ئەڵمانیا: پیاوێکی ئێرانی بە چەقۆ پەلاماری سەرنشینانی پاسێکی دا

:: PM:08:07:21/07/2018 ‌
پیاوێکی 34 ساڵانەی ئێرانی لەناو پاسێکدا هێرش دەکاتە سەر سەرنشینەکانی ئەو پاسە و بە چەقۆ ژمارەیەک هاوڵاتی ئەڵمانی بریندار دەکات و ئێستە لە لایەن پۆلیسەوە گیراوە.

ئەمڕۆ شەموو 21ی تەمووز/یۆلیۆ ئاژانسی دویچەوێلەی ئەڵمانی ئاشکرای کردووە، پیاوێکی بە رەگەز ئێرانی لە شاری لۆبکی باکووری ئەڵمانیا بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر سەرنشینانی پاسێک و زیاد لە 10 هاوڵاتی ئەڵمانی بریندار کردووە.

پۆلیسی ئەڵمانیا رای گەیاندووە، تا ئێستە هیچ بەڵگەیەکی ئەوتۆمان بەردەست نەکەوتووە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت هێرشەکە تیرۆریستی بووبێت.

زیاتر روون کراوەتەوە، ئەو تاوانبارە چەندان ساڵە مافی نیشتەجێبوونی لە ئەڵمانیا پێ دراوە و تا ئێستە روون نییە چ هۆکارێک لەپشت هێرشەکەی بووە بۆسەر هاوڵاتیانی مەدەنی لۆبک.

بەپێی کامێراکانی ناو پاسەکە دەرکەوتووە تاوانبارەکە سەرەتا هەوڵی داوە پاسەکە بە سەرنشینەکانەوە بسووتێنێت، بەڵام دوای ئەوەی شۆفێری پاسەکە ئاگرەکەی گوژاندووەتەوە، بە چەقۆ کەوتووەتە گیانی سەرنشینەکان و زیاد لە 10 کەسی بریندار کردووە.

تاوانبارەکە ناوی "عەلی"یە و لەدایکبووی ئێرانە، بەڵام لە تەمەنی شەش ساڵییەوە لەگەڵ خێزانەکەی وەک پەنابەر دەچن بۆ ئەڵمانیا، باوکی لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی ئەڵمانیا رای گەیاندووە، کوڕەکەی نەخۆشی دەرونی هەیە.

بەپێی لێدوانی پۆلیسی ئەڵمانیا، ئەو تاوانبارە لە لایەن پۆلیسەوە گیراوە و لەژێر لێکۆڵینەوەدایە بۆ ئەوەی هۆکاری هێرشەکە روون ببێتەوە.

سەرچاوە/ دویچەوێلە


وشە - هیدایه‌ت جان