یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ئاشكرای كرد، سبەی یاریزانێكی نوێ دەگاتە هەرێمی كەتەلۆنیا و بەفەرمی پەیوەندی بە یانەكەیانەوە دەكات.
ماڵپەڕی یانەی بەرشەلۆنە بڵاوی كردەوە: سبەی چوارەشەم ئارسەر میلۆ یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی گریمیۆی بەڕازیلی دەگاتە شاری بەرشەلۆنە بەمەبەستی تەواوكردنی كارەكانی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەكە.
یانەكە زانیارییەكانی گرێبەستەكەشی لەگەڵ میلۆ ئاشكرا كرد كە بۆ ماوەی 6 ساڵە بە بەهای 31 ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ 9 ملیۆن یۆرۆی تر وەك پاداشت، هەروەها مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەش برێتی دەبێت لە 400 ملیۆن یۆرۆ.
لای خۆیەوە رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی كەتەلۆنی ئاشكرای كرد: میلۆی تەمەن 21 ساڵ سبەی چوارشەم دەگاتە شاری بەرشەلۆنە و دووسبەی پێنجشەم یانەكە لەنێو یاریگەی كامپ نوو بەدەزگاكانی راگەیاندنی دەناسێنێ.
میلۆ بۆ وەرزی داهاتوو شوێنی ئەندرێس ئینێستای كاپتن و پاولینیۆی بەڕازیلی لە هێڵی ناوەڕاستی یانەی بەرشەلۆنە دەگرێتەوە.