خۆپێشاندان پێی نایە مانگی دووەم و بەڵێنەكانی حكوومەتیش مه‌ره‌كه‌بی سەر كاغەزن

:: PM:03:18:08/08/2018 ‌
خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی هاووڵاتییان لەسەر نەبوونی خزمەتگوزارییەكان، پێی نایە مانگی دووەمی كە بەغدای پایتەخت و شارەكانی باشووری گرتووەتەوە، بەڵێنەكانی حكوومەتیش هێشتا حبری سەر كاغەزن، خۆپێشاندەرانیش داوای گۆڕینی سیستەمی سیاسی دەكەن و هێزە سیاسییەكانیش خەریكی پێكهێنانی حكوومەتی نوێن.

لە كاتێكدایە حكوومەت شكستی هێناوە بە رێی توندوتیژی هێزە تەناهییەكان دژ بە خۆپێشاندەران بڵاوە بەو خەڵكە بكات، لە میدیاكانیشەوە بە كۆ بڕیار بۆ جێبەجێكردنی خواست و داواكاری خۆپێشاندەران بڵاو دەكاتەوە، بەردەوامبوونی خۆپێشاندانەكان و پێ نایە مانگی دووەمی، دەرخەری ئەوەیە كە بەڵێنەكانی حكوومەت حبری سەر كاغەزن و هیچیان لێ سەوز نەبووە.

لە بەغدا و نۆ پارێزگاكەی باشوور كە خۆپێشاندانەكان پێی ناوەتە مانگی  دووەمی، لە زۆریان خۆپێشاندەران خێوەتیان لەسەر شەقامەكان هەڵداوە و شەوانە ناچنەوە ماڵەوە.

لە شارۆكەیەكی وەك زوبێر رۆژئاوای پارێزگای بەسڕە، شەوی رابردوو خۆپێشاندەران نەچوونەتەوە ماڵەوە بە مەبەستی گەیاندنی پەیامیان بە حكوومەت بۆ دابینكردنی هەلی كار و باشتركردنی خزمەتگوزارییە سەرەتایییەكان.

یەكێك لە خۆپێشاندەران كە قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە، دەڵێ خەڵكی بەسڕە بەڵێنیان بە بەردەوامی خۆپێشاندان دەربڕیوە تا حكوومەت تەواوی بڕیارەكانی پێوەند بە بەسڕە جێبەجێ دەكات كە خۆی لە دامەزراندنی 10 هەزار بێكار و باشتركردنی خزمەتگوزارییە سەرەتایییەكان دەبینێتەوە.

بەردەوامی خۆپێشاندانەكان لە كاتێكدایە هەفتەی رابردوو سەرۆك هۆزە عەرەبەكانی شارەكەش پشتیان لە حكوومەت كرد و بڕیاریان دا بچنە پاڵ خواستی خۆپێشاندەران.

یەكێك لەو سەرۆك هۆزانە دەڵێ پێویستی خەڵكی بەسڕە تەنیا دامەزراندنیان نییە، بۆیە داواكارییەكان لە ئاستێكی باڵادان، چونكە ئەو شارە پشكی شێری بودجەی عێراق دابین دەكات. گوتی "قۆناغی خۆپێشاندان هەروا بەردەوامی نابێت، بەڵكو بەمنزیكانە دەبێتە مانگرتنی سەرانسەری".

هەر پێوەند بە خۆپێشاندانەكان، موسەننا كە ئەمڕۆ یانزەیەمین رۆژی خۆپێشاندان تێیدا ئەنجام دەدرێت، لە كاتێكدایە حكوومەت لەم شارەدا تەواو بێدەنگی هەڵبژاردووە وەك هیچ خۆپێشاندانێك لە ئارادا نەبێت.

حوسێن كرێدی یەكێك لە خۆپێشاندەران دەڵێ، لە رۆژی خۆپێشاندانەوە تا ئێستە بینای پارێزگا چۆڵە و دەوامی تێدا ناكرێت، نەهاتوونە بە دەم خوپێشاندەرانەوە كە "داواكارییەكانیان روون و ئاشكرایە و پێویست بە زۆر بیركردنەوە ناكات بۆ وەڵامدانەوەی.

زیاتر گوتی "ئامادەكاری تەواو كراوە بۆ خۆپێشاندانێكی بەرفراوان لە رۆژی هەینی داهاتوو، چاویشمان لێ بوو بەرپرسانی حكوومەتی خۆجێی موسەننا لەگەڵ ئێمە بێنە ژێر خێوەتەكان، بەڵام دیار نەبوونیان لە گۆڕەپانەكە زۆر بە روونی پێمان دەڵێ كە ئەوانیش سوودمەندن لە گەندەڵی".

بەردەوامی خۆپێشاندانەكان لە كاتێكدایە لیژنەی ئەنجومەنی دادوەری كە سەرپەرشتیاری كۆمسیۆنی دەكەن، چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی 12ی ئایار رابگەیەنن و لیستە سیاسییەكانیش لە كۆبوونەوەكانیان بەردەوامن بۆ پێكهێنانی لیستی گەورەی پەرلەمانی و كابینەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر هەمان پێوەری حكوومەتەكانی رابردوو كە بنەماكەی تایفەگەرایییە، ئەگەرچی یەكێك لە داخوازییەكانی خۆپێشاندەران گۆڕینی سیستەمی سیاسییە.

هەر پێوەند بە خۆپێشاندانەكان، رۆژنامەیەكی ئیسرائیلی پێشبینی دەكات خۆپێشاندانەكان تا مانگی ئەیلوولی داهاتوو بەردەوامییان هەبێت و پاشان وردە وردە تووڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵك كەمتر ببێتەوە.

رۆژنامەی هائارتسی ئیسرائیلی لە راپۆرتێكیدا كە ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی ئاب/ئۆگستس بڵاوی كردووەتەوە و "سۆمەریە نیوز" كردوویەتی بە عەرەبی، دۆخی عێراق زۆر بە دژوار ناو دەبات، پێی وایە بەرزی پلەی گەرمی كە سووتێنەرە، هاوشانی نەبوونی ئاو دوو هۆكاری سەرەكی بەردەوامی خۆپێشاندانەكانن.

بەپێی راپۆرتەكە تووڕەیی كەڵەكەبووی ساڵانی رابردوو، هەروەها بەرزی پلەی گەرمی وایكردووە خۆپێشاندەران بتەقنەوە و لە ماڵەكانیان بێنە دەرەوە، چونكە لە كەشێكی وا كە پلەی گەرماكەی زۆر بەرزە ئاسان نییە خۆپێشاندەران بتوانن لە ماڵەكانیان بمێننەوە.

هائارتس دیوە ئابوورییەكەی دۆخی بەسڕەی شرۆڤە كردووە كە هەشتی مانگی تەمووزی رابردوو كڵپەی خۆپێشاندان تێیدا تەقییەوە و پاشان پارێزگاكانی تری گرتەوە تا گەیشتووە بە بەغدا، ئاماژەی بەوە داوە كە تەنیا بەسڕە 70%ی نەوتی هاوردەی عێراق دابین دەكات، نزیكەی 50 هەزار كرێكاری بیانی لە كێڵگە نەوتییەكانی بەسڕە كار دەكەن كە مووچەی هیچ یەكێكیان كەمتر نییە لە سێ هەزار دۆلار، ئەمە جگە لە هەبوونی حەوت بەندەری ئاوی لە شارەكە، كە دەبوو گوزەرانی خەڵكی بەسڕە لەوپەڕی باشیدا بووایە و خزمەتگوزاریش لەو شارە لە ئاستی پلەی یەكەمدا بووایە، بەڵام بەردەوامی خۆپێشاندانەكان دەریدەخەن كە هیچ سوودمەند نین لەو نەوتەی لەو شارە دەردەهێنرێت و دەفرۆشرێت.

هائارتس هێما بۆ هەبوونی چوار زانكۆ لە بەسڕە دەكات كە ساڵانە هەزاران قوتابی لەو زانكۆیانە دەردەچن، بەڵام دواتر شۆك دەبن كاتێك لە دامەزراوەكانی حكوومەت و كۆمپانیاكانی نەوت دانامەزرێن، دەڵێ "عێراق دەتوانێت نەك پێویستی خۆی بەڵكو پێویستی وڵاتانی تریش دابین بكات ئەگەر بەرپرسانی ملیارەها دۆلاری وڵاتەكەیان بۆ گیرفانی تایبەتی خۆیان نەبردایە".

لە راپۆرتەكەدا باسی ئەوەشكراوە كە حكوومەتی لە 2004ەوە تا ئێستە 40 ملیار دۆلاری بۆ تۆڕەكانی كارەبا و ئاو خەرج كردووە، كەچی ئەوە تەنیا لەسەر كاغەزە و ئەوەی ئاوی خواردنەوەی دەوێت دەبێت بیكڕێت، دەڵێ "چارەسەر ئەوەیە ملیاران دۆلار لە بەسڕە خەرج بكرێت بۆ هێور كردنەوەی دۆخەكە".

هائارتس لە راپۆرتەكەیدا باسی لەوەش كردووە ئەوەی ماوەتەوە چاوەڕوانكردنی هاتنی مانگی ئەیلوولە كە پلەكانی گەرما دادەبەزن، رەنگە لەگەڵیدا ئاستی تووڕەیی خەڵكیش دابەزێت.




وشە - فه‌رمان سادق