ریال مەدرید بەبێ ركابەری باشترین یانەی خولی پاڵەوانانی ئەوروپایە

:: AM:11:12:16/05/2018 ‌

راهێنەرێكی پێشووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی ریال مەدرید رایگەیاند كە یانەی شاهانە بەبێ ركابەری باشترین یانەی ئەم وەرزەی خولی پاڵەوانانی ئەوروپایە و بۆ سێیەمجاریش ناسناوەكە دەباتەوە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی ریال مەدرید رۆژی 26ی ئەم مانگە لە شاری كییفی پایەتەختی ئۆكڕانیا لە یاریی كۆتای خولی پاڵەوانانی ئەوروپا رووبەڕووی یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی دەبێتەوە.

ڤیسنتی دێل بۆسكی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: ریال مەدرید نەك تەنیا لە یانەی لێڤەرپوول باشترە، بەڵكو لەسەرجەم یانە بەشداربووەكانی ئەمساڵی خولی پاڵەوانانی ئەوروپاش باشتر بوو.

دێل بۆسكی دانی بەوەشدانا كە هەرچەندە یانەی ریال مەدرید باشترینە، بەڵام رەنگە رۆژی 26ی مانگ رووداوی نەخوازراو رووبدات و بەرامبەر یانەی لێڤەرپوول بدۆڕێ، چونكە لە یاریی تۆپی پێدا هەموو شتێكی قابیلی روودانە.

ئەو راهێنەرەی پێشووی یانەی ریال مەدرید و هەڵبژاردەی ئیسپانیا داوای لە یاریزانانی یانەی شاهانە كرد لە یاریی كۆتای خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەوپەڕی متمانە و ئاستبەرزی دەربكەون و بۆ سێیەمجار لەسەریەك ناسناوەكە بهێننە شاری مەدریدی پایەتەختی ئیسپانیا.

جێی باسە یانەی ریال مەدرید بەسەركردایەتی زێنەدین زێدانی راهێنەری فڕەنسی پاڵەوانی دوو وەرزی رابردووی خولی پاڵەوانانی ئەوروپایە و ئاواتەخوازیشە ئەمساڵیش ناسناوەكە بباتەوە و ژمارەی ناسناوەكانی پاڵەوانیەتییەكە بكات بە 13، لەبەرامبەریشدا یانەی لێڤەرپوول لە ماوەی رابردوودا 5 جار بووەتە پاڵەوان و یورگن كلۆپی راهێنەری ئەڵمانیش هەموو ئامانجی ئەوەیە ناسناوی ژمارە 6 بۆ یانەكەی بەدەست بێنێ.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م