كاندیدی جەهەپە مەرجی گفتوگۆ لەگەڵ پەكەكە ئاشكرا دەكات

:: PM:01:04:13/06/2018 ‌

موحەڕەم ئینجە كاندیدی پارتی گەلی كۆماری توركیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری باس لەوە دەكات ئەگەر لەم هەڵبژاردنەدا بیباتەوە، ئەوا پێوەندییە دیپلۆماسییەكانی لەگەڵ رژێمی سووریا دەست پێ دەكاتەوە و كاریش دەكات بۆ ئەوەی توركیا بكات بە ئەندامی یەكێتیی ئەوروپا. هاوكات دەڵێت مەرجی گفتوگۆ و ئاشتی لەگەڵ پەكەكە ئەوەیە پێشتر چەكی دانابێت و ناكرێت تەنیا یەك گرووپ بكرێت بە بەردەنگی كورد بۆ چەسپاندنی ئاشتی.

ئەو زیاتر لە هەر كاندیدێكی تر چانسی هەیە ڕكابەریی ئەردۆغان بكات و لێی بباتەوە. ئینجە یەكێكە لە سەرسەخترین رەخنەگرانی سیاسەتەكانی ئەردۆغان و ساڵی 2009 لە وتارێكدا لە پەرلەمانی توركیا دژی ئەردۆغان وتارێكی مێژوویی دا كە لە لایەن خەڵكی توركیاوە پێشوازی لێ كرا.

ئەو باسی لەوە كردووە كە دەستوور بۆ شێوەیەكی دیموكراتیك دەگۆڕێت و هەوڵ دەدەن لە ناوخۆ و لە دەرەوەی وڵات ئاشتی و سەقامگیری بەرپا بكەن.

ئاماژەی داوە، لە ژیانیدا هیچ كاتێك كێشەی لەگەڵ دیندار و هیچ مسوڵمانێك نەبووە تەنیا كێشەی لەگەڵ ئەو مسوڵمانانە هەیە كە ئاین دەكەن بە ئامرازی ویستەكانیان.

ئینجە لەبارەی چارەسەركردنی پرسی كورد گوتی ناكرێت گرووپێكی چەكدار بكرێت بە نوێنەری كورد و دانوستانی لەگەڵ بكرێت، لە كاتێكدا چەكی هەڵگرتووە و بەرانبەرت دەجەنگێت. پێویست بوو دانانی چەك بە بێ هیچ مەرجێك جێبەجێ بكرێت و هیچ وڵاتێكی دنیا لەگەڵ گرووپێكی چەكدار دانوستان و ئاشتی ناكات كە دژی دەجەنگێت و پێویستە كورد لە ژێر كاریگەریی تیرۆر بهێنرێتە دەرەوە. ئەو دەڵێت تا ئەو كاتەی پەكەكە چەكی هەڵگرتبێت ئاشتیش روو نادات. 

بڕیارە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری توركیا 24ی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت و شەش پاڵێوراو ركابەریی یەكتر بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری دەكەن.

جگە لە ئینجە و ئەردۆغان، هەریەك لە سەڵاحەدین دەمیرتاش پاڵێوراوی هەدەپە، دۆغۆ پرینچك رێبەری پارتی نیشتمان، تەمەل كارەملا ئۆغڵو سەرۆكی پارتی سەعادەت، مەراڵ ئاكشنەر ركابەریی یەكتر دەكەن.

سەرچاوە/مێهرنیوز



وشە - سلێمان تاشان