جۆرە پەتایەك لە عێراق بڵاو دەبێتەوە

:: AM:09:27:19/06/2018 ‌
لە سنوورەكانی خورماتوو و مووسڵ و كەركووك جۆرە مێروویەكی زیانبەخش بڵاو دەبێتەوە و دەبێتە هۆكاری دروستبوونی هەستیاری لە پێستی مرۆڤ و ئازارێكی زۆر لە جەستەی مرۆڤەكان.

ئەمڕۆ سێشەم 19ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، لە نەخۆشخانەكانی مووسڵ و خورماتوو و كەركووك بڵاو كراوەتەوە كە هاووڵاتییان پێویستە ئاگەدار بن لە مێرووی سن كە زیانێكی زۆر بە هاووڵاتیان دەگەیەنێت و دەبێتە هۆكاری دروست بوونی هەستیاری پێست.

بێوار عەدۆ پزیشكی پێست لەشاری هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، مێرووی سن لە ناوەڕاستی عێراق بەشێوەیەكی زۆر بەرچاو بڵاو بووەتەوە بە تایبەت سنی ڕەش كە زیان بە مرۆڤ دەگەیەنێت.

ئەو پزیشكە گوتی، تاكە چارەسەر ئێستە بۆ سنی ڕەش بریتیە لە پێدانی چارەسەری هێور كەرەوە بە نەخۆش یان ئەگەر پەڵی پێهەڵگەڕانەكە كەم بوو ئەوا بە ئاوێكی نیمچە بەستوو شوێنەكەی بشۆردرێت بۆ چەند جارێك، چونكە هیچ چارەسەرێكی سنی ڕەش لە عێراق نییە و دوو ساڵە ئەو جۆرە سنەیش بڵاو دەبێتەوە.

هاوكان فاخیر كرمانجی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی تەندروستی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، تا ئێستە بەو شێوەیەی باس دەكرێت نەخۆشی سن لە سنووری هەولێر بڵاو نەبووەتەوە.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستی هەولێر دەڵێت، هیچ جۆرە نەخۆشییەك بەناوی سن لە سنووری هەولێر نەبووە و تۆمار نەكراوە.

سن جۆرە مێروویەكە لە كۆتایی مانگی ئایار و مانگی حوزەیران پەیدا دەبێت، ئەوەش بەهۆی زۆری ڕێژە شێ‌ بە تایبەت لە گەنمی چێندراو، بەڵام سنی ڕەش كە ئارەزووی نزیكبوونەوە لە مرۆڤ دەكات بەشێوەیەكی دەگمەن لە وڵاتان بڵاو دەبێتەوە.







وشە - رامیار جەواد