لە مۆبایلە نوێیەکەدا شاومی ژمارەی پێوانەیی شکاند

:: PM:04:59:19/07/2018 ‌

کۆمپانیای بەناوبانگی چینی لە نوێترین بەرهەمدا مۆبایلێکی نوێی خستە بازاڕەکانەوە کە لەڕووی گەورەیی شاشەکەی و بەهێزی پاترییەکەی ژمارەی پێوانەیی تۆمار کردووە.

بەپێی هەواڵێک کە لە ماڵپەڕی "theverge" بڵاو کراوەتەوە، باس لە نوێترین مۆبایل دەکات کە کۆمپانیای شاومی چینی دروستی کردووە و دەڵێت، مۆبایلە نوێیەکەی شاومی کە بە "Mi Max 3" ناسراوە خاوەنی گەورەترین شاشەیە کە بۆ مۆبایلی زیرەک دانراوە و قەبارەکەی دەگاتە 6.90 ئینج بە سیستەمی HD کاردەکات، جگە لەوەیش خاوەن بەهێزترین پاترییە کە تا ئێستە بۆ مۆبایلی زیرەک دروست کراوە و هێزەکەی دەگاتە 5500 میلی ئەمپێر، ئەمەیش وای کردووە ژمارەی پێوانەیی بشکێنێت لە مۆبایلە زیرەکەکان.

شاومی زیاتر لەبارەی تایبەتمەندییەکانی مۆبایلەکەی دەڵێت، "می ماکس سێ" جگە لەوەی شاشەیەکی گەورە و پاترییەکی بەهێزی هەیە، لەهەمان کاتیشدا بە پڕۆسێسەرێکی خێرا کاردەکات کە 656 هێرتزە، هەروەها ڕامی مۆبایلەکە شەش گێگابایتە لەگەڵ میمۆری ناوەکی 64 بۆ 128 گێگابایت.

شاومی یەکێکە لە کۆمپانیا بەناوبانگەکانی چین بۆ دروستکردنی ئامێری ئەلیکترۆنی و لاپتۆپ و مۆبایل، ئەو کۆمپانیایە بنکە سەرەکییەکەی دەکەوێتە شاری "بیجینگ" و لە شەشی نیسانی ساڵی 2010 دامەزراوە و یەکەم مۆبایلی زیرەکی لە ئابی 2011 دا خستە بازاڕەکانەوە و ئێستەیش یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی کە ساڵانە و مانگانە مۆبایلی خاوەن کوالێتی باش و بەهێز دەخاتە بازاڕەکانی جیهان.








وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان