گەنجێك بەهۆی بۆمبی حەشدی شەعبی بووە قوربانی
بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو لە سەنتەری شارەدیێ گرعوزێری سەر بە شارۆكەی شنگال گەنجێكی ئێزدی كوژرا. چالاكوانێكی ئێزدی رای گەیاند، گەنجەكە بەهۆی زۆری بۆمبی چێنراوی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بووەتە قوربانی.
ئەمڕۆ سێشەم 10ی تەمووز/ یۆلیۆ، باسم شنگالی چالاكوانی ئێزدی بە "وشە"ی راگەیاند، لە شارەدیێ گرعوزێری سەر بە شارۆكەی شنگال بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو لە ژێر خانوویەك گەنجێك بووەتە قوربانی.
زیاتر گوتی، گەنجەكە ناوی عەلی مورادە و تەمەنی 27 ساڵە، بە مەبەستی چەند كارێك سەردانی خانووەكەی خۆی كردووە لە گرعوزێر، بەڵام بەهۆی دەستەڵاتی حەشدی شەعبی تا ئێستە ناوچەكە پاك نەكراوەتەوە و رۆژ لە دوای ڕۆژ خانووە مین رێژكراوەكان بە خەڵكی ناوچەكە دەتەقنەوە.
ڕوونیشی كردەوە كە سیاسەتی میلیشیاكانی حەشد شەعبی و باڵادەستبوونیان لە ناوچەكە هۆكارە بۆ ئەوەی خەڵكی ناوچەكە ببنە قوربانی مین و تەقەمەنییە چێنراوەكان.
حەشدی شەعبی لەدوای 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو ئەو ناوچانەیان داگیر كردوو بەهۆی ئەوانەوە نەتوانراوە ئەو سنوورە لە مین و تەقەمەنی پاك بكرێتەوە.
دهۆك/ نەوزاد هلۆری
وشە -
سهرخێڵ هاشم