ئاگر لە وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا کەوتەوە

:: PM:07:16:04/08/2018 ‌
وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبای کەرکووک ئاگری تێ بەربوو و بەهۆیەوە رێژەی پێدانی کارەبا بە هاوڵاتیان کەم دەبێتەوە و بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای ئەو پارێزگایەش راگەیاندنێک بڵاو دەکاتەوە.

ئەمرۆ شەموو چواری ئۆگستس/ئاب بەرێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای پارێزگای کەرکووک لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە، ئاگر لە وێستگەی غازی کەرکووک کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە کەرکووک 200 مێگاوات کارەبای نیشتیمانی لەدەست داوە.

زیاتر روون کراوەتەوە، سەعات چوار و 30 خولەکی ئەم ئێوارەیە ئاگر لە وێستگەی غازی کەرکووک کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە وێستگەکە بەتەواوەتی لەکار کەوتووە.

بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای کەرکووک بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هۆکاری ئاگر کەوتنەوەکە بدات رای گەیاندووە، رووداوی ئاگر کەوتنەوەکە بووەتە هۆی لەکار کەوتنی هێڵەکانی 132 و لەدەست دانی 200 مێگاوات لە تۆڕەکە.

هاوکات بەیانی ئەمڕۆ وەزارەتی کارەبای عێراقی لە بەیاننامەیەکدا رای گەیاندبوو، لە ئێوارەی دۆینێ هەینییەوە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەموو دوو جار هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا کراونەتە ئامانج و تەقە لە هێڵەکان کراوە و بەهۆیەوە پچڕاون و ئەوەیش کاریگەری هەبووە لەسەر کەمبوونەوەی کارەبای نیشتیمانی لە کەرکووک و دیالە و سەڵاحەدین.

لەدوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر و رادەستکردنی زیاتر لە 51 لە سەتی خاکی کوردستان لەلایەن گروپێکی ناو یەکێتی نیشتیمانی بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، دۆخی تەناهی کەرکووک بە تەواوەتی تێکچووە و پێکهاتەکانی ناو کەرکووک بە کورد و تورکمان و بەشێک لە عەرەبەکانەوە پێیان وایە ئەو میلیشیایانە توانای پاراستنی هاوڵاتیانی ئەو شارەیان نییە و مەترسی تیرۆر بۆسەر کەرکووک  بە رێژەیەکی بەرچاو رووی لە هەڵکشانە.


وشە - هیدایه‌ت جان