هۆكاری ئاگرەی قەیسەری هەولێر ئاشكرابوو

:: PM:12:31:05/08/2018 ‌
قایمقامی هەولێر هۆكاری ئاگرە گەورەكەی بازاڕی قەیسەری هەولێر ئاشكرا كرد و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە و ئەگەر لەلایەن كەسێكەوە هۆكار بێت، ئەوا سزا دەدرێت.

ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی ئاب، نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، تا ئێستە ئەوەی زانیومانە شۆرتی كارەبا هۆكاری ئاگرەكەیە و لێكۆڵینەوە دەستی پێ‌ كردووە و ئەگەر لەلایەن كەسێكەوە هۆكار بێت، ئەوا سزا دەدرێت.

قایمقامی هەولێر ئاشكرای كرد، قەرەبووكردنەوی هاووڵاتییان دەگەڕێتەوە بۆ كۆبوونەوەیەك كە دەكرێت تا بزانرێت هۆكاری ڕووداوەكە چییە، هەروەها هۆكارێكی یارمەتیدەر بۆ بەردەوامی ئاگرەكە بەهۆی كۆكردنەوەی زۆر لە كەلوپەل لە ڕێڕەوەكان بووە.

هاوكات شێخ كافی عەبدولقادر بەڕێوەبەری ئاگركوژێنەوەی هەولێر لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا گوتی، ئێستە ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ كراوە، لە سەعات پێنجی بەیانییەوە ئاگرەكە نەما، بەڵام بەهۆی بوونی كەلوپەلێكی زۆر لە ڕێوڕەوەكان، ئەوا ئاگرەكە سەری هەڵدەدایەوە ئەمەش كاری ئێمەی قورس كردبوو.

بەڕێوەبەری ئاگركوژێنەوەی هەولێر ئاشكرای كرد، ژمارەیەكی زۆر  لە دووكانەكان ڕزگار كراون لە سووتان، هەروەها هەرچی زیانی كارمەندانە پێنج كارمەند تووشی تەنگەنەفەسی بوون و براون بۆ نەخۆشخانە.

بازاڕی قەیسەری هەولێر دەكەوێتە ناوجەرگەی شاری هەولێر و مێژووی دروستكردنی بازاڕەكە بۆ زیاتر لە ٢٠٠ ساڵ پێش ئێستە و بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریی عوسمانی دەگەڕێتەوە، یەكێكە لە بازاڕە كۆنەكان و تا ئێستە یەكێكە لە بازاڕە گرنگەكان.



وشە - رامیار جەواد