سەعاتەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی زیاتر دەكرێ

:: PM:03:47:27/06/2018 ‌
بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی دابەشكردنی كارەبای هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، سەرەتای مانگی داهاتوو خشتەی نوێی پێدانی كارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتییان بڵاو دەكرێتەوە و هەوڵ هەیە كە سەعاتەكانی پێدانی كارەبا زیاتر بكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 27ی حوزەیران، ئومێد ئەحمەد بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی دابەشكردنی كارەبای هەرێمی كوردستان بە "وشە" ڕاگەیاند، سەرەتای هەموو مانگێك خشتەی نوێی پێدانی كارەبانی نیشتمانی ڕادەگەیەنرێت و گفتوگۆ لە نێوان ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی كارەبا هەیە كە سەعاتەكانی پێدانی كارەبا زیاتر بكرێ.

زیاتر گوتی، ئێستە ڕۆژنە زیاتر لە 12 سەعات كارەبا دەدرێتە هاووڵاتییان و كۆتای ئەم مانگەیش بەرنامەی نوێی پێدانی سەعاتەكانی كارەبا بۆ مانگی داهاتوو بە هاووڵاتییان دیاری دەكرێت .

بەرپرسەكەی وەزارەتی كارەبا ڕوونی كردەوە كە وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئێستە خاوەنی دوو هەزار و 700 میگەوات كارەبایە، بەڵام بەهۆی هاتنی وەرزی گەرما خواستی هاووڵاتییان لەسەر كارەبا زیاتر دەبێت، بۆیە ئەگەر حكوومەت هاوكاری بێت دەتوانین پێدانی كارەبا زیاتر بكەین.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم





وشە - سه‌رخێڵ هاشم