دوای هاتنی كۆرتوا.. ناڤاس چارەنووسی لە ریال مەدرید یەكلایی كردەوە

:: AM:10:10:09/08/2018 ‌

كایلۆر ناڤاسی گۆڵپارێزی كۆستاریكی چارەنووسی لە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی یەكلایی كردەوە.

یانەی ریال مەدرید شەوی رابردوو بەرفەرمی گرێبەستكردنی لەگەڵ تیبۆ كۆرتوای گۆڵپارێزی بەلجیكی و یانەی چێڵسی ئینگلیزی راگەیاند.

رۆژنامەكانی ئیسپانیا جەختیان كردەوە كە دوای هاتنی كۆرتوا بۆ یارییەكانی وەرزی داهاتوو شوێنی ناڤاس لە پێكهاتەی سەرەكی یانەی ریال مەدرید لەق دەبێت.

بۆ ئەم مەبەستەش رادیۆی (ئۆندا سیرۆ)ی ئیسپانی پەیوەندی بە ناڤاسەوە كرد و پرسیاری یەكلاكردنەوەی چارەنووسی لە یانەی شاهانە لێ كرد.

لە وەڵامدا ناڤاس جەختی كردەوە كە بەدڵنیاییەوە بۆ وەرزی داهاتوو لە ریزی یانەی ریال مەدرید دەمێنێتەوە.

زیاتر گوتی: تەنانەت دوای هاتنی كۆرتواش، هەڵویستی جارانم هەر دەمێنێ كە تەنیا بە مردن لە یانەی شاهانە جیا دەبمەوە.

جێی باسە ناڤاس ماوەی چوار ساڵە لە ریزی یانەی ریال مەدرید یاری دەكات و لە ساڵی 2014 لە یانەی لیڤانتی پەیوەندی بە یانەی شاهانەوە كرد.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م