تا 10 ساڵی تر دهۆك لە مین و تەقەمەنی پاك نابێتەوە

:: PM:05:27:14/02/2018 ‌
بەرێوەبەرایەتی كاروباری مین لە دهۆك ڕای گەیاند، ساڵی ڕابردوو 11 ملیۆن و 387 هەزار و 291 مەتر چوارگوشە زەوی لەمین پاككراوەتەوە.

 ئەمڕۆ چوارشەم 14ی شوبات، مەسعوود مەلا شەفیق بەرێوەبەری كاروباری مین لە دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، مین و تەقەمەنییەكانی سنووری دهۆك هی سەردەمی رژێمی لێخراوی بەعسە، بەتایبەت لە سنووری دهۆك ڕێژەیەكی زۆر لەمین و تەقەمەنی هەیە.

زیاتر گوتی، ساڵی رابردوو لە سنووری پارێزگای دهۆك 514 مینی دژە مرۆڤ و 326 تەقەمەنی جۆراو جۆر و 72 مینی دژە تانك و 319 بۆمبی چێنراو لە ناوبراون و هاوكات ژمارەی قوربانیانی مین و تەقەمەنی لە سنووری پارێزگاكە پێنج كەس بووە.

ئاماژەی بەوەیشكرد كە لە ناوچە دابڕێنراوەكانی هەرێمی كوردستان 93 كەس بەهۆی مین و تەقەمەنی لەماوەی ساڵی ڕابردوودا بوونەتە قوربانی و 412 شوێنیش لەو ناوچانەدا پاككراونەتەوە.

بەگوێرەی لێدوانی ئەو بەرپرسەی دەزگەی گشتیی كاروباری مین لە سنووری پارێزگای دهۆك 762 كێڵگەی مین و تەقەمەنی هەبووە و لەوانە 328 كێڵگە پاككراونەتەوە كە خۆی لە 11 ملیۆن و 387 هەزار و 291 مەتر چوارگوشە زەوی دەبینێتەوە و پڕۆسەی پاككردنەوەی زەوییەكانیش بەردەوام دەبێت و تا 10 ساڵی تر هیچ شوێنەوارێكی مین و تەقەمەنی لە سنووری پارێزگای دهۆك نامێنێ.
 
لە بەرێوەبەرایەتی كاروباری مین لە دهۆك شەش تیمی تەقاندنەوەی دەستی و تیمێكی تەقینەوە و تیمێكی ڕووپێوی و دوو تیمی هۆشیاری هەن كە بەردەوام كار لەسەر پاككردنەوەی زەوی ئەو سنوورە لە مین و تەقەمەنی دەكەن، بەڵام هێشتە مین وەك سەرچاوەیەكی قوربانی بۆ هاووڵاتییان دادەنرێت.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری




وشە - سه‌رخێڵ هاشم