سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی ئەرجەنتین داوی چی لە میسی كردبوو؟

:: AM:11:22:14/02/2018 ‌

كلاودیۆ تاپیا سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی ئەرجەنتینی ئاشكرای كرد، دوو داواكاری ئاراستەی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی و ئەستێرەكەی لیۆنێل میسی كردووە. رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە.

تاپیا رایگەیاند: ئاواتەخوازین سەرجەم یاریزانانی هەڵبژاردەكەمان بەم ئاستەی ئێستایان لەگەڵ یانەكانیان ئامادەبن بۆ یارییەكانی مۆندیال و بە دڵنیایشەوە ئەگەر بەمجۆرە بن جامی مۆندیالی 2018ی رووسیا دەبەینەوە.

سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی ئەرجەنتین هەروەها گوتی: ئەگوێڕۆ ئێستا لە باشترین ئاستی یاریكردنە لەگەڵ یانەی مانچستەر سیتی، میسیش هەمیشە ئاستی لە لوتكەدایە.

زیاتر گوتی: داوام لە میسی كردووە ئاگاداری خۆی بێت و پارێزگاری لە ئاستی ئێستای یاریكردنی بكات لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە بۆ مۆندیالی رووسیا.

تاپیا هەروەها ئاشكراشی كرد، هەفتەی رابردوو داوایەكم پێ گەیشتووە بۆ ئەنجامدانی یارییەكی هەڤاڵینی بەرامبەر هەڵبژاردەی كەتەلۆنیا لە 4ی حوزەیرانی داهاتوو لە شاری بەرشەلۆنە.

ئاماژەی بەوەشدا كە لەمبارەیەوە قسەی لەگەڵ خۆرخێ سامپاولی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین كردووە و ئەویش رەزامەندی پێشانداوە، جەختیشی كردەوە كە هەرچەندە ئەم یارییە تاقیكردنەوەیەكی باش دەبێت و داهاتێكی باشیش دەبێت بۆ هەڵبژاردەكە، بەڵام تا ئێستا بەفەرمی لەسەر ئەنجامدانی یارییەكە رێك نەكەوتوون.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م