یەكێتی بڕیار لەسەر بەستنی كۆنگرە دەدات

:: PM:06:00:14/02/2018 ‌
بڕیارە سبەی كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لەنێوان ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی و ئەنجوومەنی ناوەندی ئەو حزبە ئەنجام بدرێت و وادەی بەستنی كۆنگرەی حزبەكە دیاری بكرێت. ئەو كۆبوونەوەیە دوابەدوای ئەوە دێت كە پێشتر ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی وریایی دابووە سەركردایەتی حزبەكە ئەگەر كۆ نەبنەوە و وادەی كۆنگرە دیاری نەكەن ئەوە هەڵوێستی توندیان دەبێ‌.

ئەمڕۆ چوارشەم 14ی شوبات، لەتیف نێرۆیی گوتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، سبەی پێنجشەم سەركردایەتی یەكێتی و ئەنجوومەنی ناوەندی كۆ دەبنەوە وادەی بەستنی كۆنگرەی یەكێتی تاوتوێ‌ دەكەن.

زیاتر گوتی، هەوڵ هەیە كە سبەی وادەكە یەكلای بكرێتەوە، بەڵام تا ئێستە دیار نییە ئەو وادەیە كەی دەبێت و ناڕەزایی لەسەر دەبێت یان نا.

نێرۆیی لەبەشێكی تری قسەكانیدا گوتی، ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی بە پێویستنی رژدی دەزانێت یەكێتی لەماوەی ئەم چەند مانگەی داهاتوو كۆنگرە ببەستێت و چیتر دۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوام نەبێت.

كۆبوونەوەكەی سبەی لەكاتێكدایە كە پێشتر ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی بە "وشە"ی ڕاگەیاندبوو، یەكێتی بە سێ‌ مانگ ناتوانێت كۆبوونەوەیەكی سەركردایەتی تەواو بكات، چۆن دەتوانێت كۆنگرە ببەستێت.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانییەوە گیرۆدە بووە و لەماوەی ڕابردووشدا ئەندامانی بنەماڵەی تاڵەبانی بەردەوام ویستویانە كۆنترۆڵی یەكێتی بكەن و دەست بەسەر تەواوی جومگەكانی ئەو حزبەدا بگرن، بۆیە ناڕەزای لەلایەی چەند سەركردە و ئەندامانی سەركردایەتی دروست بووە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم