوەیان لە كارتێكردنی پرۆسەی دەنگدان لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا.

بۆیە لیستە سوننەكان چەندان هاوپەیمانی و لێكهەڵوەشانەوە بەخۆیانەوەی پێشبینی نەكراویان بەخۆیەوە بینی بە هاوشێوەی ئەوەی لە گۆڕەپانی شیعە لە عێراق روو دەدەن لە هاوپەیمانیكردنی بەپەلە و هەڵوەشانەوەیان كە هۆكاری بنەرەتیان بەدەستهێنانی دەنگی زیاترە، بۆیە هەموویان بڕیاریان دا لە كەشتییەكە دابەزن و سواری كەشتی تایبەتی خۆیان بن.   

پرۆسەی دوایی هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانی (بڕیار) لە نێوان نوجێفی و خەمیس خەنجەر بەهۆی ناكۆكی لەسەر ناوی كاندیدان نەبوو، بەڵكو بەهۆی پرۆسەی دووبارە داڕشتنەوەی پڕۆژەكانی هاوپەیمانیەتیكردنی سوونە بوو كە ئەمەریكا و سعوودیە پێی هەڵدەستن، بۆیە لێكەهەڵوەشانەوەكە ئەو كات رووی دا كاتێك عەبد زیاد عوجێلی، وەزیری پێشوو و نوێنەری ئوسامە نوجێفی بەر لە چەند رۆژێك چاوی بە سامر سەبهان، وەزیری بەرپرس لە دۆسیەی عێراق لە ریاز كەوت كە عوجێلی سەرەتا چوو بۆ بەحرێن و دواتر گەیشتە ریاز بەر لە ماوەیەكی كەم لە راگەیاندنی لێكهەڵوەشانەوەی هاوپەیمانی بڕیار و لە دوای ئەوەی دەستەوارەیەكی گرنگی سیاسی ساز كرا و بووە هۆی دوورخستنەوەی خەمیس خەنجەر لە سەر گۆڕەپانی سیاسی سوننە.

لەو كاتەی چەند سەرچاوەیەكی عێراقی لە بەیرووت باسی ئەوەیان كرد كە هاوپەیمانی عێراقییە بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی و هەریەك لە سەلیم جبووری و ساڵح موتڵەگ پاڵپشتییەكی گەورەی داراییان پێ گەیشتووە لەلایەن سعوودیەوە لە رێگەی لبنانەوە.

هاوكات كۆنگرەی وڵاتانی كۆمەكبەخش بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق كە ئێستە لە كوێت ساز دەكرێت رۆڵێكی گەورەی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی سوننەوە دەبێت، چونكە كۆنگرەكە زیاتر گرنگی بە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانی رۆژئاوا و شارەكانی سوننە دەدات و ئەو دەستەوارانەیش بە ئاشكرا و بە نهێنیش لە نێوان وڵات و كۆمپانیاكانەوە دەكرێت گرنگی زیاتر بەو ناوچانە دەدات و ئەو پارەیشی تەرخان دەكرێت كاریگەری گەورەی بۆ سەر بارستە و هاوپەیمانیەتییەكانی سوننەوە دەبێت لەكاتی هەڵبژاردنەكان و پایەی هەندێكیان لەسەر حسێبی ئەوانیتر بەرز دەكاتەوە.

بێگومان سازكردنی كۆنگرەی وڵاتانی كۆمەكبەخش لە كوێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق كە دوێنێ دووشەم دەستی پێ كردووە و سبەی كۆتایی دێت، بە بەشداریەكی كاریگەری وڵاتانی عەرەبی و سعوودیە و بەشداریكردنی كۆمپانیاكانی عەرەبی وەبەرهێنەر لە عێراق بەدوور نابن لە پڕۆژە سیاسییەكانەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە كە زۆرینەی ئەو پڕۆژانە دوور لە چاوی بەغدا و حكوومەتەكەیەوە روو نادەن كە بەتوندی چاودێریان دەكات و لەسەر ئاوازەكەی جموجۆڵ دەكات لە پێناو سوودلێوەرگرتنیان بۆ دروستكردنی سەقامگیری و لێكگەیشتنی نێودەوڵەتی و ناوچەیی كە بەشێوەیەكی ئەرێنی كار دەكاتە سەر عێراق لە خولی نوێ و داهاتووی  حكوومەت و پەرلەمانی عێراق. 

بڕیارە هەڵبژاردنی گشتیی عێراق لە 12ی ئایاری داهاتوو بێتە سازكردن لە ناو ئامادەكارییەكی گەرمی پێكهاتەكانی عێراق بەتایبەتی شیعە و سوننە كە ململانێی بەهێز لە نێوان لیستەكانی هەڵبژاردنیان هەیە بەمەبەستی بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر و بردنەوەی پۆستە باڵاكانەوە.

سەرچاوە: ئەلمەدار
 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل