ئۆپراسیۆنی قەندیل.. توركیا گرەو لەسەر ئێران و عێراق دەكات

:: PM:06:25:20/06/2018 ‌

دوای هەرەسهێنانی پڕۆسەی ئاشتی لە هاوینی 2015 كە مانگی ئاداری 2013 لەنێوان توركیا و پەكەكە راگەیەنرا، تا ئێستە رۆژانە هێزەكانی توركیا و پەكەكە دژی یەكتری شەڕ دەكەن، ئەمەی ئێستەیش روو دەدات شكاندنی سێیەمین ئاگربەستە لەنێوان دەوڵەتی توركیا و پەكەكە لە 2015ەوە تا ئێستە.

لە سەرەتای مانگی ئاداری رابردوو دەوڵەتی توركیا ئۆپراسیۆنی دژ بە قەندیل و مەخموور و شنگال، روونتر پێگە و بارەگاكانی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان و عێراق راگەیاند، بەڵام  هەر زوو پەكەكە لە 23ی هەمان مانگ، شنگالی چۆڵ كرد و سوپای عێراق جێگەی گرتەوە.

دوای سێ مانگ توركیا چاوەڕوانی ئێرانە بۆ ئۆپراسیۆنە گەورەكە
دوای ئۆپراسیۆنی عەفرین، توركیا هەوڵەكانی دژ پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" بەردەوامی پێ دا، ئەمجارەیان لە هەرێمی كوردستان لە 17ی ئاداری ئەمساڵ ئۆپراسیۆنێكی فراوانی دژ بە پەكەكە ئەنجام دا. ئەگەرچی دوای چەندین كۆبوونەوەی سەربازی نێوان توركیا و ئێران و عێراق، چاوەڕوان دەكرا ئێران پشتگیری بكات و عێراقیش بەشداری، بەڵام بەگوێرەی نوێترین زانیاری ئێران خۆی كشاندووەتەوە و عێراقیش تا ئێستە بەشداری نەكردووە.

بەگوێرەی رێككەوتنی نێوان هەردوو حكوومەتی ئەنكەڕە و بەغدا، ماف بە توركیا دراوە بۆ لێدان لە پەكەكە تا 30 كم2 بە قووڵایی بێتە ناو خاكی عێراق.

لە 13ی ئاداری رابردوو، بەكر بوزداغ گوتەبێژی حكوومەتی توركیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رای گەیاند كە ئەنكەرە و بەغدا گفتوگۆیان لەسەر ئۆپراسیۆنەكە كردووە و لێكتێگەیشتنیان هەبووە و عێراقیش بەرەنگاری تیرۆر دەبێتەوە.

هەر ئەوكات مەولوود چاوەیشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا لە 13ی ئاداری رابردوو رای گەیاند عێراق هاوشانی توركیا هەنگاو هەڵدەگرێت دژی پەكەكە كە لە خاكی عێراق بڵاو بوونەتەوە.

"سۆمەریە نیوز" كە دەقی لێدوانی وەزیری دەرەوەی توركیای بڵاو كردووەتەوە دەڵێ، دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، حكوومەتی عێراقیش بەشداری لە ئۆپراسیۆنەكە دەكات.
 
بەقسەی ئیحسان چەلەبی بەڕێوەبەری شارەدێی دوكان، سوپای توركیا لە سێگۆشەی سنووری لە 19ی ئاداری رابردوو تا 15 كم2 هاتووەتە ناوەوە، هاوكات لە ناوچەی سیدەكانی باكوری پارێزگای هەولێریش هێزەكانی توركیا تا شارۆكەی سۆران هاتوون و لەماوەی رابردوودا لە هەندێك گوندی سنووری ئەو ناوچەیە سەربازانی تورك بینراون.

ئیحسان كە قسەی بۆ "سپۆتینك نیوز"ی رووسی كردووە، دەڵێ لە سێگۆشەی سنووری شەڕێكی قوڕس لەنێوان پەكەكە و سوپای توركیا رووی داوە و سوپای توركیا هەموو جۆرە چەكێكی قورسی بەكار هێناوە، گوتی "12 رەبایەیان لەو سنوورە لێداوە و هێزەكانیان لێی جێگیر كردووە".

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی "ئاڕ تی رووسی" لە شەشی ئەم مانگە، سلێمان سویلۆ وەزیری ناوەخۆی توركیا رای گەیاندووە كە ئۆپراسیۆنەكە بەردەوامی دەبێت، بۆیە ئەوەی روو دەدات تەنیا مەسەلەی كاتە تا ئەو كاتەی تەواوی پێگە و بارەگاكانی پەكەكە لە قەندیل دەردەكەین. گوتی "ئێستە زۆرترین رێگاكانی دەچنە قەندیل لەلایەن سوپای توركیاوە دەستی بەسەردا گیراوە".

هاوكای سەرەتای ئەم مانگە، رەجەبە تەیب ئەردۆغان رای گەیاند ئەگەر پێویست بكات ئەوا هێزەكانی توركیا دەچنە ناو شنگالیش، گوتی "توركیا پێداگیرە لەوەی دەبێت تۆڵە سەندنەوەی هەموو دڵۆپە خوێنێكی هاووڵاتییانی كە لەلایەن پەكەكەوە رژاوە، دەبێت پەكەكە باجەكەی بدات".
 
هەڵوێستی ئەمەریكا  
جیمس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمەریكا رای گەیاند وڵاتەكەی هاوشانی توركیا پەكەكە بە "تیرۆریست" دەناسێنێت، بوونیشی لە شنگال بە مەترسیدار لەسەر توركیا دەزانێت و داوا دەكات بكشێتەوە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی "ئۆرێنت" ماتیس وەزیری بەرگری ئەمەریكا لە 27ی ئاداری رابردوو رای گەیاند پەكەكە بووەتە هەڕەشە لەسەر توركیا پێویستە لە شنگال بكشێتەوە.

 تا ئێستە هیچ بەرپرسێكی ئەمەریكی لەسەر ئۆپراسیۆنی توركیا دژ بە پەكەكە لە قەندیل قسەی نەكردووە، بەڵام تورجان نووسەرەكەی "مۆنیتۆر" پێی وایە ئۆپراسیۆنەكە بە ئاگاداری ئەمەریكایە و ئەمەریكییەكان رەزامەندیان لەسەر هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا داوە بۆ لێدان لە پێگە و بارەگاكانی پەكەكە لە قەندیل.

عێراق و ئێران توركیا لە نیوەی رێگا بەجێدێڵن؟
لە 17ی ئەم مانگە، جارێكی تر رەجەب تەیب ئەردۆغان داوای لە "هاوڕێیان"ی كرد،  لەگەڵ توركیا بەشداری لە هێرشكردنە سەر قەندیل بكەن. ئەو گرەو لەسەر هاوكاری ئێران دەكات بۆ لێدان لە پێگە و بارەگاكانی پەكەكە لە قەندیل، بەڵام تا ئێستە ئێران وەك پێویست بەدەم داواكاری توركیا نەهاتووە.

سەرۆكی توركیا رای گەیاند كە ئەو پرسەیان لەگەڵ حەسەن رووحانی سەرۆكی ئێران باس كردووە و رێككەوتوون لەسەر پاراستنی دۆخی تەناهی ناوچەكە،  گوتی "ئەگەر ئەوان خۆیان پێ دۆستی توركیایە با ئەوەی لەسەر شانیانە ئەنجامی بدەن، ئەگەر نەیكەن، ئێمە خۆمان ئەنجامی دەدەین".

بەگوێرەی ماڵپەڕی "مۆنیتۆر" نورەدین جانیكی وەزیری بەرگری توركیا ئاشكرای كرد كە توركیا پرسی ئۆپراسیۆنێكی هاوبەشی خستووەتە بەردەم بەرپرسانی ئێران.

بەڵام بەگوێرەی میدیاكانی توركیا بێت تا ئێستە ئێران وەڵامی داواكارییەكەی ئەنكەرەی نەداوەتەوە، ئەمبرین زەمان نووسەر لە "مۆنیتۆر" و توێژەر لە سیاسەتی گشتی لە بەرنامەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناوەندی ویڵسۆن، دەڵێ توركیا 30 كم2 چووەتە ناو خاكی عێراق بەلای چیای هەڵگورد لە باكوری قەندیل، بەڵام هێشتا پڕۆسە گەورەكە دەستی پێ نەكردووە كە هێرشێكی زەمینی گەورەیە بۆ سەر چیای قەندیل، بەڵام پێدەچێ سەختی چیایەكە رێگر بێت لەبەردەم خێرایی پڕۆسەكە، گوتی "بەشێكی پڕۆسەكە پێوەندیدارە بە هەڵبژاردنی 24ی حوزەیرانی توركیا".

هاوكات مەتین تورجان نووسەر لە "مۆنیتۆر" دەڵێ ئەنكەرە پێویستی بە پاڵپشتیی تاران هەیە لەو ئۆپراسیۆنە، تەنانەت پێویستی بە بەغدا و هەولێریش هەیە، بۆیە چاوەڕێی ئۆپراسیۆنێكی سێ قۆڵی توركی ئێرانی عێراقی دەكات بە بەشداری زیاتر لە 30 هەزار سەرباز وەك شەڕێكی گەورە بۆ ماوەی لایەنی كەم ساڵێك، گوتی "ئەنكەرە ئەگەر ئەوە نەكات ئەوا لەو ئۆپراسیۆنە هیچ دەستكەوتێكی نابێت".

زیاتر گوتی "بیرمان نەچێت زیاتر لە جارێك ئێران رای گەیاندووە كە نیەتی نییە بەشداری لەو ئۆپراسیۆنە بكات، بۆیە پشتگیری ئێران كە توركیا گرەوی لەسەر دەكات دوورە لە روودانی ئەگەرچی بەرپرسانی توركیا بە هیواوە چاوەڕوانی لێ دەكەن".

پێوەند بە عێراق، ئەگەرچی پێش دەستپێكی ئۆپراسیۆنەكە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەكدا لە 21ی ئاداری 2018، دەستوەردانی سەربازی توركیای بۆ سەر خاكی عێراق رەت كردەوە، بەڵام پێ ناچێت دۆخی عێراق لەو ئاستەدا بێت بتوانێت رێگری بكات. بەڵام ئەگەری هەیە خۆی بدزێتەوە لە ئۆپراسیۆنی هاوبەش كە بەرپرسانی توركیا قسەی لەسەر دەكەن و گرەوی لەسەر دەكەن.

پەكەكە دەڵێ چی؟
دوای راگەیاندنی ئۆپراسیۆنەكە و رۆژێك دوای هەڕەشەی ئەردۆغان لە چوونیان بۆ شنگال، پەكەكە زوو لە شنگال كشایەوە و رادەستی سوپای عێراقی كرد، ئەمەیش بەپێی بەیاننامەیەكیان كە لە 23ی ئاداری رابردوو بڵاو كرایەوە، ماڵپەری "ئیلاف" ئاماژەی پێ داوە.

ماڵپەڕی "رۆژ نیوز"ی نزیك لە پەكەكە، لێدوانێكی موراد قەرەیلان ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی كرێكارانی كوردستان، پەكەكەی بڵاو كردووەتەوە، دەڵێ ئەردۆغان هێرش بۆ سەر قەندیل وەك پروپاگەندەی هەڵبژاردن بەكاردێنێت، ئەگەر شەرەفی هەیە با بێت بۆ قەندیل، بێشەرەفە ئەگەر نەیەت.

گوتی "هاتن بۆ قەندیل كارێكی ئاسان نییە، ئەزمونی ٣٥ ساڵەمان ئەم ڕاستییە خستووەتە ڕوو، بۆیە هێرش بۆسەر قەندیل ڕێگا بۆ شەڕێك دەكاتەوە، كە دەرچوون لێی ئاسان نییە".

قەرەیلان رەتی كردەوە پەكەكە قەندیلی چۆڵ كردبێت، گوتی "قەندیل مێژووی كوردستانە و ئەمڕۆ قەڵای بەرخودانە، ئەوانەی دەیانەوێت بزانن ئێستا دۆخی قەندیل چۆنە فەرموون با بێن.

قەرەیلان زیاتر گوتی، نورەدین جانكلی، وەزیریی بەرگریی دەوڵەتی تورك بە ئاژانسی هەواڵی ئانادۆڵی گوتووە، چوونمان بۆ عێراق وەك جاران نەماوە، جاران دەچووین و  پاشان دەگەڕاینەوە، بەڵام ئێستا دەچین و لەوێ دەمێنینەوە، ئەوان دەیانەوێت باشووری كوردستان داگیر بكەن، سێ ساڵە ئەو نیازەیان هەیە، بێدەنگی هێزەكانی باشووری كوردستان بەواتای پشتگیریكردنی ئەو پیلانەیە بۆ داگیركاری.

ئامارەكانی شەڕی سێ مانگی رابردوو
نورەدین جانكلی وەزیری ناوەخۆی توركیا شەمووی رابردوو رای گەیاند ئۆپراسیۆنی قەندیل بەردەوامی هەیە و تا ئێستە 500 گەریلای پەكەكە "كوژراون".

لە بەیاننامەیەكدا كە "بەغداد یەوم" بڵاوی كردووەتەوە، دەڵێ ئەوەی لەسەر سوپای توركیا پێویست بێت بۆ لەناوبردنی پەكەكە ئەنجامی دەدات، دووپاتیشی كردەوە كە ئۆپراسیۆنەكە بەردەوامی دەبێت.

هاوكات بیناڵی یڵدرم، سەرۆك وەزیرانی توركیا رای گەیاند كە سوپای وڵاتەكە بە قوڵایی 30كم2، كە دەكاتە 300 كیلۆمەتر چوارگۆشە چووەتە ناو خاكی عێراق، سوپاش نزیك بووەتەوە لە چوونە قەندیل و مەخموور و شنگال.

هاوكات میدیاكانی نزیك لە پەكەكە، رۆژانە هەواڵی كوژرانی سەربازانی سوپای  توركیا بڵاو دەكەنەوە، بە گوێرەی هەواڵ و ژمارەكانی ئەوان بێت ئەوا زیاتر لە 500 سەربازی تورك كوژراون و لە نوێترین هەواڵی "رۆژنیوز" لە چەند چالاكییەكی پەكەكەدا، 35 سەربازی تورك كوژراون.




وشە - فه‌رمان سادق