سەركردەیەكی سوننەكانی عێراق ڕای گەیاند، بڕیاری پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق لەلایەن وڵاتانی عەرەبی و بیانی دەدرێ، نەك بە بڕیاری عێراقی و بەوشێوەیە بەر لە هەڵبژاردن لایەنەكان بانگەشەیان بۆ دەكرد.
موتەشەر سامەڕایی لە لێدوانێكی بۆ پێگەی "
بغداد الیوم" ڕای گەیاند، دەستوەردانی دەرەكی ئامادەیە و بە بەهێزی كاریگەری لەسەر دۆخی ناوخۆی عێراق هەیە، بەهیچ شێوەیەكیش ناتوانرێ بنەبڕ بكرێ، چونكە لە ناوخۆ یەكگرتوو نین و بەرەیەكی نیشتمانی بوونی نییە، بۆ ڕەتكردنەوەی ئەو دەستوەردانانە.
هێمای بۆ ئەوەیش كرد، بڕیاری پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بە هیچ شێوەیەك عێراقی نابێ، هەریەك لە توركیا و ئێران و ئەمەریكا و سعوودیە و وڵاتانی تری عەرەبی و بیانی دەستیان دەبێ لە ڕاگەیاندنی كات و چۆنیەتیی پێكهێنانی حكوومەتی تازە لە وڵات.
ئاماژەی دا، عێراق پێویستی بە ئیرادەیەكی نیشتمانی و كەسایەتی ناحزبی و دوور لە وابەستەبوون بە وڵاتانی دەرەكی هەیە، كەسانی نیشتمانپەروەر دەتوانن نەخشەی سیاسی و پرۆسەی سیاسی داهاتووی عێراق بگۆڕن.
ئەو قسانەی سەركرده سوننییەكە لە كاتێكدایە پێشتر زۆربەی سەركردەكانی شیعە و سوننەی عێراق دووپاتیان لەوە كردووەتەوە كە بە هیچ شێوەیەك ڕێ نادەن دەستی دەرەكی بڕیار لەسەر دۆخی ناوخۆی عێراق بدات، بەڵام لەلایەكەوە باس لە كاریگەری سعوودیە بەسەر سەدر و هەوڵی ئێران بۆ پشتیوانی فەتح و مالیكی دەكرێ، هاوكات توركیا و قەتەڕیش سوننەكان یەكدەخەنەوە.