داعش مووسڵ داگیر دەكاتەوە

:: PM:04:38:09/07/2018 ‌

سەرۆكی تیرەیەكی هۆزی شمەر لە پارێزگای نەینەوا پەیامێكی بە پەلە ئاراستەی عەبادی دەكات و دووپات لەوە دەكاتەوە، كە تیرۆریستان هاوشێوەی 2014 لە بەعاج كۆبوونەتەوە و دووبارە مەترسی كەوتنی مووسڵ بە هەمان سیناریۆی 2014 لە ئارادایە.

شێخ ئەحمەد مەدلوول جەربا یەكێك لە شێخەكانی هۆزی شمەر لە پارێزگای نەینەوا بە ڕۆژنامەی شەرق ئەوسەتی ڕاگەیاند، شارۆكە و ناوچەكانی ڕۆژئاوای پارێزگای مووسڵ بە تایبەت شارۆكەی بەعاج و گوندەكانی دەوروبەری، لە دۆخێكی نائارامدان و تیرۆریستان جموجۆڵی چڕیان لەو ناوچەیە هەیە.

زیاتر گوتی، ناوچەی جزیرە و سنووری نێوان عێراق و سووریا بووەتە ناوچەیەكی تەواو ئارام بۆ تیرۆریستان زۆر بە ئاسانی هاتوچۆی لێ دەكەین و بە هیچ شێوەیەك لە ژێر دەستی هێزەكانی عێراق نییە.

جەربا داوا لە حەیدەر عەبادی دەكات، بە پەلە هێزی تەواو ڕەوانەی ناوچەكە بكات، بۆ ئەوەی سنوور كۆنتڕۆڵ بكەن و ناوچەكە بە تەواوی لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە، بە پێچەوانەوە مەترسی هەیە بە هەمان سیناریۆی 2014 جارێكی تر مووسڵ و ناوچەكانی تر بكەونەوە دەست تیرۆریستانی داعش.

ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، ئێستە لە تەواوی ناوچەكانی پارێزگای نەینەوا كردەی كوشتن و ڕفاندن و توندوتیژی بەردەوامی هەیە و دۆخی پارێزگاكە بە هیچ شێوەیەك ئارام نییە، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە نۆی كانوونی یەكەم/دیسێمبەری 2017 كۆتایی داعشی لە عێراق ڕاگەیاند.



وشە - باز ئه‌حمه‌د