هاووڵاتیانی كۆریا هێشتا نازانن فڕەنسا گەیشتۆتە یاریی كۆتایی مۆندیال

:: AM:10:05:11/07/2018 ‌

ماڵپەڕێكی بەناوبانگی وڵاتی كۆریای باكور دوێنێ سێشەم بڵاوی كردەوە كە تا ئێستا لە مۆندیالی 2018ی رووسیا 49 یاریی بەڕێوەچووە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ كە هاووڵاتیانی وڵاتەكە تا ئێستا لە قۆناغی كۆمەڵەكانی پاڵەوانیەتییەكەن لە كاتێكدایە كە دوێنێ یاریی یەكەمی قۆناغی پێش كۆتایی پاڵەوانیەتییەكە بەڕێوە چوو و هەڵبژاردەی فڕەنسا گەیشتە یاریی كۆتایی.

ماڵپەڕی (نۆرت كۆریا تێك) دوێنێ سێشەم 49مین یاریی مۆندیالی 2018ی رووسیای نمایش كرد لە كاتێكدا تەنیا لە قۆناغی كۆمەڵەكانی پاڵەوانیەتییەكەدا ئەو ژمارە یارییە ئەنجامدران.

ماڵپەڕی (نۆرت كۆریا تێك) بەشێوەی تۆماركراو یارییەكانی مۆندیال نمایش دەكات بێ ئەوەی رێكەوتی بەڕێوەچوونی یارییەكان بخاتەڕوو، جگە لەوەش لە كاتی نمایشكردنی یارییەكاندا دەستكارییەكی تەواوی یارییەكە دەكات بەشێوەیەك كە لە هەندێ یارییدا هاووڵاتیان تەنیا 70 خولەك یاری دەبینن.

حكوومەتی كۆریای باكور بەهیچ شێوەیەك یارییەكانی هاوسێكەی كۆریای باشوور بۆ هاووڵاتیانی نمایش ناكات كە ئەو هەڵبژاردەیە نەیتوانی قۆناغی كۆمەڵەكانی مۆندیال تێپەڕێنێ.

بەگوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەكانیش هەوادارانی تۆپی پێی كۆریای باكور دوایین هاووڵاتیانی جیهان دەبن یارییەكانی مۆندیال دەبینن كە رۆژێك دوای بەڕێوەچوونی یارییەكان لە تەلەفزیۆنی فەرمی وڵاتەكەوە بەدەستكارییەوە پێشكەش دەكرێ.

واتە هاووڵاتیانی كۆریای باكور تا ئێستا نازانن هەڵبژاردەی فڕەنسا گەیشتۆتە یاریی كۆتای مۆندیال و هێشتا یارییەكەی نێوان هەڵبژاردەی فڕەنسا و بەلجیكایان لە قۆناغی پێش كۆتایی پاڵەوانیەتیەكە نەبینیوە كە شەوی رابردوو سەعات 9ی شەو بەكاتی كوردستان بەڕێوەچوو.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م