ئاگرەکەی قەیسەری بەردەوامە و قوربانی لێ نەکەوتۆتەوە

:: PM:11:40:04/08/2018 ‌
زیاتر لە سەعاتێکە بازاڕی قەیسەری هەولێر بە هۆکارێکی نادیار لەناو ئاگردا دەسووتێت و قایمقامی هەولێر رای دەگەیەنێت، تا ئێستەیش تیمەکانی بەرگری شارستانی سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئاگرەکەن.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ "وشە" رای گەیاند، ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەری هەولێر تا ئێستەیش بەردەوامە و زیانەکانی نەزانراوە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، تا ئێستەیش تیمەکانی بەرگری شارستانی سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئاگرەکەن بۆ ئەوەی تەشەنە نەکاتە بەشەکانی تری بازاڕەکە.

لەبارەی زیانە گیانییەکانی ئەو رووداوە قایمقامی هەولێر ئاشکرای کرد، خۆشبەختانە تا ئێستە هیچ زیانێکی گیانی لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە نەکەوتۆتەوە و دواتر هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە و زیانە مادییەکانی بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکرێت.

نزیکەی ساعاتێک و 30 خولەک لەمەوبەر بازاڕی قویسەری هەولوێر بە رووی بازاڕی سیروانەوە "ئەسواق سیروان" بە هۆکارێکی نادیار کە بە پێی بۆچوونە سەرەتاییەکانی بەرگری شارستانی، پێ دەچێت شۆرتی کارەبا بێت، ئاگری گرتووە و تا ئێستەیش سەرجەم تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی هەولێر سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئاگرەکەن.


وشە - هیدایه‌ت جان