لە سێ‌ ڕۆژ سێ‌ كرێكاری هیندی لە كوردستان گیانیان لە دەست دا

:: AM:09:04:07/08/2018 ‌
بەهۆی دوو ڕووداوی هاتوچۆ لە ماوەی سێ‌ ڕۆژدا، سێ‌ كرێكاری هیندی لە هەرێمی كوردستان مردوون، قوربانییەكانیش لە هەولێر و سلێمانی كاریان كردووە.

ئەمڕۆ سێشەم حەوتی ئاب، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكیدا هاتووە، لە كارگەی چیمەنتۆی ماس و لەكاتی كاركردندا كرێكارێكی بە ڕەگەز هیندی گیانی لە دەست دا.

لە بەشێكی ڕاگەیەنراوەكە ئاشكرا  كراوە، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس بۆ شوێنی رووداوەكە، تەرمی كرێكارەكە رەوانەی پزیشكی دادوەری لە شاری سلێمانی كرا كە ناوی (س. ڕ.)ە و تەمەنی 51 ساڵە و بە ڕەگەز هیندییە.

دوو ڕۆژی ڕابردووش لە شاری هەولێر لە ڕووداوێكی هاتوچۆ، دوو هاووڵاتیی هیندی لەسەر ماتۆڕسكیلێك خۆیان كێشا بە بارهەڵگرێك و بەو هۆیەوە هەردووكیان گیانیان لە دەست دا لە یەكێك لە شەقامەكانی شاری هەولێر كە كرێكار بوون.

بەپێی دواین ئاماری سەندیكای كرێكارانی كوردستان، لە سەرەتای ساڵی 2018 تا ئێستە 20 كرێكار لە هەرێمی كوردستان گیانیان لە دەست داوە بە هۆكاری جیاواز جیاواز.



وشە - رامیار جەواد