دایكێك منداڵەكەی دەسووتێنێت

:: AM:11:56:04/07/2018 ‌
پۆلیسی میرنشینی شاریقەی سەر بە میرنشینە یەكگرتووەكانی ئیمارات، ژنێكی بە تۆمەتی سووتاندنی پەنجەی منداڵە بچووكەكەی لە ڕێی جگەرەوە، خستنە گرتووخانەوە.

میدیاكان بڵاویان كردەوە، ژنێك بە تۆمەتی پەراوێزخستن و كاری دوژمنكارانە دژی منداڵەكەی و سووتاندنی پەنجە و دەستی بە جگەرە، لەلایەن پۆلیسەوە گیراوە و خراوەتە گرتووخانەوە، ئێستەیش منداڵەكە لە بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی منداڵان سەرپەرشتی دەكرێ، باوكی منداڵەكەیش هەفتەی تەنیا دوو جار بۆی هەیە سەردانی بكات و بیبینێت.

ڕۆژێك باوكی دەگەڕێتەوە ماڵەوە دەبینێت كە ژنەكەی دەستی منداڵەكەی سووتاندووە، بۆیە بە پەلە دەیگەیەنێتە نزیكترین نەخۆشخانە بۆ ئەوەی چارەسەری پێویستی بۆ بكرێ، بە پۆلیسیشی ڕاگەیاند كە ژنەكەی بەرپرسە لە سووتاندنی پەنجەی منداڵەكەی، بۆیە پۆلیس دەستبەجێ چوونە ماڵەوە و ژنەكەیان گرت، ئێستەیش دۆسیەی لێكۆڵینەوەی لەسەر كراوەتەوە و چاوەڕوانی بڕیاری دادگا لەسەر دایكی منداڵەكە دەكرێ لەلایەن دادوەرەوە دەربكرێت.

لە ئیمارات یاسای توند دژی پێشێلكردنی مافەكانی منداڵ هەیە و هەر دایك و باوكێك مامەڵەی نەشیاو لەگەڵ منداڵەكانیان بكەن، ئەوا سزای قورس دەدرێن و دادگایی دەكرێن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د