بڕیاری كۆتایی لەسەر ماتۆڕسكیلەكان درا

:: PM:12:25:11/07/2018 ‌
قایمقامیەتی قەزای ناوەندی سلێمانی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ، بڕیاری كۆتایی لەسەر ماتۆڕسكیل دەركرد و دەست بەسەر تەواوی ماتۆڕسكیلەكان دەگیرێت كە پێشتر ئاگەدار كرابوونەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 11ـی تەمووز/ یۆلیۆ، لە ڕاگەیەنراوێكی قایمقامیەتی سلێمانی هاتووە، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەكان و قایمقامیەت چەند بڕیارێك درا، داخستنی تەواوی ئەو پێشانگایانەی ماتۆڕسكیل كە مۆڵەتی كاركردنیان نییە و دەست بەسەرداگرتنی تەواوی ئەو ماتۆڕسكیلانەی كە پێشتر چەند جارێك ئاگەدار كرابوونەوە و هیچ سەرەتایەكیان نییە، ئەوەش بە هاوبەشی لەگەل ئیدارەی قەزا‌ و ناحییەكاندا.

لە بەشێكی ڕاگەیەنراوەكە هاتووە، بەپێی نووسراوی وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی، رێكاری پێویست لەگەڵ ئەو ماتۆڕسكیلانەدا بگرێتە بەر كە لە گۆڕەپانی دەست بەسەرداگرتندان و مامەڵەی یاسایی لەگەڵ ئەو ماتۆڕسكیلانەی كە سەرەتایان هەیە، بەڵام دەبنە هۆی پیسكردنی ژینگە و بێزاركردنی هاووڵاتییان.

ئاماژەیان داوە، بڕیار درا بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی رێوشوێنی توند لەگەڵ ئەو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرانەدا بكات كە دووكەڵی زۆر دەكەن یان بەهۆی رژانی نەوت و گازەوە شەقامەكان پیس دەكەن، بۆ ئەوەش لەكاتی تازەكردنەوەی ساڵانەی ئۆتۆمبێلەكاندا دووپات لە مەرجەكانی توندوتۆڵی بكاتەوە و بە هاوبەشی بەڕێوبەرایەتی ژینگەی سلێمانی سزای توندی ئەو ئۆتۆمبێلانە بدات كە دەبنە هۆی تێكدانی ژینگە.

لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەكە هاتووە، لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی هاتووەتە راسپاردن لەگەڵ هێزە تەناهییەكاندا كاری پێویست و بەپەلە بكات بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانە.



وشە - رامیار جەواد