كتێبێكی میوزكی كەموێنە بە كوردی چاپ دەكرێت

:: PM:12:09:18/06/2018 ‌
بۆ دەوڵەمەندكردنی كتێبخانەی موزیكی كوردی، هونەرمەند زۆزك قەرەداغی كتێبێكی نوێ چاپ دەكات. زۆزك لە دیمانەیەی "وشە"دا تیشكی خستە سەر ئەو كتێبە و ناوەڕۆك و بابەت و بڕگەكانی شی دەكاتەوە.
 
وەك سەرەتایەك لەبارەی كتێبە نوێیەكەت كە تایبەتە بە موزیك، چی دەڵێیت؟
بەخۆشحاڵییەوە بۆ یەكەمین جار ئیتۆد و ڕاهێنانی كەمانچە "ڤایۆلین" كەپێكهاتووە لە 26 ئیتۆد بەچاپ گەیشت بەناوی "كوردانە 26 ئیتۆد بۆ ڤایۆلین". ماوەیەكی درێژە سەرقاڵی دانانی ئەو كۆمەڵە ئیتۆدەم بۆ ڤایۆلینژەنی مامناوەند و پێشكەوتوو، وەك یەكەمین كۆمەڵە ڕاهێنانی ڤایۆلین بەشێوە ژەندنی كلاسیك. سوپاسی ئینستیتیوتی كەلەپووری كوردی دەكەم لە سلێمانی كە ئەركی لەچاپدان و بڵاوكردنەوەی ئەو بەرهەمەی لە ئەستۆ گرتووە. سوپاسی هاوڕێیان و هاوپیشەكانم دەكەم كە هاوكارییان كردم بەتایبەت بەڕێزان ڕێژەن حەسەن و یاسین حوسێن و مامۆستا مەزهەری خالقی.

تاچەند پارچە ئیتیۆدەكانت لەسەر بنەمای ئاوازە كوردییەكان بنیاتت ناوە و پشتت بەبنەما زانستییە جیهانییەكان بەستووە؟
ئەو كتێبە كە لە 26 ئیتۆد بۆ ڤایۆلینی سۆلۆ لە ئاستەكانی مامناوەند و پێشكەوتوو پێكهاتووە، سەرجەم پارچەكانم لەسەر ئاوازە فۆلكلۆرییە كوردییەكان بنیات ناوە بەپشتبەستن بەبنەما زانستییەكانی موزیكدانانی جیهانی و فۆرمە باوەكانی تایبەت بەئیتۆدی ڕاهێنانی موزیكی كلاسیكی، هێندێك لە پارچەكانی وەك فۆرمەكانی سەما و مینیاتۆر و كاپرێس و هتد، دەكرێت فێرخواز لە هۆڵی خوێندنی موزیك و ئاهەنگ و كۆنسێرتی تایبەت بەسۆلۆ و موزیكی ژوور پێشكەشیان بكات.

چۆن وشەی ئیتۆد شی دەكەیتەوە؟
چۆن ئیتۆد لە بنەمادا وشەیەكی فڕەنسییە و بەمانای خوێندن دێت، لەگەڵ ئەوەی بریتییە لە ڕاهێنانێك لە شێوەی پارچە موزیكدا بۆ دەرخستنی ئاست و توانای ژەنینی فێرخواز .

ئیتۆد لە چ سەدەیەكی موزیكی گەشەی بەخۆیەوە بینیوە؟
زیاتر لە موزیكی سەدەی ڕۆماتیكدا گەشەی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، گەورە موزیكدانەرانی ئەو سەدەیە وەك شۆپان و لیست و دیبۆسی نمونەیەكی بەرچاو و باڵابوون لە نووسینی ئیتۆدەكانی پیانۆ ، چەندان موزیكدانەری تریش كاریان لەسەر ئیتۆد كردووە بۆ ئامێرە جیاوازەكان بەسۆلۆو بەئۆركێسترا، لە بەناوبانگترین موزیكدانەرانی ئیتۆدی كلاسیك بۆ ئامێری ڤایۆلینی سۆلۆ كە تا هەنووكە لەناو زانكۆ پەیمانگە و ناوەندەكانی تری خوێندنی موزیك لە سەرجەم دنیادا فێرخوازان پڕۆڤەی لەسەر دەكەن و بەكار دەهێنرێن، بریتین لە ئیتۆدەكان كروتزەر و كایزەر و ۆلفارت و هانس سێت و فۆرێلۆ و مازانس و بێریوت و ڤینیاڤسكی.

چۆن باس لە گرنگی و پێویستی فێربوونی ئیتۆد دەكەیت لەسەر مۆرك و ڕیتم و ئاوازی نەتەوەیی بۆ فێرخوازان؟
بوونی پارچە موزیك بەگشتی و ئیتۆدی فێربوون لەسەر مۆرك و ڕیتم و ئاوازی نەتەوەیی، زۆر گرنگ و پێویستن بۆ ئاشنابوونی فێرخواز بەئاوازە كوردییەكان لەڕێی پڕۆڤەوە، لە هەمان كاتدا پاراستنی ژێرخانی كولتووری و بەزانستیكردنی بەمەبەستی هەنگاونان بۆ بەجیهانیبوون. بۆ یەكەمین جار و لە سەرەتای دەسپێكی ئەو كارەمدا، ساڵی 2004 بەكتێبی پەروانە -30 پارچە موزیكی كەلەپووری كوردییە بۆ ڤایۆلین دەستم پێ كرد و لەو سەردەمەوە تا ئێستە سەرچاوەیەكی كوردی تایبەت بەئیتۆدم نەبینیوە، بۆیە هەر لەوكاتەوە بەردەوام بووم لە دروستكردنی ئیتۆدی نوێ.

ئەو كتێبەت هەڵبژاردەی ئیتۆد، ماوەی چەند ساڵە نوێیان دەكەیتەوە و میلۆدی چەند ناوچەی كوردی لەخۆ گرتووە؟
 ئەو كتێبە هەڵبژاردەیەكە لەو ئیتۆدانەی كە نزیك بە15 ساڵ دەبێت نوێیان دەكەمەوە، خۆشبەختانە بەشێوەیەكی خۆڕسك میلۆدی كوردیی زۆرینەی ناوچە جیاوازەكانی كوردستانی لەخۆ گرتووە، هەندێكیشیان بەڕیتم و مۆرك و هەوای فۆلكلۆری كوردی دامڕشتوون و بەشێوەی ئاوازی فۆلكلۆری دێنە گوێچكەوە.

ئایا كاركردن لە داڕشتی موزیكی ئیتۆد ئەستەم نییە بۆ موزیكدانەر؟
داڕشتنی موزیكی ئیتۆد ئەركێكی فرە ئەستەم و گرانتری هەیە وەك لە جۆرەكانی تری موزیك، چۆن دەبێت موزیكدانەر ئاگاداری ناوچە و ڕیتمە جیاوازەكان بێت و لەمیانی داڕشتنی پارچەكاندا زۆرینەی موزیكەكان نەكەونە یەك ناوچە یا دوو ناوچە، گرنگە موزیكدانەر ئاگاداری ئەو خاڵە گرنگە بێت و هەموو ناوچەكان بەرجەستە بكات .

ئەو كتیبەت بۆ كێیە؟
ئەو كتێبە دواجار بۆ هەموو ڤایۆلینژەنێكی كوردە یا ئاشناكردنی گەلانی ترە بەچەند جۆرێك لە ئاواز و ڕیتمی كەلەپووری كوردی. مامۆستایان و فێرخوازانی ئازیز سەرەنجتان ڕادەكێشم بۆ ئەوەی پێویستە ئەو پارچانەی ناو ئەو كتێبە هاوشان بێت لەگەڵ ئەو مەشق و ڕاهێنانەی ڕۆژانە كە لەسەر كتێبەكانی تر ئەنجامی دەدەن لەو كتێبانەی كەئاژەم پێ دان، مامۆستا بەپێی ئاستی فێرخوازەكە ئیتۆدەكانی نێو ئەو كتێبەی بۆ دەستنیشان دەكات .

ئەو پڕۆژەیەت بەردەوامی دەبێت؟
ئەو پڕۆژەیەم لە ئیتۆد یا خوێندنی ڤایۆلین بەپێی توانا بەردەوام تازە دەكەمەوە، بۆ ئەم مەبەستە پێویستیم بەوەیە مامۆستایان پشتیوانم بن لە گۆڕانكارییەكاندا بەمەبەستی بەجیهانیكردنی ئەو ئیتۆدانە لە دەستنیشانكردنی شوێنپەنجە بۆ پارچەكان و بەكارهێنانی كەوان، بۆیە ئێستە سەرجەم وردەكارییەكانی شوێنپەنجەم دەستنیشان نەكردووە و جێم هێشتووە بۆ فێركار كە بەپێی ئاستی فێرخواز كاری لەسەر بكات. بۆ ئەم مەبەستە چاوەڕێی پێشنیار و تێبینییەكانم، بەمەبەستی دەوڵەمەندكردن و ڕێكخستنەوەی لە چاپەكانی تردا، هیوادارم بەرهەمێكی جوان و كاریگەرم پێشكەش بەكتێبخانەی كوردی كردبێت، منیش وەك نەوەیەكی ئەو خاك و خۆڵە ئاواتەخوازم بەردەوام بتوانم خزمەتی نەتەكەوەم بكەم .

وشە/ هەولێر- شاخەوان شێخانی





وشە - تایبه‌ت