هەشت بنكەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە هەڵەبجە كرایەوە

:: AM:11:28:11/07/2018 ‌
لقی هەڵەبجەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، بنكەكانی تۆماری دەنگدەران لە هەڵەبجە زیاد كراوە و داوا لە هاووڵاتییان دەكەین سەردانی بكەن.

ئەمڕۆ چوارشەم 11ـی تەمووز/ یۆلیۆ، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بەرپرسی لقی هەڵەبجەی كۆمسیۆنی بالای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، ئێستە بنكەكانی تۆماری دەنگدەران لە هەڵەبجە زیاد كراوە و لە پێنج بنكە كراوەتە هەشت بنكە، بۆیە داواكارین لە خەڵكی هەڵەبجە سەردانی ئەو بنكانە بكەن بۆ دڵنیابوونەوە لە ناوەكانیان.

ئاماژەیان دا، بەهۆی تۆمارێكی نوێی دەنگدان كە تا ئێستە هەرێمی كوردستان تۆماری دەنگەرانی نەبووە و ئێستە بووەتە خاوەنی تۆمارێكی تایبەت بەخۆی و بۆ جیاكردنەوەی شوێنی هاووڵاتییان كۆمەڵێك ناو لابراوە، بۆیە پێویستە سەردانی ئەو بنكانە بكەن.

ڕۆژی هەشتی ئایار/مایۆ، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە مەرسوومێك ڕۆژی 30 ئەیلوول/سێپتێمبەری بۆ ئەنجامدانی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری كرد و كۆمیسیۆنیش دەستی بە ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە كردووە، پەرلەمانی كوردستان لە 111 كورسی پێك دێ، 11 كورسی بۆ پێكهاتە نەتەوەیییەكانی كوردستان دیاری كراوە و لە 19ی ئایار/مایۆی 1992 هەڵبژاردنی خولی یەكەم ئەنجام درا، لە 2005 و 2009 و 2013 خولی دووەم و سێیەم و چوارەمی پەرلەمان هاتنە هەڵبژاردن.



وشە - رامیار جەواد