ڕەزازی و غوڵامی و تارا ڕەسووڵ بەیەكەوە گۆرانی دەڵێن

:: PM:01:08:09/07/2018 ‌
گۆرانیبێژانی ناسراوی كورد ناسری ڕەزازی، نەجمەدینی غوڵامی، تارا ڕەسووڵ و ئاریان كەریم كار بۆ گۆرانییەكی نوێ لە كوردستان و لە دەرەوەی وڵات دەكەن، جگە لەو بەرهەمە تارا ڕەسووڵ كار بۆ گۆرانییەكی تر دەكات.

ئەمڕۆ هونەرمەند سالار عەبدوڵا كە كاری ئاواز و موزیكی بۆ ئەو دوو بەرهەمە كردووە، بە "وشە"ی راگەیاند: ئێستە خاتوونە گۆرانیبێژ تارا ڕەسووڵ لە سویدەوە بەسەردانێك گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان و بەیەكەوە كار بۆ دوو گۆرانی نوێ دەكەین، "هەڵەبجەی جاران" ناوی یەكەم گۆرانییە و لە تێكستی دیار هەڵەبجەیی"یە، گوتنی هەریەك لە گۆرانیبێژان ناسری ڕەزازی و نەجمەدینی غوڵامی و ئاریان كەریم و تارا ڕەسووڵە. هەروەها لەگەڵ تارا پڕۆڤەمان كرد لەسەر بەرهەمێكی نوێ كە ئاواز و موزیكم بۆ داناوە، ئەو بەرهەمە لە سوید لەلایەن هونەرمەند شاد میر كاری دەنگ و میكس و ماسترینگی بۆ دەكرێت.

زیاتر گوتی، بەرهەمی دووەمی تارا بریتییە لە گۆرانییەكی تایبەت بەخاتوو تارا ڕەسووڵ كە گۆرانییەكی منداڵانە بەناوی "گۆرانی مناڵ"، ئەو بەرهەمە لە تێكستی عەلی حەمەڕەشید بەرزنجییە و موزیكی لە سلێمانی ئەنجام دەدرێت.

گۆرانیبێژان ناسری ڕەزازی و نەجمەدینی غوڵامی بەگۆرانیبێژانی شار و شاخ ناسراون و خاوەن دەنگ و گوێگری زۆر تایبەتن، خاوەن چەندان بەرهەمی ناوازەن. گۆرانیبێژان ئاریان كەریم و تارا ڕەسووڵ گۆرانی بۆ خۆشەویستی و نیشتمان دەڵێن و خاوەنی چەندان بەرهەمن.

هەولێر/ شاخەوان شێخانی



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د