بەنگین رێكانی: شیعە سێ كاندیدی بۆ سەرۆك وەزیران دەبێ

:: PM:08:35:18/07/2018 ‌
بەنگین رێكانی ئەندامی شاندی دانوستكاری پارتی دەڵێ، نزیكین لەوەی لەگەڵ یەكێتی بۆ بەغدا بگەین بە رێككەوتن و چاوەڕێ دەكەین دوای جیاكردنەوەی دەنگەكان بەدەست، لایەنەكانی تریش وەڵامی پارتی بدەنەوە، بەڵام دووپاتی دەكاتەوە "دەبێت جیاوازی لە نێوان بەغدا و هەولێر بكەن". هاوكات لەبارەی سەردانی شاندە شیعەكان بۆ كوردستان، رێكانی گونی "یاوازییان لە بۆچوون نییە، ئەوەی هەیە كێشەی كەسییە لە نێوانیاندا، ئەوان هەمووی دروستكراوی ئێرانن و ناتوانن لە بەرنامەی ستراتیجی تاران بچنە دەر".
لەبارەی سەرۆك وەزیرانی داهاتووش گوتی "شیعەكان گۆڕانكارییان لە دەستنیشانكردنی كەسێك بە كاندید بۆ ئەو پۆستە كردووە، دەیانەوێت لە نێوان خۆیاندا لەسەر سێ كەسایەتی یان زیاتر رێك بكەون و دەیخەنە بەردەم لایەنە كوردستانییەكان و سوننەكان، تا ئەوەی دەستنیشان دەكرێت، بكرێتە كاندیدی هەمووان و هەمووانیش لە شكستی عێراق بەشدار بین".

پێوەند بە دۆخی ناوخۆی كوردستان، ئێوە و یەكێتی داوای یەكڕیزیی نیشتمانی لە لایەنەكانی تر دەكەن، بەڵام ئایا هەردوولاتان رێككەوتن یان لێك تێگەیشتن لە نێوانتان هەیە بۆ بەغدا تا داوا لەوانی تر بكەن؟
بەڵێ هەیە. گفتوگۆی رژد هەیە و نزیكین لەوەی بگەین بە رێككەوتن، دڵنیام ئەو رێككەوتنە لە وەختێكی زۆر نزیك دەكرێت. لە هەمانكاتدا داوا لە لایەنەكانی تریش دەكەین بەرانبەر بەغدا یەكڕیز بین، با بۆچوونی جیاوازمان لە كوردستان هەبێت، ئەمە كێشە نییە، چونكە چەندە یەكڕیز بین لە بەغدا هێندە زیاتر بەهێزتر دەبین و رێزیشمان زیاتر دەگیرێت، بە تایبەت كە ئەزموونی یەكڕیزی و پەرتەوازەییشمان لە بەغدا هەیە.

بە فەرمی پەیامتان داوە بەو لایەنانە؟
پارتی بە فەرمی پەیامی ناردووە بۆ هەمووان و پێوەندیشیان پێوە كراوە، بەڵام ئەوان چاوەڕوانی هەژماركردنەوەی دەنگەكان بە دەست دەكەن، بۆیە هێشتا وەڵامیان نەداوەتەوە و هیچ پەیامێكی فەرمی لەوانەوە بە ئێمە نەگەیشتووەتەوە، ئەوان زیاتر لە میدیا قسە دەكەن نەك مێزی گفتوگۆ، لەوێش موزایەدە زۆرە.

كەناڵی پێوەندی لە نێوان پارتی و ئەو لایەنانە لە ئاستی باڵا و بڕیاربەدەستە یان سەركردایەتی؟
كەناڵی پێوەندی هەیە، بەڵام لە ئاستی كەسی یەكەم نییە، بەڵكو لە ئاستی كەسی دووەم یان سێیەم و چوارەمە.

ئەو چوار لایەنە یەكڕیزی بەغدا دەبەستنەوە بە كێشەكانی ناوخۆی كوردستان، رای پارتی لەسەر ئەو بەیەك بەستنەوەیە چییە؟
چەند جارێكی تریش گوتراوە كە بەغدا پرسێكی نیشتمانییە و دەخوازین كۆدەنگی لەسەر هەبێت، بەڵام لە كوردستان ئێمە ركابەرایەتی سیاسیی یەكتر دەكەین، بۆیە ئەگەر ناكۆكیش هەبێت ئاسایییە. بەڵام كێشەی ئەو برادەرانە ئەوەیە دەیانەوێت ویستی خۆیان بسەپێنن، ئەوان دەڵێن یان دەبێت وەك ئەوەی من دەمەوێت یاخۆ گەمە ناكەم، بەڵام لە سیاسەتدا ئەوە نییە، بەڵكو دەبێت گفتوگۆ بكرێت، ناكرێ بە كەمینە ویستی خۆت لەسەر زۆرینە بسەپێنی.
پێوەند بە قۆناغەكەیش، هەڕەشەی زۆر لەسەر عێراق و كوردستانیش هەیە، دەبێت هەموومان بەرپرسیارانە قسە بكەین و پارتیش دەستی خۆی درێژ دەكات بۆ قۆناغێكی تازە لەسەر بنەمایەكی نوێ بۆ چارەسەركردنی دۆخی كوردستانیش لە یەك كاتدا بتوانین چاكسازی بكەین.

ئەوان تێگەیشتنیان بۆ پەیامی ئێوە و یەكێتی هەیە؟
كێشەی ئەوان لەكاتی هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیش ئەوەیە، بەداخەوە گوتاریان توند بووە. لەم گوتارە توندە ئەستەمە بتوانی خوێندنەوەت بۆ بۆچوونی ئەوان هەبێت، بۆیە وەك خۆیان دەڵێن چاوەڕوانی جیاكردنەوەی دەنگەكانن، ئێمەش چاوەڕێی جیاكردنەوەی دەنگەكان دەكەین، بزانین دواتر بۆچوونیان چییە، چونكە ئەوانیش هەست بە دۆخەكە و مەترسییەكە دەكەن.

لە خولی رابردووی پەرلەمان، پارتی گوتی لە پشكی خۆمان بەخشیوە بە لایەنەكانی تر، بۆ ئەم خولەش پشكی خۆی دەبەخشێت بۆ خاتری یەكڕیزی نیشتمانی؟
پارتی لە 2010 سازشی لە وەزارەتی بازرگانی بۆ یەكێتی كرد، لە 2014 سازشی لە پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان بۆ بزووتنەوەی گۆڕان بۆ خاتری پاراستنی یەكڕیزی نیشتمانی كرد، بۆ ئەم جارەش سەرۆك بارزانی دووپاتی لێ كردووەتەوە، بەڵام دەبێت پارتی سوود لە هەردوو ئەزموونی رابردوو وەربگرێت.
لەم خولەی ئێستەی پەرلەمان كە پشكی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە گۆڕانە، دوای ریفراندۆم دەیان بڕیاریان دژ بە كوردستان دەركرد، كەچی هیچ بڕیارێكی رانەگرت و دەسەڵاتیشی هەیە، بە پۆستی پارتی دژایەتی پارتی و كوردیان كرد، بۆیە ئەمجارە دەمانەوێت لەسەر بنەمایەكی دروست بێت، جارێكی تر پشكی پارتی دژی پارتی و كورد بەكار نەیەتەوە.

گوتاری یەكێتی تا ئێستە دووپاتكردنەوەیە لە پۆستی سەرۆك كۆمار، پارتی لە كۆبوونەوە لەگەڵ یەكێتی پێوەند بەو پۆستە گەیشتوونەتە رێككەوتن؟
قسە لەسەر مێز كراوە. دەبێت شتێك بۆ هەمووان روون بێت، كاتی خۆی بەپێی رێككەوتنێك ئەو پۆستە بەرانبەر بە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دراوە بە یەكێتی، ئێستە پۆستی سەرۆكی هەرێم نەماوە، تەنانەت قسە لەسەر ئەوەش كراوە لە نووسینەوەی دەستووری كوردستان ئەو پۆستە بەیەكجاری نەمێنێت، ئەگەر نەمێنێتەوە ئەوا قسەیەكی تر دەكرێت.
لەم هەفتەیەدا كۆبوونەوەیەكی تر لە نێوان پارتی و یەكێتی ئەنجام دەدرێت، رەنگە لەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتووش ئەو باسە یەكلا نەبێتەوە.

پێوەند بە بەغدا، هەردوو لایەنی شیعەتان بینیوە، بازنەی سەدر و عەبادی لەگەڵ بازنەی مالیكی و عامری، ئەوان لە چیدا جیاوازن؟
ئێمە و یەكێتی لەگەڵ لایەنە شیعییەكان لە گفتوگۆی بەردەوامداین نەك تەنیا ئەوانەی لە میدیا بڵاو دەكرێنەوە، بەڵكو كۆبوونەوەی تر هەیە لە میدیا بڵاو ناكرێتەوە.
كێشەكانی ناو ماڵی شیعە زیاتر كێشەی كەسین نەك لەسەر بەرنامە و چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی دەسەڵات لە بەغدا، وەك دەزانن ناكۆكی كەسی لە نێوان مالیكی و سەدر هەیە و ڤیتۆیان لەسەر یەكتر هەیە، حەكیم نزیك نییە لە مالیكی، دەتوانین بڵێین هاوپەیمانی نەسڕ بە سەرۆكایەتی عەبادی تێكەڵەیەكە لە روانگەی سەدرییەكان و روانگەی مالیكی، بەشێكیان دڵیان بۆ سەدر لێ دەدات و بەشەكەی تریش بۆ عامری و مالیكی.
بەڵام هەردوو لایەن تێگەیشتنیان بۆ كێشەكانی عێراق و هەولێر و بەغدا هەیە، هەندێك لەوانەی لە رابردوو دەسەڵاتیان بە دەست بوو، نەیاندەویست لە كێشەكان تێ بگەن، وا دەزانن كێشەیەكی سیاسییە و چارەسەر دەبێت، بەڵام راستییەكەی كێشەی كورد لە عێراق كێشەی ناسنامەیە كە هەوڵی چەسپاندنی فیدڕاڵیی و بەهێزكردنی هەرێمی كوردستانە، رێگرتنە لە بەكارهێنانی چەك لە كێشە سیاسییە ناوخۆیییەكان، ئەمانەمان لەگەڵیان باس كردوون بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی 15 ساڵی رابردوو.
پارتی لەگەڵ ئەوەدایە لیستی یەكگرتوو هەبێت، نەك دوای شەش مانگ هەڵوەشێتەوە و كێشەكانیش چارەسەر نەكرێن وەك لە رابردوو روویان داوە.

بۆچوونێك هەیە كە شیعەكان وەك حزب و دەستكەوتی حزبی مامەڵە لەگەڵ پارتی و یەكێتی دەكەن نەك كورد و پرسێكی نەتەوەیی، لە كۆبوونەوەكانتان چی لە دیدگەی ئەوان تێگەیشتن بۆ چارەسەری كێشەكانی كورد؟
ئەوان باش تێدەگەن كە لیستە كوردییەكانی ئۆپۆزسیۆنیش سازش لەسەر مادەی 140 و دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان ناكەین، بەڵام بۆچوونی جیاواز لە شێوە و كاتی چارەسەركردنی كێشەكان.

مادەی 140 بە كلیلی چارەسەری كێشەكان دادەنرێت، لە رابردووش جەعفەری و فەتلاوی و زۆری تریش شانازیان دەكرد كە رێگر بوونە لە جێبەجێكردنی، ئەی ئێستە ئەو لایەنانە ئامادەیییان نیشان داوە بۆ جێبەجێكردنی لە وەختێك لە حكوومەتی عەبادی لیژنەی مادەی 140 هەر نەما؟
هەردوو لایەن دەڵێن ئامادەین، بەڵام لە سیاسەتدا شەیتان لەناو وردەكاریدایە. قۆناغی یەكەمی مادەكە دەستنیشانكردنی سنووری ئیداریی كەركووك و ناوچەكانی ترە، شیعەكان گەمەكە لەوێ دەكەن و رێگری دەكەن تا نەگەین بە رێككەوتن. ئەوەیە كێشەكە كە گفتوگۆی لەسەر دەكەین بۆ ئەوەی دووبارە نەبێتەوە.

لە میدیای عەرەبیدا پارتی لە بەرەی سەدر و عەبادی و یەكێتی لە بەرەی مالیكی و عامری دەخوێنرێتەوە، ئەو دابەشبوونە چ بەهایەك بۆ هاوپەیمانی كوردستانی دەهێڵێتەوە؟
ئەوە خوێندنەوەیەكی كلاسیكە لەسەر بنەمای هێزەكانی نزیك لە ئێران و هێزەكانی دژ یان كەمتر نزیك، راستییەكەی شتی وا نییە، هەرچەند ناكۆكی لە نێوان هێزە شیعییەكان بە سەدریشەوە لەگەڵ ئێران هەبێت، ناكۆكی ستراتیجی نین، بەڵكو هەر هەموویان لە ئێران لە دایك بوونە، هیچ یەكێكیشیان لە هێڵی ستراتیجیی ئێران دەرناچێ.
ئەوەی هەیە هەوڵی هەندێك لایەنە لەسەر چۆنیەتیی هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێران و قەبارەی دەستوەردانی ئەو وڵاتە لە عێراق، رێزگرتن لە هێزە سیاسییەكانی عێراق كە تا چ ئاستێك دەتوانن بێ ئێران بڕیار وەربگرن، بۆ چی و كام ئامانج! نەك بڕینی دەستی ئێران وەك لە میدیا باس دەكرێت.
پێوەند بە كوردستانیش لە رووی مێژوویییەوە وا دەخوێنرێتەوە یەكێتی لە پارتی نزیكترە لە ئێران، بە راستی ئەمە وانییە، خوێندنەوەی پارتی بۆ دۆخەكە ئەوەیە لەناو پارتی دژایەتی ئێران و ئەمەریكا و وڵاتانی دراوسێ نەكرێت، چونكە دۆخەكە بەرگەی ئەوە ناگرێت.

ئەو لایەنەی دیدارتان لەگەڵ ئەنجام داون وەك پارتی، بۆچوونیان لەبارەی پشكی كورد لە حكوومەت لە هەموو سێكتەرەكان چییە؟
ئەوان داوایان لە ئێمە و یەكێتی كردووە لیژنەیەكی هاوبەش پێك بهێنین بۆ گفتوگۆ لەسەر هەموو ئەو كێشانەی لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە، لەسەر وردەكارییەكانیشی، تا بخرێنە بەرنامەی حكوومەت و كاتی بۆ دەستنیشان بكرێت. لە هەوڵداین لەگەڵ یەكێتی دوای گەیشتن بە رێككەوتن، ئەو لیژنەیە پێكبهێنرێت.

وەك دەیبینن، رۆژانە ناوی چەندان كەس دێن كە دەكرێنە سەرۆك وەزیر، لە رابردووش كورد جەعفەری لادا و نەیهێشت مالیكی بۆ جاری سێیەم بكرێتەوە بە سەرۆك وەزیران. پرسیارەكە ئەوەیە ئەمجارە كورد دەتوانێت ئەمە دووبارە بكاتەوە؟ یان زانیارییەكانی لای ئێوە هەن كێ دەبێت بە سەرۆك وەزیران؟
لە كۆبوونەوە قسە لەسەر هیچ كەس نەكراوە، ئەو عورفەی جارانیش گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە كە هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەكان كەسێك دەستنیشان بكەن. ئێستە ئەوان دەڵێن با كورد و سوننەش بەشدار بن لە هەڵگرتنی شكستی بەرپرسیاریەتی حكوومەت نەك تەنیا ئێمە، بۆیە بۆ سەرۆك وەزیرانی داهاتوو جۆرێك رێككەوتن هەیە لەناو شیعەكان كە دوو یان زیاتر كاندید پێشكەشی لایەنەكانی تری بكەن بۆ ئەوەی هەر لایەنە پەسندی یەكێكیان بكات، تا لە دانانی سەرۆك وەزیرانەكە هەمووان بەشدار بن و هەموو لایەنەكانیش بەرپرسیاریەتی شكستی حكوومەت هەڵگرن.
پێوەند بەو بۆچوونە شیعەكان بە نیازن زیاتر لە دوو كاندید پێشكەش بە لایەنە كوردستانییەكان و سوننەكان بكەن، بەڵام لە پێشدا خۆیان كۆدەنگ دەبن لەسەر ئەوەی هەر كامێكیان متمانەی پێ بدرێت، ئەوا بكرێت بە سەرۆك وەزیران.



وشە - فه‌رمان سادق