"هێزی سەربازی ئەمەریکا گەیشتە ناوچەی سەوز"

:: PM:09:15:21/07/2018 ‌
دواى ئه‌وه‌ى له‌ زۆربەی پارێزگاكانى عێراق هاوڵاتیان رژانه‌ته‌ سه‌رشه‌قامه‌كان و داواى  خزمه‌تگوزارى به‌په‌له ‌و هەلی کار و چاكبونه‌وه‌ى بارى ئابورییان لە حکوومەت کرد، بەرپرسێکی سەربازی عێراق ئاشکرای دەکات، ئەمەریکا بۆ رێگری لە کودەتای سەربازی، هێزی رەوانەی بەغدا کردووە.

ئەمڕۆ شەموو 21ی تەمووز/یۆلیۆ عەقید  جه‌لال عه‌بدولكه‌ریم، ئه‌فسه‌ر له‌هێزه‌  شه‌ركه‌ره‌كانى  عێراق  له‌ حه‌بانیه‌ بۆ "وشه‌" رای گەیاند، ئه‌مریكا هێزى سه‌ربازى رەوانەی بەغدا کردووە و له‌ سه‌ربازگەى حه‌بانیەی ناوچه‌ى سەوزی ئەو شارە بڵاوەى پێكردوون. 

ئەو بەرپرسە سەربازییەی عێراق پێی وایە، ئەمەریکا ترسی ئەوەی لێ نیشتووە میلیشیا شیحەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران کودەتای سەربازی لە عێراق بکەن.

زیاتر روونی دەکاتەوە، هەڵگیرسانی شەڕی تایفی و کودەتای سەربازی لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران، دوو هۆکاری بەهێزن بۆ ئەوەی ئەمەریکا جارێکیتر هێزی سەربازی لە عێراق نیشتەجێ بکات.

"لەدوای فرەوانبوونی خۆپیشاندانەکان و گەیشتنی بە بەغدای پایتەخت، ئێران هەوڵی ئەوەی هەیە هێزێکی زۆری سەربازی بخزێنێتە ناو خاکی عێراق و بەوەیش دەتوانێت بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵی عێراق بۆ جارێکیتر بگرێتەوە دەست، ئەمەریکایش هەرگیز رێگە بە دووبارەبوونەوەی هەڵەی ساڵی 2011 ناداتەوە" جه‌لال عه‌بدولكه‌ریم وای گوت.

 لە سێیەم رۆژی خۆپیشاندانەکانی عێراق، ئەمەریکا بە فەرمی پاڵپشتی لە داواکاری خۆپیشاندەران کرد و رەوتی سەدر وەک لایەنێکی ناوخۆی شیعە پاڵپشتی لە خۆپیشاندەران و ویستەکانیان کرد، هەرچی چاودێرانی سیاسین پێیان وایە ئەو خۆپیشاندانانە سەرەتای ململانێیەکی گەورەی نێوان ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی ئێرانە و واشنتن بڕیاری داوە میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی بە تەواوەتی لە خاکی عێراق دوور بخاتەوە و رێگە نەدا چیتر تاران بڕیاری سیاسی بەغدا بگرێتە دەستەوە.

كه‌ركووك/ چیا كه‌ركوكى


وشە - هیدایه‌ت جان