خانووە بۆمبڕێژكراوەكان خەندەی جەژن لە مووسڵاویییەكان دەتۆرێنن

:: PM:05:05:13/06/2018 ‌


نزیكەی ساڵێك بەسەر ئازادكردنی موسڵ لە دەستی داعش تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا بۆمبە چێنراوەكان و پاشماوەی جەنگ هەڕەشە لە گیانی هاووڵاتییانی سڤیل دەكات و خەندە و خۆشی جەژن لەسەر لێوەكانیان دەدزێت.

مووسڵ، دوای سێ ساڵ لە حوكمڕانی ژێر دەستی داعش، لە كۆتایی ساڵی چوارەمیدا یەكەمین جەژن بە ئازادی دەكاتەوە، بەڵام خەڵكی شارەكە دەڵێن، بۆمبە چێنراوەكان خەندە و خۆشی جەژنی لێ دزیوین و بووەتە مۆتەكە بەسەر ژیانمان.

محەمەد رەبیع فەرمانبەری وەزارەتی كارەبا، دانیشتووی شارۆكەی مووسڵی كۆن لەلای راستی شارەكە، دەڵێ خەڵكەكە گەڕاوەتەوە مووسڵ و ئامادەكایش دەكەین بۆ جەژنی رەمەزان دوای چەندان ساڵ لە شەڕ و ناوخۆشی كە بەهۆیەوە شاری كۆنی مووسڵ بە تەواوەتی ڕووخاوە و وێران بووە، بەڵام هیچ پێ ناچێت خۆشییەكە تا سەر بچێت، گوتی "پاشماوەی شەڕ و بۆمبە چێنراوەكان خەندە و خۆشی جەژنی لێ تاڵ كردووین".

رۆژی دووشەم 10ی تەمووزی/یۆلیۆ2017، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پەیامێكی تۆماركراوی تەلەفزیۆنیدا ئازادكردنی تەواوی شاری مووسڵی لە دەست داعش راگەیاند، كە ماوەی نۆ مانگی خایاند لەو كاتەی عەبادی لە 17ی كانوونی یەكەم /ئۆكتۆبەر 2016 ئۆپراسیۆنی "قادمون یان نەینەوا"ی راگەیاند.
هاوكات لە 13ی شوباتی ئەمساڵ یونیسێف لە بەیاننامەیەكدا دەڵێ لە تەواوی موسڵ 21 هەزار و 400 یەكەی نیشتەجێ بوون وێران بووە و لە تەواوی عێراقیش زیاتر لە 100 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون.
ماڵپەڕی "بەغداد پۆست" بەیاننامەكەی یونیسێفی بڵاوكردۆتەوە، دەڵێ ژمارەیئەو كەسانەی لە عێراق پێویستان بە كۆمەك هەیە هەشت ملیۆن و 700 هەزار كەسن، ئەوانەشی لە مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ كۆمەكیان پێ گەیشتووە 611 هەزار كەس بووە.
پارێزگاكانی موسڵ و ئەنبار و سەلاحەدین و دیالە بە تەواوی شار و شارۆكە و شارەدێ، لەگەڵ حەویجەی باشووری كەركووك، دوای چوار ساڵ بەسەر هاتنی داعش بۆ عێراق لە 10ی حوزەیرانی 2014، یەكەمین جەژنی ئازاد بوون لە دەستی داعش دەكەنەوە.

پێ ناچێت جەژن لە ناوچە سوننەكانی عێراق، خۆشی و خەندە بگەڕێنێتەوە بۆ سەر لێوی هاووڵاتییان، بە كۆمەڵێك هۆكارەوە، لەوانە پاشماوەی شەڕی دژ بە داعش لە بۆمبی چێنراو تا دەگات بە وێرانبوونی هەزاران یەكەی نیشتەجێ بوون. شوێنبزربوونی چارەنووسی زیاتر لە 10 هەزار هاووڵاتی سوننە لە نێوان داعش و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی. ئاوەدان نەكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكان دوای ساڵێك لە ئازاد كردنیان لە دەستی داعش، هەروەها مانەوەی هەڕەشەی داعش و دەركەوتنەوەیان دوای تەنیا چەند مانگێك لە باشووری مووسڵ و باشووری رۆژئاوای كەركووك و حەویجە و دیالە و ڕێی سەرەكی دیالە بۆ بەغدا، لەولاشەوە لە بیابانەكانی نێوان سامەڕا و ئەنبار.

محەمەد رەلیع فەرمانبەر لە فەرمانگەی كارەبای مووسڵ كە قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە دەڵێ، تەقینەوەكانی ئەمدواییەی خانووە بۆمبرێژكراوەكان خەندە و خۆشی جەژنی لێ تاڵ كردین، بۆیە داوا لە هێزە تەناهییەكان دەكەین هەموو خانووەكان باش بپشكنن تا دڵنیا بین لەوەی سەلامەتە و بەكەڵكی ئەوە دێت جەژنی بە خۆشی لەناودا ئەنجام بدەین و بەسەرماندا نەتەقێتەوە".

سەركردایەتی پۆلیسی مووسڵ ئێوارەی دوێنێ سێ شەم 12ی حوزەیران، كوژرانی 20 هاوڵاتی عێراقی راگەیاند كە مناڵ و ژنیشیان لەگەڵ دابوو، بەهۆی تەقینەوەی سێ بۆمبی چێنراو لە یەكێك لە خانووە بۆمبڕێژكراوەكانی ناوچەی شەهوان لە شاری مووسڵی كۆن.
پۆلیس ئاماژەی بەوەدا ئەو ماڵباتە تازە گەڕاونەتەوە بۆ مووسڵ، بێ ئەوەی سەردانی پۆلیس بكەن تا دڵنیا بن لەوەی خانووەكەیان پاككراوەتەوە لە بۆمبی چێنراو، راستەوخۆ چوونەتە ناو ماڵەكەیان و سێ بۆمب پێیاندا تەقیوەتەوە.

عیماد حیالی پارێزەر، دەڵێ لێدوانی سەركردایەتی پۆلیس و سوپای عێراقی لە دواكەوتنی گەیشتنی تیمی ئەندازیاری پاككردنەوەی خانووەكانی مووسڵ، لە بەرپرسیاریەتی رووداوەكە نایان پارێزێت، گوتی "بەداخەوە میدیاكان باسی ناكەن و تیشكی ناخەنە سەر".

زیاتر گوتی "حكوومەتی خۆجێی مووسڵیش بەرپرسیاریەتی دەكەوێتە سەرشان، چونكە ئەركیەتی رێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر و كار بكات بۆ هەڵگرتنەوەی پاشماوەی شەڕ و پاككردنەوەی ماڵەكان پێش ئەوەی مووسڵاوییەكان بۆ جەژن بگەڕێنەوە ماڵەكانیان و خۆشیان لێ ببێت بە ناخۆشی و لەدەستچوونی ئازیزانیان بەهۆی تەقینەوەی بۆمبی چێنراو".
 
عەلی تارق پزیشك، كە ئێستە لە بەغدا دادەنیشێت و دوای هاتنی داعش مووسڵی جێهێشتووە، روونی دەكاتەوە بەهۆی ترس لە لەدەستدانی خێزان  و مناڵەكانی، بەهیچ شێوەیەك بە خەیاڵیش بیر لە گەڕانەوە بۆ مووسڵ ناكەمەوە، گوتی "رەوشەكە جێی دڵنیایی نییە، هێشتا پاشماوەی جەنگ ماوە و بووەتە مۆتەكە بەسەر شارەكە".

زیاتر گوتی "پێش دوو رۆژ ئاگادار كراینەوە كە برای خێزانەكەم و مناڵێكی بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێك لە ماڵەكەیدا زامداربوونە كە دەكەوێتە لای راست. بەداخەوە ئەوان كە گەڕاونەتەوە ماڵەكەیان هییچ تیمێكی ئەندازەی هەڵگرتنەوەی مین سەردانی ناوچەكەیان نەكردووە و پاكیان نەكردۆتەوە لە بۆمبی چێنراو، كەواتە دوور مەبینە بۆمبی چێنراو جەژن و خۆشی رەمەزان بكاتە مۆتەكە بۆ موسڵاوییەكان".

موسڵ دووەمین گەورەترین شاری عێراقە دەكەوێتە باكوری بەغدا، هاوسنووری توركیا و سووریایە، رووبەرەكەی 465 كم دووجایە و ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە دوو ملیۆن و 5000 هەزار كەس دەبێت.
لە نۆی حوزەیرانی 2014، چەند سەد چەكدارێكی داعش لە سووریا پەڕینەوە و توانیان موسڵ داگیر بكەن، پاشان ئەنبار و سەلاحەدین و باشووری كەركوك و باكوری دیالەشیان داگیر كرد و ماوەی سێ ساڵ حوكمی موسڵیان كرد و لە 13ی حوزەیرانی 2014، ئەبو بەكر بەغدادی دەوڵەتی خەلافەتی لە مزگەوتی نوری لە موسڵ راگەیاند.




وشە - فه‌رمان سادق