هه‌ریه‌ك له چاكسازیى هه‌ولێر و سلێمانى كاتى سه‌ردانى گیراوانى بۆ ڕۆژانى جه‌ژن بڵاو كرده‌وه و سه‌ردانیكردن له یه‌كه‌م ڕۆژى جه‌ژن نییه.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 13ـى حوزه‌یران/ یۆنیۆ، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاكسازی گه‌ورانی هه‌ولێر، له ڕاگه‌یاندراوێكدا، سه‌رجه‌م كه‌سوكاری سزادراوان ئاگادار ده‌كاته‌وه، كه‌وا ڕۆژانی سه‌ردانیكردن له جه‌ژنی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه ده‌بێت
ڕۆژی دووه‌می جه‌ژن تایبه‌ته به سه‌ردانی ژنان.
ڕۆژی سێیه‌می جه‌ژن تایبه‌ته به سه‌ردانی پیاوان.
سه‌ردان ته‌نیا بۆ خزمی پله یه‌ك و پله دووه بۆ مه‌به‌ستی خزمه‌تی چاكسازی و سزادراوان و نه‌هێشتنی بارگرانی و كارئاسانی بۆ خێزانه‌یان، بۆیه كه‌سی سه‌ردانی پێویسته پێناسه‌یه‌كی كه‌سی پێ بێت كه جۆری خزمایه‌تی له‌گه‌ڵ سزادراو دیاری بكات.
له ئاگه‌دارییه‌كى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاكسازی گه‌ورانی سلێمانی هاتووه، به‌ڕێوه‌به‌ره‌یه‌تییه‌كه‌مان ئاگاداری سه‌رجه‌م سزادراوان و كه‌سوكاریان ده‌كاته‌وه كه سه‌ردان بۆ رۆژانی پشووی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان به‌م شێوه‌یه ده‌بێت:
یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی ره‌مه‌زان به هیچ شێوه‌یه‌ك سه‌ردان نییه.
دووه‌م رۆژی جه‌ژنی ره‌مه‌زانی سه‌ردان بۆ سزادراوانی بلۆكی (1) + به‌شی پێشوازی به‌ڕێكردن ده‌بێت.
سێیه‌م رۆژی جه‌ژنی ره‌مه‌زانی پیرۆز سه‌ردان بۆ سزادراوانی بلۆكی (2) + ئه‌و سزادراوانه‌ی كه به سزای له سێداره‌دان سزا دراون.
له كۆتادا هاتووه، سه‌ردان ته‌نیا بۆ كه‌سوكاری پله (1 و 2) ی سزادراوانه و پێویسته هاووڵاتی له كاتی سه‌رداندا پێناسه‌ی باری شارستانی له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێنێت.
وه‌ك نه‌ریتێك ساڵانه له هه‌رێمى كوردستان هاووڵاتییان سه‌ردانى گرتووخانه و گۆڕستانه‌كان ده‌كه‌ن له ڕۆژانى جه‌ژندا.