ئەڵمانیا داوای دانوستان لە واشنتن و تاران دەکات

:: PM:10:46:23/07/2018 ‌
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رای دەگەیەنێت، حکوومەتی ئەڵمانیا خوازیاری ئەوەیە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و کۆتایی بە گرژییەکانی نێوانیان بهێنن.

ئەمڕۆ دووشەم 23ی ئەیلوول/یۆلیۆ ئاژانسی هەواڵی دویچەوێلەی ئەڵمانی ئاشکرای کردووە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە کۆنفرانسێکی میدیاییدا لە بەرلین رای گەیاند، ئەڵمانیا خوازیاری ئەوەیە هەردوو لایەن بچنە سەر مێزی گفتوگۆکردن بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوانیان.

زیاتر روون کراوەتەوە، پێویستە کۆماری ئیسلامی ئێران خۆ لە لێدوانی توند و هەڕەشەکردن بپارێزێت، لەبەر ئەوەی هەڕەشەی سەربازی بە هیچ ئەنجامێک ناگات.

ئەو لێدوانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لەکاتێکدایە دۆینێ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران رای گەیاند، دانوستاندن لەگەڵ ئەمەریکا هیچ ئەنجامێکی نییە و ئەوان بە هیچ شێوەیەک ئامادەی دانوستان لەگەڵ واشنتن نین .

پێشتر دۆناڵد ترەمپ لە کۆنفرانسی هێلسنکی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، بەو نزیکانە تاران پێوەندی بە واشنتنەوە دەکات و داوای دانوستان لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان دەکات.

لە ماوەی هەفتەی رابردوودا گرژییەکی کەم وێنە کەوتووەتە نێوان بەرپرسانی واشنتن و کۆماری ئیسلامی ئێران، شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ لە وەڵامی هەڕەشەکانی سەرۆک کۆماری ئێران لە تویتێکدا هۆشداری دابووە رووحانی بەوەی "هەرگیز نەکەی زمانی هەڕەشە بەرامبەر ئەمەریکا بەکار بهێنی، ئەگینا چارەنووسێکت تووشدێ کە لە مێژوودا کەم وێنە بێت، بۆیە ئاگاداربە".

سەرچاوە/ دویچەوێلە


وشە - هیدایه‌ت جان