"شادیە" لە دوای مردنی باوکی بەتەنیا لەگەڵ دایکی دەمێنێتەوە، به‌ڵام ئامۆزاکەی چاودەخاتە سەری و بەهەموو جۆرێک هەوڵدەدات هاوسەرگیری لەگەڵ ئه‌و كچه ١٧ ساڵیه بکات.
"هێمن"/٢٧ ساڵ/, بەبێ ڕازیبوونی دایک و باوکی بەزۆر هاوسەرگیری لەگەڵ شادیە دەکات، به‌ڵام هه‌وڵه‌كه‌ی لە قۆناغی مارەکردن تێناپەڕێت, چونکە دایکی و خوشکەکانی, هێمن پەشیمان دەکەنەوە و شادیەی پێ تەڵاق دەدەن، کوڕەکەیشیان دەنێرنە دەرەوەی وڵات.
شادیه کچێکی باڵابەرزی قژکاڵی چاو سەوزە، ئەو خەمە گەورەیەی لە خۆشەویستەکەیەوە بۆی دروست بووە تەمێکی ئه‌ستووری لەسەر ڕووخسارە جوانەکەی دروست کردووە، هه‌ر به‌و هۆیه‌ش واز لە قوتابخانە دێنێت, چونکە هاوڕێکانی توانجیان لێداوە به‌وه‌ی "ئەگەر کچێکی باش بوویتایە ئامۆزای خۆت تەڵاقی نەدەدای بەڵام بێڕەوشتی لەگەڵ دایکت و خوا بزانێ چی دەکەن بۆیە نەیویستووی".
شادیە چیرۆکی جیابوونەوەی بۆ "وشە" ده‌خاته روو و به‌وه ده‌ست پێ ده‌كات كه هێمن ئەوی دەویست, بەڵام وه‌ك بۆی ده‌ركه‌وتووه "دایکی و خوشکەکەی نەیانویستم و بەزۆر منیان پێ تەڵاقدا".
"کاتیک باوکم کۆچی دوایی کرد تەمەنم ١٦ ساڵ بوو, من و دایکم بەتەنیا ماینەوە, چونکە خوشک‌و براکانم هاوسەرگیریان کردبوو لە ماڵی خۆیان بوون، دایکم ٦٢ ساڵە، شەش مانگ هێمن بەردەرگای بەرنەداین هەزارجار دەستی دایکمی ماچکرد تا ڕازیبێت منی پێبدات، هەموو شتێکی کرد بۆئه‌وه‌ی خۆشم بووێت و دایکم ڕازی بێت، بەزۆر ماڵەوەیانی ڕازی کرد بێنە داوام، خوشک‌و براکانێ من و ماڵی ئەوانیش ڕازی نەبوون، بەڵام ئەو زۆر پێداگری کرد لەخێزانی خۆی منیش بەهەمانشیوە" ئه‌مانه به‌شێكن له گوته‌كانی شادیه.
ئه‌و كچه له 17 ساڵی ماره ده‌كرێت و ماوەی چەند مانگێک بە دەزگیرانی دەمێننەوە، لەو ماوەیەدا چەندان کێشە دێتەرێیان لەلایەن خوشکەکانی هێمن و دووجاریش دایکی لێی دەدات و بەندی دەکات و پێی دەڵێ, بە هێمن بڵێی لێمداوی بەتەڵاقدانت دەدەم.شادیه‌ش به ئامانجی گه‌یشتن به هێمن ئه‌و ئازارانه ده‌شارێته‌وه و هه‌موو ئه‌و كاره‌كه‌رییانه‌ش له خۆیدا ده‌خواته‌وه كه خه‌سووی بردوویه‌تی بۆ ماڵ و هه‌رچی ئیشه به سووكایه‌تییه‌وه پێی كردووه، به‌ڵام هه‌ر كۆتاییه‌كه به دڵی ئه‌م نایه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو "دایکی هێمن دووجار لێی دام زۆر بەپیسی, چەند دەگریام دەپاڕامەوە بۆ خاتری قەبری باوکم لێم نەدات سوودی نەبوو, هەزار قسەی نەشیاویشی بە خۆم و دایکم دەگوت، جارێک ددانی شکاندم لەلای هەموانیش گوتی لەکاتی پەنجەرە سڕین کەوتووه‌تە خواره‌وه، بەوەش نەدەوەستان بە هێمنیان دەوت چاولەدەرە و نابێ بهێڵی بچێتە دەره‌وە، وام لێهاتبوو تەنیا بۆم هەبوو بچمە مەکتەب وماڵی ئەوان. "تەنانەت ماڵی خوشکوبراکانیشم قەدەغەبوو".
شادیە لەبەرانبەر هەموو شتێکدا بێدەنگ دەبێت و دەیەوێت بگاتە ماڵی خۆی یان هێمن بێتە ماڵی ئەوان، بەڵام ئەوە ڕوونادات و دایکی هێمن داوا دەكات بێنە سەر ماڵ و خزمەتی ئه‌و بکەن، بەوەش ڕازی دەبێت, بەڵام دوای ئەوە خوشکەکانی ڕازی نابن و دەڵێن نابێ کەسێکی وا لەگەڵمان بژی، بۆیه گواستنەوەی شادیە کێشەی زۆری تێدەکەوێت و کار دەگاتە ئەوەی براکانی دەزانن و ده‌چنه ناو كێشه‌كه‌وه و داوا ده‌كه‌ن یان وەک شاژن کچەکەیان بژیه‌نن یان تەڵاقی بدەن، دایکی هێمنیش وه‌ك ئه‌وه‌ی له كه‌میندا بووبێ بۆ ده‌رفه‌تێكی وا، تیری خۆی ده‌وه‌شێنێت و ده‌ڵێ 'کچی ئێوەمان ناوێ".
ئه‌و كچ و كوڕه گه‌نجه سه‌ره‌تای ژیانیان به‌بێ هیوای و شكانه‌وه لێك داده‌بڕێن و هێمن دەچیتە دەرەوەی وڵات شادیە واز لە خوێندن دێنێت و لەگەل دایکی و ئەو خەمە گەورەیە ده‌مێنێته‌وه كە بۆی بەجێماوە.
هێمن ئێسته پێوەندی دەکات و دەگریی بۆ ئه‌و ژیانه‌ی ماڵی دایكی له‌ده‌ستیان دا، بەڵام شادیە خۆی دەڵێت "تازە هەرچی بکات سوودی نییە چونکە ئەوان منیان بە زیندووی كوشت و لە هەموو شتێكیان کردم، وامزانی مامم جێی باوكم بۆ ده‌گرێته‌وه به‌ڵام ئه‌و دەسەڵاتی کچ و ژنەکەی نەبوو, منی فڕێ دا".
هه‌ولێر/ئیڤان عه‌بدولڕه‌حمان