چەكدارانی داعش بە زرێپۆشەوە دەگەڕێنەوە عێراق

:: AM:09:43:12/07/2018 ‌
ڕۆژنامەیەكی بەریتانی ئاشكرای كرد، بە هەزاران چەكدار و خۆكوژانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لە عێراق و سووریا و وڵاتی تریش بەرەو شارەدێی هەجینی ڕۆژهەڵاتی سووریا و نزیك لە سنوورەكانی عێراق ڕۆیشتوون و دەیانەوێ دوا پێگە و پایتەختی داعش بپارێزن و ڕێ لە كەوتنی بگرن.

ڕۆژنامەی "ئیندپێندت"ی بەریتانی لە ڕاپۆرتێكدا نووسیویەتی، سەدان لە خۆكوژان و چوار هەزار چەكداری داعش خۆیان ئامادە دەكەن بۆ بەرگریكردن لە شارەدێی هەجین، ئەم شارەدێیە دوا وێستگە و پێگەی داعشە لە عێراق و سووریا، ئەمەیش لە كاتێكدایە دوو ساڵ پێش ئێستە داعش ڕووبەری وڵاتێكی هێندەی بەریتانیای لە ژێردەستدا بوو.

ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، زۆرێك لەو هێزانەی شەڕی داعش دەكەن، لە هەموو لایەكەوە گەمارۆی تیرۆریستانیان لە هەجین داوە، كە لە ڕۆژهەڵاتییەوە ڕووباری یەرمووكی پارێزگای دێرزوور هەیە و بەگوێرەی زانیارییەكانیش بەشێك لە تیرۆریستان لە ڕێی ڕووبارەكەوە هەڵاتوون و خۆیان گەیاندووەتە ناوچەكانی ژێر دەستی هێزەكانی كورد.

لە بەشێكی تری ڕاپۆرتەكە هاتووە، بەرپرسێكی داعش بە خەڵكی شارەدێی هەجینی ڕاگەیاندووە، كە 200 منداڵی خۆكوژمان هەیە كە بە نەوەكانی هەجین ناسراون، هاوكات 35 هەزار خەڵكی مەدەنی تا ئێستەیش لە شارەدێكە ماون و چوار هەزار چەكداری داعشیشی لێیە، سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، تیرۆریستان دەستیان بە لێدانی خەندەق كردووە، تا خۆیان لە بۆردمانی فڕۆكەكان بپارێزن.

هێما بۆ ئەوەیش كراوە، كە بەشێك لە تیرۆریستان كە ژمارەیان یەكجار زۆرە و زرێپۆش و ژمارەیەكی زۆر بەندكراویان پێ بووە، چوونەتە عێراق.

ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لە دوای تێكشاندنی قاعیدە لە عێراق و كوشتنی ئەبو موسعەب زەرقاوی، زۆرینەی چەكدارەكانی ڕوویان لە سووریا كرد، پاش هەڵگیرسانی خۆپێشاندانەكان و شەڕ و ئاڵۆزی سووریا لە 2011 دەستیان بە چالاكی كرد و توانییان سێیەكی سووریا كۆنتڕۆڵ بكەن، دواتر ڕوویان لە عێراق كرد و پارێزگاكانی مووسڵ و ئەنبار و سەڵاحەدینیان گرت، لەگەڵ بەشێكی بەغدا و كەركووك و دیالە.

لە ئاب/ئۆگستسی 2014 بە سەرپەرشتی ئەمەریكا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش ڕاگەیەنرا، لە مانگی ئەیلوولی هەمان ساڵ كۆبوونەوەی هاوپەیمانییەكە بە بەشداری 62 وڵات ئەنجام درا، هەموو وڵاتەكان بە ناردنی فڕۆكەی جەنگی و چەك بۆ هێزە شەڕكەرەكانی دژ بە داعش و مەشق و كەلوپەلی مرۆیی و تەندروستی بەشداری هاوپەیمانیەتییەكەیان كرد.



وشە - باز ئه‌حمه‌د