گریانی سەرۆكەكان بۆ كارەسات و تەنگژەی گەلەكانیان

:: PM:12:32:01/08/2018 ‌
میلەتانی دنیا بە كێشە و گرفت و تەنگژە و كۆسپی گەورەدا تێپەڕیون و تێدەپەڕن، سەرۆك و سەركردەی بەشێك لەو میلەتانە بەردەوام باسیان لێوە دەكرێتەوە، چونكە لەگەڵ ئازاری میلەت فرمێسك لە چاویان هاتووەتە خوار و خەمی خەڵك خەمی ئەوانیش بووە.

لە زانستی دەروونناسیدا باس لەوە دەكرێ كە پیاوان زۆر بە ئەستەم دەگرین و فرمێسك لە چاویان دێتە خوارەوە، بێگومان ئەوەش شایانی باسە كە هەندێ كەس بە ئەنقەست گریان بۆ خۆیان دروست دەكەن، بەڵام هیچ گریانێكی ئەنقەست یان نواندن، بێ دروستبوونی دۆخێكی قووڵ یان پەژارەیەكی كاریگەر چ لەكاتی دیاریكراو یاخۆ رابردوو و یادەوەریدا، نایەتە بوون.

بە گەڕانەوە بۆ رابردوو، چەند سەرۆكێكی وڵاتانی دنیا هەن، سەركردایەتی گەلەكانیان وەك خزمەتكردن خستووەتە ئەستۆی خۆیان و لە كاتی ناخۆشی و نەهامەتیدا بۆیان گریاون و بە عەشق و باوەڕێكی پتەوەوە كات و هەوڵەكانیان خستووەتە گەڕ بۆ بەدیهێنانی خەونی نەتەوەكانیان. 

"وشە" لەم بەدواداچوونە رۆژنامەوانییەدا ئاماژە بە هەندێك لەو سەركردانە دەكات كە خەمی میلەت گریاندوونی و نەیانتوانیوە تەنانەت لە شوێنی گشتیشدا فرمێسك بشارنەوە.

یەكەم: باراك ئۆباما
44ـەمین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایە و رەشپێستێكی بە ڕەگەز ئەفریقییە و توانی بۆ ماوەی دوو خول سەرۆكایەتیی ئەمەریكا بكات، ئەو لە ماوەی سەرۆكایەتییەكەیدا 13 جار بە شێوەی ئاشكرا گریاوە و فرمێسك لە چاوی هاتووتە خوار.

ئۆباما لە هەشتی كانوونی دووەم/یەنایەری 2016 كاتێك پیاوێك هێرشی كردە سەر قوتابخانەیەك و كۆمەڵكوژیی ئەنجام دا، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وێڕای سەركۆنەكردنی ڕووداوەكە، فرمێسك بە چاویدا دەهاتە خوارەوە. جاری تریش بە هۆی كوشتن لە قوتابخانەكان گریاوە و بەهۆی هەڵبژاردنەوەیشی بۆ سەرۆكایەتیی، فرمێسكی شادی رشت. جیا لەوەیش لە كۆنسێرتی موزیك و لە پشت دەرگاكانیشەوە سەرچاوەكان دەڵێن، زۆر كات بۆ گرفتە مرۆیییەكان بە كوڵ گریاوە.

دووەم: جۆرج دەبلیو بۆش
پێش ئۆباما، لە پۆستی سەرۆكایەتیی ئەمەریكادا بوو، دوو جەنگی بەرپا كرد، یەكێكان دژی تاڵیبان لە ئەفغانستان و ئەوەی تریش لە عێراق دژی دكتاتۆریەتی سەدام، لەو چركەساتەی بڕیاری هێرشی بۆ سەر عێراق دا و لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بڕیارەكەی ڕاگەیاند، بۆشی كوڕ فرمێسك لە چاوانی هاتنە خوار، هەروەها جۆرج بۆشی باوكیش كاتێك سروودی نیشتمانی ئەمەریكا لە ئاهەنگ و بۆنە ڕەسمییەكان لێ دەدرا، فرمێسكی پێ نەشاردرایەوە.

سێیەم: جەمال عەبدولناسر
سەرۆكی پێشووی میسڕ بوو، لە ئەنجامی شكستی شەڕی پێنجی حوزەیرانی 1967 بەرانبەر بە ئیسرائیل، لە گوتارێكی لە بەردەم ئەنجوومەنی گەلی وڵاتەكەی لەبارەی هۆكارەكانی شكستەكە و دۆخی شەڕەكە، خۆی بۆ نەگیرا و بە خوڕ گریا، ئەمەیش كاریگەری لەسەر هەستی میسڕییەكان دروست كرد و تا ئێستەش شانازی بەو چركەساتەوە دەكەن كە سەرۆك بۆ شكستی وڵاتەكەیان چەند لە خەم و پەژارەدا بووە.

چوارەم: لو لادا سێلفا
سەرۆكی پێشووی بەرازیل بوو، بە هەژارترین سەرۆكی وڵاتانی دنیا هەژمار دەكرێ، كاتێك باسی بیرەوەرییەكانی سەردەمی هەژاری و بێ دایك و باوكیان بۆ كردووە، فرمێسكی باراندووە، كاتێكیش گوێی لە شیعری شاعیرێك گرتووە و باسی پیرۆزی خاك و وڵاتەكەی كردووە، دیسان گریاوە.

پێنجەم: مارگرێت تاتچەر
 ژنە ئاسنینەكەی بەریتانیا و یەكەم سەرۆك وەزیرانی ژن لە مێژووی ئەو وڵاتەدا، كاتێك داونینگ ستریت شوێنی مانەوەی سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی جێهێشت، گریاوە. نەك بۆ خۆشەویستی كورسی و پۆستەكەی، بەڵكو بۆ ئەو ساتانەی كە خزمەتی وڵاتەكەی كردووە و لە تەنگژەكان بە بەهێزی وەستاوەتەوە.

شەشەم: ڤلادیمێر پوتین
سەرۆكی ڕووسیای فیدراڵ، كاتێك مافیاكانی وڵاتەكەی بەردەوام خەریكی كوشتن و بڕین بوون، هەركات هەواڵی پێ گەیشتووە لەسەر تاوانی مافیاكان گریاوە و بەڵێنی داوە بە مشتێكی پۆڵایین ڕووبەڕوویان ببێتەوە، بەڵێنەكەیشی بەدی هێنا و زۆربەی مافیاكانی وڵاتەكەی ئێستە لە گرتووخانەن یان وڵاتەكەیان جێهێشتووە. 
پوتین لە كاتی سەركەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی 2012یش فرمێسكی شادی رشت كاتێك 200 هەزار لە هەوادارانی لە گۆڕەپانی مۆسكۆ كۆ بوونەوە و گوێیان لە وتاری سەركەوتنەكەی گرتبوو.

حەوتەم: پۆل هاوك
سەرۆك وەزیرانی پێشووی ئوسترالیا، لە 1983 كاتێك توانی پۆستی سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی بباتەوە لە بەردەم میدیاكاندا گریا و كاتێك ویستیان دڵنەوایی بدەنەوە، تەنیا گوتی منیش مرۆڤم و هەست و سۆزم هەیە، بۆیە وازم لێ بهێنن.

هەشتەم: مەسعوود بارزانی
دوێنێ لە ڕێوڕەسمی 35ـەمین ساڵوەگەڕی جینۆساید و ئەنفالی بارزانییەكاندا، سەرۆك بارزانی بە كوڵ فرمێسك لە چاوی دەهاتە خوارەوە و میدیاكان دیمەنەكانیان گواستەوە, دواتر دیمەنەكان تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی تەنی و خەڵكی كوردستان بۆچوونی خۆیان لەباریەوە دەربڕی و زۆرینە وا دەردەكەون كە لە ساتێكی مێژوویدان كە سەرۆك دەگری. 

بەگوێرەی بەدواداچوونێكی "وشە" سەرۆك بارزانی لەو كاتەی لە كەركووك لەگەڵ كەسوكاری پێشمەرگە دیلەكانی ژێر دەستی داعشیش كۆ بووەوە، زۆر گریاوە، كاتێك گوێی لە قسەی باوكی یەكێك لە پێشمەرگە دیلەكان بووە.

جیا لەمانە، بارزانی لە كاتی هێنانەوەی ڕووفاتی ئەنفاكراوانی گەرمیان و بارزانیەكان گریاوە، وەك خۆی ئاماژەی پێ داوە، كاتێك هەواڵی شەهیدبوونی سێ كوڕەكەی دایكە عائیشەیشی پێ گەیشتووە، زۆر دڵگران و خەمبار بووە و ئەوی كردووە بە نموونەی باڵای خۆی لە قوربانیدان بۆ خاك و پارێزگاری و بەرگریكردن لە خاك و میلەتەكەی، ئەمەیش دەرخەری ئەوەیە سەرۆك بارزانی لە خەمی خاك و خەڵكەكەیدایە و هاوشێوەی سەرۆك و ڕێبەری وڵاتانی تری دنیا بە نیگەرانی و خەمێكی قووڵەوە، خەمی خاك و میلەتەكەی خستووەتە سەر شانی خۆی و فرمێسكیان بۆ دەبارێنێت.

بەڵام هێشتا خەڵكی كوردستان چاوەڕوانن فرمێسكی شادیش لە بارزانی ببینن لە رۆژی سەربەخۆیی هەرێمەكەیاندا، كە بارزانی لە مێژووی سیاسیی خۆی و ماڵباتەكەیدا هەر هەوڵیان بۆ سەربەخۆیی بووە. لە بەرانبەردا وڵاتانی داگیركەر هەمیشە كورد و شۆڕشەكانیان سەركوت كردووە، بۆیە گریانەكانی بارزانی تا ئێستە لە كاتی خەمە قووڵەكاندا بووە، بەڵام گەل چاوەڕێی بینینی گریانی شادی ئەو رابەرە نەتەوەییەیان دەكەن.



وشە - باز ئه‌حمه‌د