زانیاری لەسەر هەرزانكردنی نرخی بەنزین و ناردنی لەلایەن بەغداوە

:: PM:04:47:31/07/2018 ‌
بەڕێوەبەری سووتەمەنی هەولێر ڕای گەیاند، تا ئێستە دوو جار بەنزین لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان هاتووەتە ناردن و بەسەر خاوەن تاكسییەكان دابەش دەكرێت و بڕیارە دابەشكردنەكەدا بۆ ئۆتۆمبێلە تایبەتەكانیش دەست پێ بكات.

مستەفا تەها بەڕێوەبەری سووتەمەنی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، جگە لە دوو ملیۆن لیتر كە پێشتر بەغدا بۆ كوردستانی ناردبوو، ئێستە ملیۆنێك و 200 هەزار لیتری تریش وەك بەشی دووەم هاتووەتە ناردن و بەسەر تاكسییەكان دابەش دەكرێت.

زیاتر روونی كردەوە كە بەڵێن دراوە ناردنی ئەو بەنزینە بەردەوام بێت و ئەگەر بەڵێنەكە جێبەجێ بكرێت، ئەمجارە بەسەر ئۆتۆمبێلی تایبەت دابەش دەكرێت.

لە سنووری پارێزگای هەولێر لە پێنج بەنزینخانەی حكوومی بەنزینی بەغدا دابەش دەكرێت لیتری بە640 دینارە و لە بەنزینخانە ئەهلییەكانیش نرخی لیترێك بەنزین بە 725 دینارە.

لە ماوەی ڕابردوو بەغدا بڕیاری دا بەناردنی پێنج ملیۆن لیتر بەنزین بۆ هەرێمی كوردستان، دوو ملیۆن بۆ هەولێر و دوو ملیۆن بۆ سلێمانی و ملیۆنێكیش بۆ دهۆك و بڕیارەكەیش بۆ ناردنی بەنزین تەنیا بۆ یەك جار بوو.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم  



وشە - سه‌رخێڵ هاشم