نۆژین /١٩ ساڵ/ كچێكی كوردی كۆبانێ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به زگماك هه‌ردوو قاچی نییه، به‌ڵام عاره‌بانه‌كه‌ی كرد به گالیسكه‌ی سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر كۆسپه‌كاندا و خۆی گه‌یاند به ئه‌ڵمانیا. ئه‌و ئێسته یه‌كێكه له چیرۆكه‌كانی سه‌ركه‌وتن له دنیادا و كه‌ناڵ و میدیا جیهانییه‌كان گرنگی پێ ده‌ده‌ن.
نۆژین له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا قۆناغه‌كانی ژیان و سه‌ركه‌وتنی ده‌خاته‌ڕوو، هاوكات رای ده‌گه‌یه‌نێت كه مرۆڤ هه‌رچه‌نده قاچیشی نه‌بێ، به‌ڵام ده‌توانێ هۆی تر بدۆزێته‌وه بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر په‌یژه‌ی ژیاندا.
ژیانی نۆژین له كۆبانی چۆن بوو؟
له كۆبانێ له باڵه‌خانه‌یه‌كی پێنج نهۆمیدا ده‌ژیاین، ژیانی من زۆر ناخۆش بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی ته‌نیا ساڵی جارێك یان دووجار ده‌هاتمه ده‌ره‌وه‌ی باڵه‌خانه‌كه، چونكه مه‌سعه‌دی نه‌بوو، منیش نه‌مده‌توانی بێمه خواره‌وه و كه‌س توانای ههڵگرتنمی نه‌بوو له پێنج نهۆمه‌وه بۆ زه‌وی، بۆیه ته‌نیا دڵم به جه‌ژنی نه‌ورۆز خۆش بوو كه كاتی هاتنه ده‌ره‌وه‌ی من بوو بۆ ناو سروشت.
له‌ناو چوار دیواری باڵه‌خانه‌یه‌ك چیت ده‌كرد و ڕۆژگارت به‌چی به‌ڕێ ده‌كرد، كه‌واته نه‌تخوێندووه. پرسیار ئه‌وه‌یه چۆن فێری زمانی ئینگلیزی بووی؟
ژیانم پێكهاتبوو له سه‌یركردنی تیڤی و فیلمی دیكۆمێنتاریی و درامای ئینگلیزی، به تایبه‌ت درامای (days of our lives) ئه‌و درامایه بوو به خه‌وی من، خهوهكهیشم هاته دی، كتێبم زۆر ده‌خوێنده‌وه و هه‌میشه خه‌ریكی فێربوونی شتی تازه بووم، چانسم هه‌بوو له ماڵه‌وه خوشك و براكانم فێری خوێندن و نووسینیان كردم، من نه‌مده‌ویست هیچ كات به فیڕۆ بده‌م و هه‌رواشم كرد، له‌ڕێی خوێندنه‌وه و سه‌یركردنه‌وه توانیم ئینگلیزی زۆرباش فێر بم و تا ئاستێك ئه‌وه هه‌موو ژیانی گۆڕیم.
له‌و باڵه‌خانه دڵتهنگهدا ئه‌و هه‌موو ئومێده‌ت بۆ خۆت دروست كرد، كه‌واته هاتنی داعش چی له ژیانی تۆ گۆڕی؟
ژیانی من هه‌رچه‌نده له نێوان چوار دیوار هاوشێوه‌ی كۆتری بێ‌باڵ له ناو هێلانه ده‌ژیام، به‌ڵام هه‌ر زۆر مانادار بوو، چونكه نیشتمان و خاكی خۆم و لای خزم و كه‌س بووم، به‌ڵام داعش هه‌موو شتێكی تێك دا و ژیانم به‌هه‌موو ماناكانیه‌وه گۆڕا، ڕه‌نگه به‌خت یاوه‌ری من بووبێت بۆ مانه‌وه، به‌ڵام هه‌زارانی له‌ناو برد.
ئێمه زوو كۆبانێمان چۆڵ كرد، سه‌ره‌تای هاتن و ده‌ركه‌وتنی داعش هه‌ستم ده‌كرد ماڵه‌وه زیاتر خه‌می منیان بوو، چونكه حاڵم هی ئه‌وه نه‌بوو له ناو شه‌ڕدا به ئاره‌زوو ئه‌وان شوێنگۆڕكێ بكه‌م، بۆیه زوو ڕۆیشتین، به هه‌زار ده‌رده‌سه‌ری به قاچاخ خۆمان گه‌یانده توركیا، من له‌ناو ئۆتۆمبێلی خاڵم بووم و توند ده‌ستم به كورسییه‌كه‌مه‌وه گرتبوو، فرمێسكی چاوم نه‌ده‌وه‌ستا بۆ ئه‌و خه‌ڵكه كه ده‌مبینی به ڕاكردن له‌و ڕێ ناخۆشه‌دا ده‌ڕۆشتن به‌و سه‌رمای منی له‌ناو ئۆتۆمبێبهكهیشهوه ههڵدهلهرزاند.
له توركیا ژیانت چۆن بوو و چه‌ند مایته‌وه؟
له دایك و باوكمان جیا بووبووینه‌وه و له‌گه‌ڵ براكه‌م و دوو خوشكم بووم، له‌به‌ر من له نهۆمی یه‌كه‌می باڵه‌خانه‌یه‌ك شوقه‌یان به‌كرێ گرت، به‌ڵام جیاوازی نه‌بوو له‌گه‌ڵ نهۆمی پێنجه‌می باڵه‌خانه‌كه‌ی كۆبانێ، چونكه له‌وێ كه‌سم نه‌بوو بچمه لای، نه هیچ كوێم ده‌زانی بۆی بڕۆم، ساڵێك له‌وێ ماینه‌وه دایك و باوكمم نه‌بینی، دواجار خوشكێكم كه هه‌موو ئه‌ركی گه‌وره‌ی من له‌سه‌رشانی ئه‌وه و تا مردن قه‌رزاری باشییهكانیم، بڕیاری دا له توركیا ده‌ربچین و به‌دوای داهاتووی من و ئه‌ویش به‌دوای داهاتووی خۆی و خوێندنه‌كه‌یدا بڕوات كه ئه‌وكات قۆناغی چواری زانكۆ بوو له به‌شی فیزیا. ماڵه‌وه سه‌ره‌تا رازی نه‌بوون به بڕیاری كۆچكردنمان به‌ره‌و ئه‌وروپا، به‌ڵام ئه‌و دایك و باوكمی ڕازی كرد، له‌گه‌ل ماڵی خوشك و برا و پوور و مامم خۆمان دایه ده‌ستی قه‌ده‌ر و ٣٨ كه‌سی گه‌وره و ١١ منداڵ له‌ناو به‌له‌مێك بووین، ئه‌و عه‌سره‌ی ئێمه ده‌رچووین سێ به‌له‌می تریش رۆیشتن و هه‌رسێكیان نوقم بوون، یه‌كێكیان ئه‌و به‌له‌مه بوو كه (ئالان كوردی) تێدابوو، به‌خت هاوكار بوو ئه‌و رۆژه ته‌نیا ئێمه ده‌رچووین، به‌داخه‌وه بۆ خنكانی ئه‌وانی تر.
من تا گه‌یه‌نرامه ناو به‌له‌مه‌كه سه‌ره‌تا زۆر ناخۆش بوو، به‌هۆی ئه‌وه‌ی به دزی پۆلیسه‌وه جووڵه‌مان ده‌كرد، به تایبه‌ت كه رێ بۆ ئه‌وانه‌یش ناخۆش بوو كه به قاچی خۆیان ده‌ڕۆشتن، بۆ من هه‌رزۆر خراپتر، كه‌وتینه ڕێ و له ده‌ریا په‌ڕینه‌وه، كه‌سوكار سه‌ره‌تا وایان زانیبوو ئێمه‌یش مردووین، به‌ڵام دواتر زۆر خه‌مبار بووین كه زانیمان له‌و ڕۆژه‌دا زیاتر له 100 كه‌س بوون به خۆراكی ده‌ریا. راستییه‌كه‌ی ئه‌وان منیان هه‌ڵگرت تا ناو به‌له‌مه‌كه‌ی خۆمان، كه‌چی خۆیان نه‌گه‌یشتن.
كاتێك باسی ناو به‌له‌مه‌كه ده‌كه‌ی دڵت پڕ ده‌بێت و چاوت پڕ فرمێسك، ئه‌مه بۆ ئه‌وانه‌ی تۆیان هه‌ڵگرت مردن یان بۆ یاده‌وه‌ریی ناو ده‌ریای بێ‌باك؟
بۆ هه‌ردووكیان، چونكه ئه‌وانه‌ی مردن كورد بوون، من هه‌موو كوردێكم خۆش ده‌وێت، به‌ڵام یادگاری ناو ئاوه‌كه بۆ من زۆر تایبه‌ته، چونكه یه‌كه‌م جار بوو بچمه ناو ئاو، ئه‌وانه‌ی له‌وێ بوون نزایان ده‌كرد ده‌ترسان و ترس خه‌ریك بوو ده‌یكوشتن، به‌ڵام من ده‌مویست پێیان بڵێم هه‌ستێكی باشیان هه‌بێ ئه‌گه‌ر نووسرابێت لێره بمرین ده‌مرین، بۆیه پێویست ناكات پێش مردن له‌و ترسه گه‌وره‌یه‌دا بژین، له‌ناو ترسی ئه‌واندا من ده‌مویست هیوایه‌كی جوان دروست بكه‌م، ئاو هه‌موو گیانی ته‌ڕ كردبووم، به‌ڵام من هه‌ستم ده‌كرد هه‌وا دهمڕفێنێت و ئاویش ده‌مپارێزێت، نازانم به ڕاستی بۆ هه‌ستێكی جیاوازم هه‌بوو خۆم زۆر دڵخۆش بووم و ده‌مویست دڵخۆشی بده‌م به هه‌موویان كه له دڵه‌ڕاوكێی زۆردا ده‌ژیان.
سه‌ره‌تای یه‌كه‌م ناساندنی تۆ چۆن بوو له‌گه‌ڵ دنیای ڕاگه‌یاندن؟
كاتێك له ئاوی ئیجه په‌ڕینه‌وه، ڕێكخراوه‌كان به هانامانه‌وه هاتن و جلوبه‌رگیان پێ داین، شوێنه‌كه پڕ بوو له ڕۆژنامه‌نووس كه به‌دوای كه‌سێكدا ده‌گه‌ڕان به ئینگلیزی قسه بكات و باسی بارودۆخی ئاواره‌بوونمان و ئه‌و به‌له‌مانه‌ش بكات كه له‌و ڕۆژه‌دا هه‌مووایان نوقم بوون، له‌وكاته‌دا من قسه‌م كرد، بووه جێی سه‌رسوڕمانی هه‌مووان هه‌ر ئه‌وكات پیاوێك كه له یه‌كێك له ڕێكخراوێكی مرۆیی كاری ده‌كرد، هاته لام و چه‌ندان ڕێنوێنی پێ داین، بۆ ڕۆژی دواتر له‌ڕێی ڕیكخراوهكهی ئه‌وه‌وه من گه‌یه‌نرامه كه‌مپی "میتیلینی" له‌گه‌ڵ دوو خوشكم، شه‌و و ڕۆژێك له‌و كه‌مپه ماینه‌وه كه ته‌نیا خێوه‌ت بوو، توالێت و حه‌مامیشی نه‌بوو، ڕۆژی دواتر هه‌ر ئه‌و ڕیكخراوه بردینیان بۆ كه‌مپێكی تر له‌وێ توالێتیش هه‌بوو. له‌وێش چه‌ند ڕۆژێك ماینه‌وه و ڕۆیشتینه شوێنێكی تر.
به‌گشتیی تا گه‌یشتمه ئه‌ڵمانیا سنووری مه‌قه‌دۆنیا و سڕبیا و هه‌نگاریام بڕی كه پێنج هه‌زار و 600 كیلۆمه‌ترم به عارهبانهكهمهوه بڕی كه له نیوه‌ی گه‌شته‌كه‌دا تایه‌كانی هه‌لاهه‌لا بوو، به‌ڵام هه‌ر هه‌ڵم گرتووه، چونكه ئه‌وه مێژووی منه، به‌ڵام خوشكه‌كه‌م پاڵه‌وانی ئه‌و چیرۆكه‌یه كه من ده‌یگێڕمه‌وه و پێی ناسراوم، چونكه به هه‌زار جۆری جیاواز ده‌ستی له كورسییه‌كه‌ی من گیر ده‌كرد تا بمپارێزێت و بمگه‌یه‌نێت به شوێنێكی پارێزراو.
ئه‌و گه‌شته پڕ ماندوویه‌تییه بۆ من زۆر خۆش بوو، ده‌گه‌یشتمه هه‌ر وڵاتێك و شار و ناوچه‌یه‌ك هه‌موو زانیارییه‌كم له‌سه‌ر ده‌گوت كه پێشتر خوێندبوومه‌وه له‌سه‌ری، ناوی یاریزانه به‌ناوبانگه‌كان و ئهكتهرهكانیان، خوشكه‌كه‌م ئه‌وه‌ی زۆر به‌لاوه خۆش بوو، بۆیه من ئه‌وكاته‌ی ماندووش بووبوومایه، له‌به‌ر ئه‌و هه‌موو شتێكم له‌باره‌ی ئه‌و شوێنه ده‌گوت كه ده‌چووین، له‌لای من وه‌ك پاداشت بوو بۆ ماندبوونی.
چه‌ندان ڕاپۆرت له‌باره‌ی ژیان و ئاوارهبوونت بڵاو كرانه‌وه و ته‌نانه‌ت له ئه‌مه‌ریكا له یه‌كێك له به‌ناوبانگترین به‌رنامه‌كاندا گه‌وره‌ترین سوپرایزت بۆ كرا، ئه‌مه چۆن ڕووی دا؟
ئه‌وكاته‌ی له كه‌مپه‌كان بووم چه‌ندان كه‌ناڵی جیاجیا ده‌هاتن بۆ ئه‌وه‌ی ڕاپۆرتم له‌گه‌ڵ بكه‌ن، كه‌ناڵی (بی بی سی) سێ ڕاپۆرتی جیاوازی له شوێنی جیاواز له‌گه‌ڵ كردم، ئه‌و ڕاپۆرتانه ده‌نگدانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی هه‌بوو، هه‌ر دوای ئه‌و ڕاپۆرتانه ئیتر ده‌نگم گه‌یشته هه‌موو لایه‌ك و وای لێ هات هه‌موو كه‌ناڵه‌كانی ئه‌وروپا ڕاپۆرتیان له‌گه‌ڵ كردم، ڕۆژێك خوشكه‌كه‌م پێی گوتم سوپرایزێكم هه‌یه بۆت، وامزانی ده‌نگم له ڕاپۆرتهكانهوه گه‌یشتووه‌ته سه‌رۆك بارزانی، بۆیه دڵم خۆش بوو وامزانی پێوه‌ندی به بارزانییه‌وه هه‌یه سوپرایزه‌كه، چونكه من زۆر خۆشم ده‌وێت هه‌ر له منداڵییه‌وه، به‌ڵام خوشكه‌كه‌م گوتی دوو كه‌سی ترن ئه‌وانیشت زۆر خۆشت ده‌وێ. ئیتر زانیم "ئیج و سامی" EJ SAMI بوون ئه‌و دوو ئه‌كته‌ره‌ی من لێیانه‌وه فێری ئینگلیزی بووم. ئه‌وان خۆشه‌ویسترین دوو ئه‌كته‌ری ژیانی منن، پێشتر له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی كه ده‌زگه‌كان لێیان كردبووم چۆن فێری ئینگلیزی بووبووم، ده‌مگوت له‌ڕێی ئه‌و درامایه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌م نه‌ده‌شارده‌وه كه كۆتایی دراماكه منی زۆر دڵته‌نگ كرد، چونكه ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كی ده‌مرێ .
له به‌رنامه‌یه‌ك له ئه‌مه‌ریكا كه پێشكه‌شكاره‌كه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی ته‌واوی له‌سه‌ر ژیانی من كردبوو Last week tonight- له كۆتایی به‌رنامه‌كه‌دا ئه‌و دوو ئه‌كته‌ره‌ی بانگهێشت كردبوو، ئه‌مه زۆر كارێكی گه‌وره بوو، هه‌ر له‌وێ ئه‌وان به‌ڵێنیان پێ دام له‌به‌ر دڵتهنگییهكهی من به كۆتایی دراماكه، ئه‌و كۆتاییه بگۆڕن و دواتر سه‌ردانیان كردم و تا ئێسته‌یش پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵم هه‌یه و كۆتایی دراماكهیشیان وه‌ك ئه‌وه لێ كرد كه من ده‌مویست.
ئه‌مانه بۆ من زۆر شتی چاوه‌ڕوان نه‌كراو بوون، به‌ڵام له كاتی بینین و قسه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و كهسایهتییانهیش ده‌ركه‌وت بۆ ئه‌وانیش جۆرێك شۆك هه‌یه، چونكه زۆر سه‌رسام بوون به‌وه‌ی كچێكی وه‌ك من له‌وپه‌ڕی دنیای رۆژهه‌ڵات و وڵاتی شه‌ڕ و ئاگره‌وه، له‌وان فێری زامیان بووبم.
له‌لایه‌ن یه‌كێك له به‌ناوبانگترین نووسه‌رانی دنیا Chrisina lamb سه‌رگوزشته‌ی ژیان و ناخۆشییه‌كانی كۆچه‌كه‌ت كراوه به كتێب، دوای ئه‌وه‌ی له به‌رنامه‌كه‌ی به‌شداریت كرد، ئه‌مه چۆن بوو؟ كتێبه‌كه‌ت بۆ تۆ چی ده‌گه‌یه‌نێت؟
ئه‌و نووسه‌ره دوای ئه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌ی زانیم بانگێشتی كردم و هه‌موو به‌سه‌رهاته‌كه‌ی له زمانی خۆمه‌وه بیست، ئیتر بڕیاری دا بیكات به كتێب، بێگومان من زۆر خۆشحاڵبووم. راستییه‌كه‌ی هه‌موو شتێك مایه‌ی خۆشحاڵی بوو، به‌شداریكردنم له‌و به‌رنامه‌یه كه ته‌نیا كه‌سانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تی سه‌ركه‌وتوو به‌شداری پێ ده‌كه‌ن و چیرۆكه‌كه‌یان ده‌خه‌نه ڕوو، به‌ڵام كتێبه‌كه شتێكی جیاواز بوو، ئیتر ئه‌و كتێبه بوو به ژیانی من، خۆم و خێزانه‌كه‌یشم شانازی پێوه ده‌كه‌ین، من وه‌ك كورد هه‌میشه دڵـم به‌وه خۆشه كه توانیومه ئازاری ئاواره‌كان بگه‌یه‌نم، دوای ده‌رچوونیشی من له‌ڕێی داهاته‌كه‌یه‌وه ده‌ژیم و یارمه‌تی خه‌ڵكیشی پێ ده‌ده‌م.
دوای ئه‌وه‌ی له ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا زۆر شتی گه‌وره‌ت به‌ده‌ست هێنا، بانگهێشتكردنت بۆ كوردستان چ مانایه‌ك ده‌گه‌یه‌نێ؟
من هه‌میشه كه بانگێشت ده‌كرام بۆ هه‌ر شوێنێك له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ئاڵای كوردستان‌م له‌سه‌ر شان داده‌نا و به هه‌مووانم ده‌گوت من كوردم، به‌ڵام ئه‌مجاره بێ ئاڵا هاتم، چونكه خه‌ڵكی كوردستان خۆیان باوه‌شیان بۆ من كردووه‌ته‌وه، جیاوازییه‌كی زۆر خۆشه، ئێره هه‌ر بستێكی بۆ من هه‌موو دنیا دێنێت، هه‌موو خۆشی دنیا خاكی خۆت ناهێنێ.
كاری ئێسته‌ت له ئه‌ڵمانیا چییه؟
له‌گه‌ڵ چه‌ند ڕێكخراوێكی مرۆیی و خێرخوازی كار ده‌كه‌م، بۆ یارمه‌تی منداڵ و كه‌سانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت و ئاواره، من هه‌میشه كار له‌سه ئه‌وه ده‌كه‌م مرۆڤ ده‌توانێ خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تیش بێت و زۆر سه‌ركه‌وتوویش بێت و بگات به‌وه‌ی ده‌یه‌وێت، ڕاسته من ناتوانم له‌سه‌ر پێی خۆم بڕۆم، به‌ڵام زۆر شتی ترم هه‌یه ده‌توانم به‌هۆیانه‌وه سه‌ر بكه‌وم.