كاتی دابەشكردنی مووچەی مانگی چوار ئاشكرا دەبێت

:: AM:10:44:26/06/2018 ‌
بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوو وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خشتەیەكی نوێی مووچە بڵاو بكاتەوە و گۆڕانكاریش لە خشتەكە كراوە.

ئەمڕۆ سێشەم 26ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دراون بە "وشە"، سەرەتای مانگی داهاتوو وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لیستی مووچەی مانگی چواری فەرمانبەران  بڵاو دەكاتەوە.

لە زانیارییەكاندا هاتووە، گۆڕانكاری لە لیستی مووچەی فەرمانبەران كراوە و وەزارەتی پێشمەرگە هاتووەتە پێشەوە و لیستی مووچەی فەرمانبەرانی تر وەك خۆی دەمێنێتەوە و لەكاتی خۆیدا دابەش دەكرێت.

وەزارەتی داریی بەپێی ئەو خشتەیە دەڕوات كە لە مانگەكانی پێشوو مووچەی پێ‌ بڵاو كردووەتەوە و لە 10 ڕۆژی سەرەتای مانگی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.

دوای ڕێككەوتنێكی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق ئێستە كاتی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ئاسایی بووەتەوە و لە كاتی خۆیدا دابەش دەكرێت و سەرەتای هەموو مانگێك تا 20 مانگ مووچەی تەواوی دامەزراوەكان دابەش دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد