بووك و زاوایەك لە كاتی ئاهەنگی هاوسەرگیری لە پاركێكی ئەمەریكا، درەختێك بەسەریان دەكەوێتە خوارەوە، گرتەی ڤیدیۆی ساتی كەوتنە خوارەوەی دارەكە، بە تەواوی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی تەنیوە و كاردانەوەی زۆری لێ كەوتووەتەوە.
لە گرتە ڤیدیۆكە دەردەكەوێ، شایان و لۆكاس كوبیشكا كە لە شاری فریدونیای ویلایەتی نیویۆركی ئەمەریكا نیشتەجێن، لە پاركی سەوزی شارەكە، ئاهەنگی هاوسەرگیرییان ئەنجام داوە، بەڵام لەوكاتەی ئاهەنگەكە دەستی پێ كردووە و ئەوان دانیشتوون، درەختێكی پاركەكە بەسەریاندا بەردەبێتەوە.
بەهۆی ئەم ڕووداوە ئاهەنگەكەیان بوو بە كارەسات و ئامادەبووان ڕایان كرد، لە چركەساتی كۆتایی ئەگەر بووك و زاوایش ڕایان نەكردایە، ئەوا دەبووە هۆی گیان لەدەستدان یان زامداربوونی هەردووكیان، بەڵام كاتێك دەنگی شكانی دارەكەیان بیستووە ئامادەبووان سەرەتا و دواتریش بووك و زاوا بە ئاگا هاتوون و ڕایان كردووە.
فریدریك ئیرناندیس وێنەگری ئاهەنگەكە، گرتە ڤیدیۆی ساتی كەوتنی دارەكەی بەسەر بووك و زاواكە لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاو كردەوە و بینەرێكی یەكجار زۆری هەبووە و خەڵكی بە كۆمێنتەكانیان هیوا دەخوازن ئەو بووك و زاوایە ژیانێكی ئارام و ئاسوودەیان هەبێ و سوپاسگوزاری بۆ ڕزگاربوونیان لەو كارەساتە دەردەبڕن.