تەنیا خواردنی میوە تەندروستیتان دەخاتە مەترسییەوە

:: PM:02:07:13/06/2018 ‌
میوە دروسترین خۆراكە و پڕ لە دژەئۆكسید، ڕیشاڵ، ڤیتامین و كانزا، چەوری لەش كەم دەكاتەوە، لەبەر ئەم هۆیانەیە دەڵێن پێویستە میوە بكرێت بە بەرنامەی ژیانت، بەڵام ئەگەر تەنیا میوە بخۆیت لە لەش دا كەمی پێكهاتەی خۆراكی دروست دەبێت، چونكە میوە تەنیا بەس نییە بۆ پڕكردنەوەی ئەو پێكهاتە خۆراكیانەی لەش پێویستیەتی، پێویستە هەموو خۆراكە جۆراوجۆرەكان بخورێت بۆ ئەوەی كەمی پێكهاتەی خۆراكی لە لەش دا دروست نەبێت.


یەكەم: كەمپتەوی ئێسك، كالیسیۆم كانزایەكی گرنگە یارمەتی بەهێزبوونی ئێسك دەدات، هەندێك لە سەرچاوەكانی كالیسیۆم وەكو شیر، ماست، پەنیر، جۆرەكانی ماسی، چەرەزات، تۆوەكان، سەوزە پڕ گەڵاكان دەگرێتەوە، بەڵام ئەگەر تەنیا كەسێكی میوە خۆر بیت، ئەوا كێشەی كەمی كالیسیۆم لە لەش دا دروست دەبێت.

دووەم: بەدخۆراكی، وەكو باسكرا میوە هەموو پێكهاتە خۆراكییەكانی تێدا نییە تا هەموو پێویستییەكانی لەش پڕ بكاتەوە  و بەشێوەیەكی گونجاو بمێنێتەوە.ئەگەر تەنیا بیر لە خواردنی میوە بكەیتەوە ئەوا لەشت تووشی بەدخۆراكی و لاوازی دەبێت، بۆیە پێویستە پێكهاتە خۆراكییەكانی رۆژانەت هەمەجۆر و جیاواز بێت.

سێیەم: بەرگری لەش كەم دەكاتەوە، هەر چەندە بەردەوام دەڵێن میوەكان دەوڵەمەندن بە ڤیتامین C و سیستەمی بەرگری بەهێز دەكەن، بەڵام لە ڕاستی دا خواردنی میوە وەكو خۆراكێكی سەرەكی كار لە سیستەمی بەرگری لەش دەكات و دەبێتە هۆی بێهێز بوونی، چونكە هەموو چەوری لەش دەتوێنێتەوە و ئەمەش وا دەكات لەش بێ‌ چەوری بمێنێتەوە و توانای هەڵمژینی پێكهاتەی خۆراكی كەم دەكاتەوە.

چوارەم: ئازاری سك، مرۆڤ پێویستی بە ڕیشاڵە بۆ رێگری كردن لە قەبزی، لەگەڵ ئەوەیش دا ئەمە ئەوە ناگەیەنێت تەنیا لەشت بە ڕیشاڵ پڕ بكەیتەوە، بەكارهێنانی بڕێكی زۆر لە ڕیشاڵ سیستەمی هەرسیت تێك دەدات و تووشی ئازارێكی زۆر دەبیت.


وشە - ئاوات ئازاد