زێڕ نزمترین نرخی لەماوەی ئەمساڵدا تۆمار کرد

:: AM:10:01:17/06/2018 ‌

 

نرخی زێڕ لە دوایین رۆژی هەفتەبازاڕی بۆڕسە بە خێرایی رووی لە دابەزین کرد و گەیشتە نزمترین نرخ لە لە شەش مانگی رابردوو تۆمار کرابێت.

 

زیاتر لە دوو هەفتە بوو نرخی هەر ئۆنسێک زێڕ لە نێوان هەزار و 290 تا هەزار و 300 دۆلار دەفرۆشرا بەڵام لەپڕ رووی لە دابەزین کرد و نزیکەی 22دۆلار لە نرخی دابەزی و لە هەزار و 300 دۆلارەوە بۆ هەزار و 278 دۆلار دابەزی.

 

بە گوێرەی "خەبەر ئۆنلاین" گرنگترین هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕ بۆ جەنگی گومرگیی نێوان ئەمەریکا  و چین دەگەڕێتەوە. ئەمەریکا بڕیاری دا باج بە رێژەی 25% بەسەر 50 ملیار دۆلار کاڵای هاوردەکراو لە چین داسەپێنێت ئەمەش بازاڕەکانی دنیای تووشی ئاڵۆزی کرد. ئەمەریکا تەنیا لەو بڕیارە نوێیەی سەرووی 10ملیار دۆلار قازانج دەکات لەو باجەی بەسەر کەلوپەلی چینیدا سەپاندووە.

 

 چینیش هەر لە زووەوە رێوشوێنی نوێی گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی کێشە بۆ ئابووری ئەمەریکا دروست بکات و دیاریش نییە ئەو جەنگە نوێیە ئابوورییەی نێوان ئەو دوو وڵاتە تا کەی بەردەوام دەبێت.

 

سندووقی نێودەوڵەتی دراویش بڵاوی کردەوە ئەو سیاسەتەی ئەمەریکا هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ئابووری دنیا.

 

 

 



وشە - سلێمان تاشان