لە پێناو پاراستنی كارگەی جگەرەی سلێمانی كەمپینێك ڕاگەیەنرا

:: PM:08:59:14/02/2018 ‌
لە شاری سلێمانی ژمارەیەك لە نووسەر و رۆژنامەنووسان كەمپینێكیان ڕاگەیاند كە وەك خۆیان دەڵێن، مەبەستیانە پارێزگاری لە زەوی و كارگەی جگەرەی سلێمانی بكەن و ترسیان هەیە كە زەوییەكە بدرێت بە سەرمایەداران و كولتووری سلێمانی لەناو ببردرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 14ی شوبات، لە شاری سلێمانی كەمپینەكە ڕاگەیەنرا. رامیار محموود ئەندامی كەمپینەكە ڕای گەیاند، كەمپینەكە مەبەستییەتی كە كولتووری شاری سلێمانی بپارێزرێت و دادپەروەری هەبێت نەك تەنیا سەرمایەداران سوودمەندی پڕۆژەكانی شارەكە ببن.

زیاتر گوتی، پێویستە داهاتووی كارگەی جگەرەی سلێمانی بزانرێت كە دەكەوێتە ناوەراستی شارەكەوە، بۆ ئەوەی سەرمایەداران بە ئارەزووی خۆیان مامەڵە بە شارەكەوە نەكەن.

كەمپیەكە داوایانكرد كە داواكاری گشتیی لەسەر ئەو بابەتانە و كێشەی زەوی و شوێنە كولتووریەكانی سلێمانی هەڵوێستی هەبێت، چونكە بەقسەی ئەوان "ئەوەی لە سلێمانی ڕوو دەدات كارەساتە".

كەمپیەكە رەخنەی توند لە بەرێوەبەری رۆشنبیری سلێمانی و فەرمانگە پێوەندیدارەكان دەگرن كە هیچ هەڵوێستێكیان نییە لەسەر رووخاندنی ژێرخانی كولتووری سلێمانی و رایانگەیاند، لە داهاتوو هەڵوێستی تریان دەبێت.

كارگەی جگەرەی سلێمانی بە پانتایی ٢٦،٥ دۆنمەوە لەسەر شەقامی سەرەكیی سالم هەڵكەوتووە، شوێنەكەی لە باشترینەكانی سلێمانییە‌، 43 هەزار و 250 مەتر دووجای باڵەخانەیە. لەگەڵ ئەوەی باڵەخانەكە وەك خۆیەتی و هەر بە كارگەی جگەرە ناوی دەبرێت، بەڵام لە ناوەوە مافی بەسەر بەرهەمهێنانی جگەرەوە نەماوە. كاتێك دەچیتە ناوەوە، ئەو هۆڵە درێژانەی ئێستە بە چۆڵی پێشوازیت دەكەن، جاران جگە لە ئامێرەكانی كارگەكە، هەر لەگەڵ هەڵهاتنی خۆر، دەزگەكان بە كار دەخران و جمەیان دەهات لە كارمەند و ڕێ بەڕێدار نەدەكەوت و هەموو ڕۆژێك هەزار و ٧٥٠ كارمەند خەریكی بەرهەمهێنانی جگەرە بوون و بەرهەمی پڕ كارترینی ساڵانەی زیاتر لە ٢٥ ملیۆن گلۆز جگەرە بووە.

ئەو كارگەیەی وەك یەكەم كارگەی پیشەسازی لە ساڵی ١٩٥١ بەردی بناغەی دانرا و لە ١٩٦١ بەرهەمی جگەرەی خستە بازاڕەوە، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003، لە كار وەستێنرا و ئێستە جگە لە كارمەندانی كارگەكە، چەند بەڕێوەبەرایەتییەكی حكوومی تێیدا جێیان كراوەتەوە كە دەبێت دواتر بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری بەجێی بێڵن.

راپۆرتێكی "وشە" كە پێوەندیدارە بە تێكدانی كارگەی جگەرەی سلێمانی.






وشە - سه‌رخێڵ هاشم