زانیارییەكان لەسەر یارییەكەی ئەمڕۆی نێوان ئینگلتەڕا و كڕواتیا

:: AM:10:25:11/07/2018 ‌

هەوادارانی تۆپی پێ لەسەرتاسەری جیهان ئەمڕۆ چوارشەم بەتاسەوە چاوەڕێی دەكەن دوای هەڵبژاردەی فڕەنسا كامە هەڵبژاردەی تر دەگاتە یاریی كۆتایی مۆندیالی 2018ی رووسیا.

وادەی بەڕێوەچوونی یارییەكە

ئەمڕۆ چوارشەم سەعات 9ی شەو بەكاتی كوردستان هەردوو هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا و كڕواتیا لە قۆناغی پێش كۆتایی مۆندیالی 2018ی رووسیا رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.

یاریگەی یارییەكە

یارییەكە لەنێو یاریگەی لۆژنیكی ئۆڵەمپی لە شاری مۆسكۆی پایەتەختی رووسیا بەڕێوە دەچێت.

ناوبژیوانانی یارییەكە

یارییەكە لەلایەن دەستەیەك لە ناوبژیوانی توركی بەسەركردایەتی جونێت شاكیر بەڕێوە دەچێت.

دوایین یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەكە

ماوەیەكی زۆرە هەردوو هەڵبژاردەكە بەیەكەوە یارییان نەكردووە، دوایین یاری نێوانیشیان لە پاڵاوتنی مۆندیالی 2010ی ئەفریقیای باشوور بوو كە تێیدا هەڵبژادەی ئینگلتەڕا لەنێو یاریگەی وێمبڵی لە شاری لەندەنی پایەتەخت بە ئەنجامێكی گەورە و 5-1 گۆڵ سەركەوتنی بەدەستهێنابوو.

گرینگترین ئەستێركانی یارییەكە

لە ریزی هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا چەندان ئەستێرە یاریی دەكەن لەوانەش هاری كینی هێرشبەر و كاپتن، رەحیم ستێرلینگ، جیسی لینگارد، دەیلی ئالی، ئاشلی یۆنگ، جۆن ستۆنز و هاری ماگوایەر، ئەستێرەكانی هەڵبژاردەی كڕواتیاش برێتین لە لوكا مۆدریچی كاپتن، ماریۆ ماندزۆكیچ، ئیڤان راكتیچ و ئیڤان پیریسیچ.

یاریی كۆتایی مۆندیال

كامە هەڵبژاردە لە یارییەكەی ئەمڕۆدا سەركەوتن بەدەست بێنێ، رۆژی یەكشەمی داهاتوو لە یاریی كۆتایی مۆندیالی 2018ی رووسیادا هەر لە هەمان یاریگەدا لە شاری مۆسكۆی پایەتەختی رووسیا رووبەڕووی هەڵبژاردەی فڕەنسا دەبێتەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م