بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەولێر ئاشكرای كرد، ئەو هاووڵاتییەی تووشی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون بووبوو، چاك بووەتەوە و ئەمڕۆ ڕەوانەی ماڵەوە دەكرێت.
ئەمڕۆ سێشەم 10ـی تەمووز/ یۆلیۆ، فاخیر كرمانجی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو نەخۆشەی لە سنووری سۆران بۆ نەخۆشخانەی هەولێری فێركاری هاتبوو كە دووچاری ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون بووبوو، ئەمڕۆ چارەسەری تەواوەتی بۆ كراوە و ڕەوانەی ماڵەوە دەكرێت.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستی هەولێر گوتی، نەخۆشەكە لەژێر چاودێری چڕ بوو تا چارەسەری كۆتایی بۆ كراوە، دوای پشكنینی ورد و دڵنیابوونەوە لێی ئینجا ڕەوانەی ماڵەوە كرا.
كرمانجی زیاتر گوتی، تەنیا ئەو حاڵەتە بوونی هەبووە و كەسی تر لە سنووری هەولێر تووشی ڤایرۆسی تای خوێنەبەربوون نەبووە.
ڕۆژی 30ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، نەخۆشێك گەیەنراوەتە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی سۆران و گومانی هەڵگری ڤایرۆسێكی كوشندەی لێ كراوە و بۆ ماوەیەكیش نەخۆشخانەكەیان داخستووە.
لە ڕاگەیەنراوێكی نەخۆشخانەی ئاشتی سۆران هاتووە، دوای ئەوەی نەخۆشێك گەیەنرایە نەخۆشخانەكەمان، دوای گرتنەبەری رێوشوێنی پزیشكی و پشكنینەكان و مانەوەی بۆ ماوەیەك لە نەخۆشخانە، گومان كرا هەڵگری جۆرە ڤایرۆسێك بێت، نەخۆشەكەمان رەوانەی نەخۆشخانەیەكی شاری هەولێر كرد.