ئیزابێل
سیاسه‌تمه‌دار و هاوسه‌ری "خوان پێرۆن" سه‌رۆكی پێشووی ئه‌رژه‌نتین و خانمی یه‌كه‌می وڵاته‌كه‌یه، پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌رژه‌نتینی وه‌رگرتووه و دوای مردنی هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكایه‌تی گرتووه‌ته ده‌ست، بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ حوكمی گه‌لی ئه‌رژه‌نتینی كردووه، دواتر له‌لایه‌ن دادگای وڵاته‌كه‌یه‌وه به‌هۆی چه‌ند تۆمه‌تێكه‌وه كه خۆی نه‌یكردووه گیراوه و 20 ساڵ زیندانی كراوه.
ژیاننامه
ناوی ته‌واوی"ماریا ئێستێلا مارتیناز كارتاس دێ پێرۆن"ه، له چواری شوباتی/فێبرایه‌ری ساڵی 1931 له لاڕیۆجای پایته‌ختی ئه‌رژه‌نتین له دایك بووه، خێزانه‌كه‌ی له چینی هه‌ژاران بووه، بۆیه له پۆلی پێنچ له قوتابخانه دێته ده‌ره‌وه و له ساڵی 1950 ده‌بێته سه‌ماكه‌ری یانه‌ی شه‌وانه و ناوی "ئیزابێل"وه‌ك ناوه هونه‌رییه‌كه‌ی هه‌ڵده‌گرێت.
دوای چه‌ند ساڵێك كاركردن وه‌ك
سه‌ماكه‌ر، دواجار له كۆماری په‌نه‌مای باشووری كۆڵۆمبیا چاوی به خوان پێرۆنی ته‌مه‌ن 35 ساڵ ده‌كه‌وێت و ئاشقی ده‌بێت، جوانییه‌كه‌ی ئیزابێل سه‌رنجی پێرۆن بۆ لای خۆی ڕاده‌كێشێت، ئه‌مه‌یش وای لێ ده‌كات بیر بكاته‌وه كه ئیزابێل ده‌توانێت شوێنی ژنی دووه‌می به‌ناوی ئێڤیتا بگرێته‌وه كه له ساڵی 1952 مردبوو.
له ساڵی 1960 پێرۆن، ئیزابێل له‌گه‌ڵ خۆی ده‌بات بۆ مه‌دریدی ئیسپانیا، به‌ڵام به پێی یاسای حكوومه‌ت ڕێ پێنه‌دراو بوو سه‌رۆك كچێكی گه‌نج له‌گه‌ڵی بمێنێته‌وه بێ ئه‌وه‌ی بیخوازێت، بۆیه له 15ی نۆڤێمبه‌ری ساڵی 1961 هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ئیزابێل كرد و بووه سێیه‌م ژنی سه‌رۆك.
كاتێك پێرۆن دوور خرابووه‌وه بۆ په‌نه‌ما و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌رژه‌نتینی لێ قه‌ده‌غه كرابوو، له‌وێشدا به‌رده‌وام بوو له چالاكییه سیاسییه‌كانی بۆ وڵاته‌كه‌ی، بۆیه ئیزابێل وه‌ك هۆكارێكی گواستنه‌وه‌ی زانیاری له نێوان ئیسپانیا و ئه‌مه‌ریكای باشوور هاتوچۆی ده‌كرد.
ساڵی 1964 كاتێك ئیزابێل ده‌چێته ئه‌رژه‌نتین له‌گه‌ڵ پۆلیسی پێشووی هێزی سه‌ربازی وڵاته‌كه خۆسێ لۆپێز ڕێگا یه‌كتر ده‌ناسن، دواتر داوا له پێرۆنی هاوسه‌ری ده‌كات لۆپێز بكات به ڕاوێژكاری و له كاره سیاسییه‌كانی هاوبه‌شی پێ بكات، دواجار لۆپێز ده‌بێته هۆكاری دروستبوونی كوشتارگه‌یه‌ك و به‌رپرس بووه كوشتنی هه‌زار و 500 كه‌س له ساڵی 1970، جیا له‌وه كوده‌تای سه‌ربازی دژی ئیزابێل و ڕووخانی حكوومه‌ته‌كه‌ی به‌رپا كردووه.
له ئادار/مارسی ساڵی 1973 كاتێك ئه‌رژه‌نتین له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی نزیك ده‌بێته‌وه، پێرۆن كه‌سێك به ناوی دكتۆر هێكتۆر كامپۆرا كه ئه‌ندامی حزبه‌كه‌ی خۆی بوو به ناوی "پارتی دادوه‌ری"، كاندید كرد بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌هێز بێته‌وه له كاتێكدا كه دوور خراوه‌ته‌وه.
ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه به سه‌ركه‌وتنی كامپۆرا كۆتایی هات، بۆیه دروشمی"حكوومه‌ت بۆ كامپۆرا و هێز بۆ پێرۆن" بڵاو بووه‌وه، به‌مه‌یش ده‌سه‌ڵاتی پیرۆن به‌هێز بووه و توانی بگه‌ڕێته‌وه ئه‌رژه‌نتین و خۆی ببێته‌وه سه‌رۆك، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات ئیزابێلی هاوسه‌ری وه‌ك جێگری خۆی دامه‌زراند.
بۆ سێیه‌م جار توانی ده‌نگی دانیشتووان به‌ده‌ست بێنێت و ببێته‌وه سه‌رۆكی ئه‌رژه‌نتین، له‌و كاته‌دا تووشی نه‌خۆشی ده‌بێت و ناتوانێت حكوومه‌ت به‌ڕێوه ببات، بۆیه پۆسته‌كه‌ی به ئیزابێل ده‌دات، ئه‌و كاره‌كانی ده‌وڵه‌تی بۆ ڕاده‌په‌ڕێنێت.
ڕۆژ دوای ڕۆژ نه‌خۆشییه‌كه‌ی پێرۆن باری ته‌ندروستی تێكده‌دات و چه‌ند جارێكیش جه‌ڵته‌ی دڵ لێی ده‌دات، ئه‌مه‌یش وا ده‌كات له یه‌كی ته‌مووز/یۆلیۆی ساڵی 1974 بمرێت و ئیزابێل ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكایه‌تی بگرێته ده‌ست، به‌مه‌یش ده‌بێته یه‌كه‌م ژن له دنیا كه ناونیشانی "سه‌رۆك" هه‌ڵگرێت و به‌و ناوه بانگ بكرێت.
دوای بوونی به سه‌رۆكی ئه‌رژه‌نتین، كاری زۆری بۆ به‌ره‌وپێشبردنی وڵاته‌كه‌ی كردووه و له‌لایه‌ن گه‌لی وڵاته‌كه‌ی پشتگیری زۆری لێ كراوه، ته‌نانه‌ت گرووپه یاخیبوو و ئۆپۆزسیۆنه‌كانیش پاڵپشتی خۆیان بۆی نیشان دا و داوای یه‌كگرتنه‌وه‌ی حزبه‌كانیان لێ كرد، به‌ڵام ئه‌و ڕه‌تی كرده‌وه، بۆیه یاخیبووان ده‌ستیان كرد به ڕفاندن و كوشتنی به‌رپرس و وه‌زیرانی كابینه‌كه‌ی ئیزابێل و هه‌وڵی نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌یان دا و زیاتر له 300 كرداری كوشتن‌یان ئه‌نجام دا.
دوای 15 مانگ له ده‌ست به‌كاربوونی وه‌ك سه‌رۆك، گرووپی یاخیبووان دژی وه‌ستانه‌وه و توندوتیژی سیاسی ده‌ستی پێ كرد و هه‌ردوولا به‌رانبه‌ر یه‌ك له شه‌ڕدا بوون و جه‌نگ ده‌ستی پێ كرد، كه بووه هۆی بڕینی بانك و دزینی ئۆتۆمبێل و كه‌شتی و ڕووخاندن و تێكدانی باڵه‌خانه و ڕێستورانت و شوێنه گشتییه‌كان كه له‌لایه‌ن هێزه ته‌ناهییه‌كانی ئۆپۆزسیۆنه‌وه ئه‌نجام درا.
به‌م هۆیه‌وه زیاتر له هه‌زار و 300 خه‌ڵكی سڤیل بوونه قوربانی جه‌نگه‌كه، جگه له ئه‌نجامدانی چه‌ندان كرده‌ی تیرۆریستی و ته‌قاندنه‌وه‌ی بنكه سه‌ربازییه‌كانی وڵات و به‌رپاكردنی كوده‌تای سه‌ربازی و ڕووخانی حكوومه‌ته‌كه‌ی، به‌مه‌یش ته‌ندروستی ئیزابێل تێكده‌چێت و نه‌خۆش ده‌كه‌وێت.
جه‌نگێكی گه‌وره دژی ئیزابێل و حكوومه‌ته‌كه‌ی ئه‌نجام درا، كه زۆرینه‌ی به‌رپرس و پارێزگار و وه‌زیرانی وڵاته‌كه گیران و ون كران، ئیزابێلیش گیرا و بۆ ماوه‌ی پێنچ ساڵ ده‌ستبه‌سه‌ر كرا، دوای ئه‌وه بۆ ئیسپانیا دوور ده‌خرێته‌وه و له ساڵی 1985 واز له كاری سیاسی و به‌ڕێوه‌بردنی حزبی دادوه‌ری دێنێت و له مه‌درید ژیان به‌سه‌ر ده‌بات.
له تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری ساڵی 2006، دادگای مێندۆزای ئه‌رژه‌نتین فه‌رمانی گرتن بۆ ئیزابێل ده‌رده‌كات به تۆمه‌تی خۆ ونكردنی له كاتی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكایه‌تی و هه‌روه‌ها دیارنه‌مانی هێكتۆر ئاڵدۆ فاگێتی له 1976 و ونبوون و كوشتنی زیاتر له 600 كه‌س له حكوومه‌تكه‌ی، له 12ی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2007 له مه‌درید ده‌گیرێت و ماوه‌ی 20 ساڵ سزای زیندانی به‌سه‌ر ده‌سه‌پێنرێت.