ژنانی چه‌مچه‌ماڵ له "ماڵی چرۆ"وه ده‌ستیان به فرۆشتن و بازرگانیكردن به كاره ده‌ستییه‌كانیان كردووه، له ڕێیه‌وه ده‌توانن داهاتێكی باش بۆ خۆیان په‌یدا بكه‌ن و سوود به ده‌وروبه‌ره‌كه‌شیان بگه‌یه‌نن.
"ماڵی چرۆ" دووكان یان گه‌له‌رییه‌كی بچووكه، له لایه‌ن چرۆ مه‌سعوودی ته‌مه‌ن 22 ساڵ له 20ی شوباتی ئه‌مساڵ دروست كراوه، یه‌كه‌م جێیه له‌و شارۆكه‌یه كه ژنانی به‌هره‌مه‌ند و ده‌ستڕه‌نگینی له ده‌وری یه‌ك كۆ كردووه‌ته‌وه و یارمه‌تیده‌ر بووه بۆ ئه‌وه‌ی به كاره ده‌ستییه‌كانیان داهاتێك بۆ خۆیان په‌یدا بكه‌ن.
چرۆ مه‌سعوود دامه‌زرێنه‌ری ئه‌و ماڵه له دیمانه‌یه‌كدا به "وشه"ی گوت: "10 ژن له ماڵه‌كه‌مدا به‌رده‌وام كاره ده‌ستییه‌كانیان ده‌فرۆشن و له‌گه‌ڵم ئه‌ندامن، هه‌ر هه‌موویان خاوه‌ن بڕوانامه‌ن و دانه‌مه‌زراون، له‌به‌ر ئه‌وه لێره خه‌ریكی كارن و ڕۆژانه به بیرۆكه‌ی جیاواز و كاری جوانه‌وه دێنه ناو ماڵه‌كه".
له‌م ماڵه‌دا هه‌ر ژنێك داهاتی ڕه‌نج و تێكۆشانه‌كه‌ی بۆ خۆیه‌تی و پشكی هیچ كه‌سێكی تێدا نییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆ دروستكردنی هه‌ر پارچه‌یه‌ك، خۆیان خه‌رجییه‌كه‌ی له ئه‌ستۆ ده‌گرن و كه‌لوپه‌له‌كانیش به ویستی خۆیان یان كڕیاره‌كانیان دروست ده‌كه‌ن.
"هیچ مه‌رجێكم بۆ بوون به ئه‌ندام له ماڵه‌كه‌مدا نییه، ته‌نیا ده‌ستڕه‌نگین بن و بتوانن لێهاتوویی و تواناكانیان بۆ به‌ده‌ستهێنانی داهاتێك بۆ خۆیان به‌كار بهێنن به‌سه"، چرۆ وای گوت.
ماڵی چرۆ له‌مساڵدا و له دوای دروستبوونیان، به‌شدارییان له فێستیڤاڵی كۆلاره له شارۆكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ كردووه، كاره ده‌ستییه‌كانیان نمایش كردووه، بۆیه له پلانیاندایه كه پێش جه‌ژنی قوربانیش به‌شداریی له پێشانگایه‌ك له شاری سلێمانی بكه‌ن و كاره ده‌ستییه‌كانیان نمایش بكه‌ن، تا له ڕێی فرۆشتنی كه‌لوپه‌له‌كانیان داهاتێكیان ده‌ست بكه‌وێت و دووباره بتوانن كاره‌كانیان په‌ره پێ بده‌نه‌وه.
سلێمانی/ لۆڤه محه‌مه‌د