کچێکی کەلاری عەتر دروست دەکات و لە وڵاتانەوە کڕیار دێن بۆلای

:: PM:07:57:04/08/2018 ‌
جوان خانمێکی گەرمیانییە و بۆن دروست دەکات، وەک خۆی ئاماژەی پێ دەدات، لە بەغدا و ئێران و شارەکانی کوردستانەوە کڕیاری هەیە. 

جوان محەمەد تەمەنی 27 ساڵە و دانیشتووی شارۆکەی کەلارە، نزیکەی دوو ساڵە عەتر دروست دەکات و بە بۆنە خۆشەکانی سەرنجی کریارانی بۆلای خۆی راکێشاوە. 

جوان، هەتا قۆناغی 12ی ئامادەیی خوێندووە و دوای ئەوەی نمرەیەکی کەم بەدەست دەهێنێت و لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا وەرناگیرێت، هەوڵ دەدات لە ڕێگەیەکی دیکەوە تواناکانی خۆی دەربخات، وەک بوارەکانی کارکردن لە کۆمپانیا و شیعر نووسین، بەشداری کردن لە شانۆ و میوزیک و دروستکردنی ترشیات و مارکێتینگ و چەندین بواری دیکە، تاوەکو لە کۆتاییدا بڕیاری بۆن دروستکردن دەدات.

ڕۆژانە لە نۆی بەیانی بەرەو دوکانەکەی لەناو بازاڕی کەلار ملی ڕێگە دەگرێتەبەر و تا درەنگانی شەو بە عەشقەوە سەرقاڵی بۆن دروستکردن دەبێت .

جوان محەمەد لەبارەی کارەکەیەوە بۆ "وشە" دەڵێ، سەرەتا کە دەستم بە دروستکردنی بۆن کرد بەلامەوە قورس بوو، بەڵام دوای ئەوەی پێوەندیم بە کەسێکەوە کرد کە ٣٠ ساڵ لە بوارەکە کاری کردبوو، کارەکەی بۆ باسکردم و زۆر ئاسان بوو بەلامەوە، هەر زوو شارەزایم لە بۆن دروستکردندا پەیدا کرد، سەرەتا کە بۆنم دروست کرد توشی سەرئێشە و بێهێزی دەکردم، بەڵام دواتر ڕاهاتم لەگەڵی.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ئەو مەوادانەی کە لە بۆن دروستکردندا بەکاریان دەهێنم، جۆرەکانیان زۆرە و دیارترینیان بۆنی زەیتی و کحولیە کە لە بەغداوە دەیهێنم و بە تێکەڵکردنی چەند مادەیەک بۆنیان پێ دروست دەکەم و ناوی تایبەتیان لێدەنێم، ناوەکان لە ڕۆمان و چیرۆکەکان و ناوی خێزانەکان دەردەهێنم، بە پێی وەرز و تەمەن و ڕەگەز و نەخۆشی هەستیاری و ناوماڵ بۆنەکان دروست دەکەم.

نرخی بۆنەکانی جوان بە پێی جۆرەکەی و شوشەکەی دەگۆڕێت و لە هەزار دیناری عێراقیەوە تا 14 هەزار دینار و وەک خۆی دەڵێ، پێش دروستبوونی تەنگژەی دارایی بۆنی هەبووە بە 100 دۆلاری ئەمریکی فرۆشتوویەتی.

"کڕیاری ئەو بۆنانەی خۆم دروستیان دەکەم زیاترە لە بۆنە مارکەکان، کڕیارەکانم لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و شوێنە جیاجیاکانی دەرەوەی کوردستانەوە دێن وەک بەغداد و شارەکانی ئێران" جوان محەمەد وای گوت. 

دووپاتی دەکاتەوە، خێزانەکەم لە سەرەتادا کارەکەی منیان پێ خۆش نەبوو، بەڵام دواتر بۆم سەلماندن کە توانای ئەو کارەم هەیە و حەزم بۆ کارەکە هەیە، ئێستا خێزانەکەم بە تەواوەتی پاڵپشتمن.

سلێمانی/ لۆڤە محەمەد




وشە - هیدایه‌ت جان