هۆی مردنی ئاژەڵ و پەلەوەری كوردستان ئالیكی بیانییە

:: AM:11:39:11/07/2018 ‌
پێدانی ئالیك (عەلەف) یەكێكە لە هۆكارەكانی خێرا گەورەكردنی پەلەوەر و ئاژەڵ و دووركەوتنەوە لە كۆمەڵێك نەخۆشی، بەڵام ئەوەی لە بازاڕەكانی كوردستان بەرچاو دەكەوێت، بوونی كۆمەڵێك ئالیكن كە كڕیار سەری لێ دەشێوێ كامەی باشە و كامەی خراپ. 
بەپێی بەدواداچوونی "وشە" بەشێك لەو ئالیكەی لە بازاڕەكانی كوردستان ساغ دەكرێنەوە لەلایەن فرۆشیار خۆیەوە دێنە بەرهەمهێنان.
سادق حەمەد كە خەریكی كڕینی ئالیك بوو لە هەولێر بۆ ئاژەڵەكانی و بەگوتەی خۆی چوار تۆنی كڕیوە، بۆ هەر تۆنێك بڕی 700 هەزار دیناری خەرج كردووە. ئەو دەڵێ "ئەو ئالیكە لە هەفتەیەكدا تەنیا ڕۆژێك بە ئاژەڵەكانی دەدات، چونكە ئێستە شیری دایكانە بە بەچكەكان دەدرێ زیاتر".
سادق بۆ "وشە" گوتی، "ئاژەڵەكان كاتێك ئەو ئالیكە دەخۆن، توانای دروستبوونی ئەندامەكانی لەش و گەشەیان زیاتر دەبێت". بەڵام دووپاتیشی دەكاتەوە كە "كێشەیەكی گەورە هەیە لە كوردستان ئەویش ئەوەیە تا ئێستە ئالیكی ئاژەڵی تازە لە دایكبوومان نییە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لەشی ئاژەڵ خۆی دروستی نەكات".
ئەو مەڕدارە بەو خەرجییانەیشەوە نەیتوانیوە نەخۆشییەكانی ئاژەڵەكانی بنبڕ بكات و وەك خۆی ئاماژەی بۆ كرد "چەندان جار ئاژەڵم مردووە پزیشك دەڵێ هۆكارەكەی نەبوونی پڕۆتینی پێویست بووە".
مزەفەر حاجی ساڵح خاوەنی كارگەیەكی بەرهەمهێنانی ئالیك لە سەیدسادق /باشووری رۆژهەڵاتی سلێمانی/ بۆ "وشە" ئەوە دەخاتە ڕوو كە ئالیكی ناوخۆ ڕاستە هەندێك گرانترە لە ئالیكی وڵاتانی تر، جۆرەكەی باشترە. دووپاتی كردەوە "ئالیكی ناوخۆ لە كۆمەڵیك مادەی خۆراكی پێك دێن كە بە پێكهێنەری سەرەكی هەموو خانە و شانە و ئەندام و هۆرمۆنەكانی لەشی ئاژەڵ و پەلەوەری گۆشتی دادەنرێن".
ئەو خاوەن كارگەیە ئاشكرای دەكات كە چەندان ساڵە ئالیكی ئەوان لەسەر ئاستی كوردستان یەكەمی هێناوە. خۆی دەڵێ "ئەگەر دۆخی عێراق بەو شێوەیە نەبووایە، دەمانتوانی ئالیك بۆ تەواوی عێراق دابین بكەین بۆ بەرەوپێشبردنی كارگەكە و رەخساندنی هەلیكاری زیاتریش بەسوود بوو".
مزەفەر گوتی، ئەگەر كڕیاری بەردەوام هەبێت 30 تۆن بەرهەمی ڕۆژانەمان دەبێت، هەروەها بەشێكی زۆری ئالیكەكەمان لە پشكنینی جۆری دەردەچێت و كێشەمان نییە. بەڵام ئەوەش ناشارێتەوە كە كڕیاری كورد بڕوای بە ئالیكی ناوخۆ نییە و زۆرتر پشت بە بەرهەمی دەرەوە دەبەستێ.
ڕەمەزان كەریم بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵی كوردستان، باس لەوە دەكات كە دوو جۆر ئالیك لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان هەن، ئالیكی بەرهەمهێنراوی ناوخۆیی و ئالیكی وڵاتانی ئێران و توركیا.
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ بۆ "وشە" گوتی، ئالیكی ناوخۆ زۆر باشترە لە ئالیكی دەرەوە، چونكە بەشێكی زۆری كارگەكان جگە لەوەی ئێمە پشكنینیان بۆ دەكەین، لەهەمانكاتدا خۆشیان تاقیگەی پشكنینیان هەیە و مەبەستیانە كوالیتی بەرهەمەكەیان بەرز بێ.
ڕەمەزان وردەكاری زیاتری لەبارەی هەردوو جۆری ئالیك خستە ڕوو ئاماژەی دا، "ئەو بەرهەمەی هەیە لە بازاڕ و ئامادەیە بۆ بەكارهێنان هاوردەی ئێران و توركیایە، ئەوەیشی لە ناوخۆ بەرهەم دێت كەرەستە خاوەكەی لە بەڕازیل و ئەرجەنتین و چەند وڵاتێكی ترەوە هاوردە دەكرێ.
زەكەریا خۆشناو پزیشكی ڤێتەرنەری، بۆ "وشە" روونی كردەوە كە سوودەكانی ئالیكی ناوخۆ زۆر زیاترە بۆ پەلەوەر و ئاژەڵ، بەڵام جووتیار دركی پێ ناكەن، بۆیە پێویستە بەڕێوەبەری كێڵگەی پەلەوەر لەناو ئالیكدا پڕۆتین رەچاو بكات بەڕێژەی گونجاو بۆ ئەوەی باڕۆكە تووشی كێشە نەبێت و جموجۆڵی باش بێت، ئەوەش لە ئالیكی ناوخۆیدا خۆی رەچاو كراوە و پێویست ناكات تێی بكرێت، بەڵام لە ئالیكی دەرەوەدا نییە.
ئەو پزیشكە دەڵێ، زیادكردن یان كەمیی ڕێژەی پڕۆتین لە خۆراكدا، دەبێتە هۆی چەند كێشەیەك لەناو لەشی ئاژەڵ، لەوانە دابەزینی توانای گۆڕینی خۆراك و وەستانی گەشە و لاوازبوون، لە ئاژەڵی گۆشتیدا، هاوكات دەبێتە هۆی دەرنەكردنی پەڕ لە پەلەوەر و گەشەی پێست.



وشە - رامیار جەواد