لەسەر گردێك چوار كەس بریندار بوون

:: AM:11:57:12/07/2018 ‌

دوو بنەماڵەی كومەڵگەی گربیشی سەر بە شارەدێی دینارتە لە سنووری شارۆكەی ئاكرێ، لەسەر خاوەندارێتی گردێكی بەرز دەبێتە شەڕیان و بەو هۆیەشەوە‌ چوار كەس بریندار بوون و یەكێك لە بریندارەكانیش پۆلیسە.

شایەتحاڵێك لە كۆمەڵگەی گربیش كە نەیویست ناوەكەی ئاشكرا بكرێت بە "وشە"ی راگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ، شەڕ لە نێوان دوو بنەماڵەی كومەڵگەكە درێژەی هەبوو و بەوهۆیەشەوە چوار كەس بریندار بوون.

شەڕەكە لەسەر گردێك بووە بەناوی گردی دێوا كە گردێكی كەمێك بەرزە و دەكەوێتە لێواری كومەڵگاكە و چەكی دەمانچە و تفەنگیان بەكار هێناوە.

بە گوتەی شایەتحاڵەكە‌ شەڕەكە لەلایەن پۆلیسەوە كونترۆڵ كراوە، بەڵام تا ئێستە هەردوولا لە هەوڵی ئەوەدان جارێكی تر شەڕ بكەن.

هەریەك لەو دوو بنەماڵەیە گردەكە بە موڵكی خۆیان دەزانن. گردەكە بە‌ كەڵكی رەز و باغ و نیشتەجێبوون نایەت و پێشتر بنكە و بارەگای شۆڕش و پێشمەرگە بووە و چەندان شەڕیش لە نێوان حكوومەتی عێراق پێشمەرگە كراوە. گردەكە بەرزە و شوێنێكی خۆشە و دەكەوێتە شوێنێكی ستراتیجی كۆمەڵگەكە.

كۆمەڵگەی گربیش لە ساڵانی حەفتاكان بە شێوەی زۆرەملێ لەلایەن رژێمی بەعسەوە بە دووری 10كم لە  رۆژئاوای شارەدیێ دینارتە دروست كراوە و زیاتر لە 400 خێزانی ناوچە جیاوازەكانی ئاكرێ و دینارتە و دەوروبەری تێدا نیشتەجێ كراوە.

دهۆك/نەوزاد هلۆری




وشە - سلێمان تاشان