كەرەوزێكی ژەهراوی لە بازاڕ بڵاو بووەتەوە

:: PM:01:54:24/06/2018 ‌
بڕێكی زۆری سەوزەی كەرەوزی ژەهراوی لە بازاڕی شارەدێی بلێی سەر بە دەڤەری بارزان بڵاو بووەتەوە و مەترسی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست دەكات، هاووڵاتییەكیش دووپات لەوە دەكاتەوە، كە ئەوە یەكەمجارە ئەمجۆرە كەرەوزە لە ناوچەكە بڵاو ببێتەوە.

ئەنوەر هوستانی هاووڵاتییەكی سەنتەری شارەدێی بلێی سەر بە شارۆكەی مێرگەسۆری دەڤەری بارزانە و بۆ "وشە" گوتی، ئەمڕۆ چوومە بازاڕی بلێ بۆ كڕینی سەوزە و میوە و خواردەمەنی، لەگەڵ ئەوانەدا جۆرە كەرەوزێكم كڕی، دوای ئەوەی بردمە ماڵەوە و لە نزیكەوە سەیرم كرد، زیندەوەری وردی سپی لەسەر كەرەوزەكە بوونی هەبوو، پاش ئەوەی بە زوومی كامێراكەم سەیرم كردەوە، بۆم دەركەوت جۆرە كرمێكی سپی لەسەر كەرەوزەكەیە و ژمارەیەكی زۆر هێلكەی داناوە، بۆیە بڕیارم دا كەرەوزەكە بەكار نەهێنم، چونكە دڵنیا بووم لەوەی زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت.

ئاماژەی دا، بەردەوام كەرەوز لە هەولێر و ئاكرێ بۆ سنوورەكەمان دێ، بەڵام ئەوەی من لەو جۆرە كەرەوزە بەدیم كردووە، لە هی كوردستان ناچێ و ڕەنگە بە شێوەیەكی نایاسایی لە دەرەوە هێنرابێتە كوردستان.

ئەمیر مستەفا بەڕێوەبەری كۆگای كشتوكاڵ لە شارەدێی بلێ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، تا ئێستە زانیاریمان پێ نەگەیشتووە كە كەرەوزێكی لەم چەشنە لە بازاڕ بڵاو بووبێتەوە، ئێمە بەدواداچوون دەكەین، بەڵام وەك ئەوەی باسی لێ دەكەیت، پێویستە مرۆڤ دوور بكەوێتەوە لە خواردن، چونكە زیانی زۆر بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت و لە ڕێی قاچاخەوە هێنراوەتە كوردستان.

بارزان/نەوزاد هلۆری.











وشە - باز ئه‌حمه‌د